رێژوان تەها
لە تاریکی سکی دایکدا، پێش زمان و کولتوور، دەنگ هەیە. بێدەنگی لەئارادا نییە، بەڵکو جیهانێکی دەوڵەمەند هەیە، لە ڕیتم و لەرزین و دەنگدانەوە. کۆرپەلە بەو شێوەیەی کە ئێمە لە بیستن تێدەگەین نابیستێت، بەڵام دەنگ ئەزموون دەکات و دونیایەکی جیاواز و تایبەتی هەیە لەگەڵ موزیکدا، کە لەم بابەتەدا بەوردی و زانستی باسیدەکەین.
ئۆرکێسترای یەکەم: جەستەی دایک
پێش ئەوەی هەر موزیکێکی دەرەکی بگاتە کۆرپەلە، سەمفۆنیایەک لە ئارادایە. جەستەی دایک یەکەم هۆڵی کۆنسێرتەکانی کۆرپەلەیە:
• لێدانی دڵی دایک ریتم دروستدەکات: دەتوانین بڵێین یەکەم میترۆنۆمی ژیانی مرۆڤە؛ کۆرپەلە بەشێکی فراوان لەنەستی لەم جێگەیەوە بونیاددەنێت.
• دەنگی دایک: یەکەم گۆرانییەکانە کە کۆرپەلە دەچێتە نەستییەوە؛ باشترین گۆرانیبێژی کۆرپەلە دایکییەتی، خۆشترین دەنگەکانیش، هەرئەوانەن کە لەدایکییەوە دەیبیستێت. ئارامکەرەوە و بونیادنەر و هێزی راستەقینەی کۆرپەلە، ئەو هەست و وشانەیە کە دایکی دەریدەبڕێت.
ئەم ئۆرکێسترایە ناوخۆییە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی نییە و دیزاینێکی مەزن و بێوێنەی خودایە، بۆ ئافراندنی مرۆڤ. ئەم ئۆرکێسترا مەزنە کە جەستەی دایکە، سەرەتاییترین چوارچێوەکان لە نەستی کۆرپەلەدا بۆ تێگەیشتن لە ڕیتم پێکدەهێنێت، کە دواتر دەبێتە بنەمایەک بۆ موزیک و زمان و ڕێکخستنی هەست و سۆزەکان.
کۆرپەلە کەی دەست بە بیستن دەکات؟
سیستەمی بیستن وردە وردە گەشە دەکات:
لە دەوروبەری ١٦-١٨ هەفتە: پێکهاتەکانی ناوەوەی گوێ دەست دەکەن بە دروستبوون.
لە دەوروبەری ٢٣-٢٥ هەفتە: کۆرپەلە دەتوانێت لەرزین و دەنگی فرێکوێنسی نزم دەستنیشان بکات.
لە دەوروبەری ٢٨-٣٠ هەفتە: کۆرپەلە بە شێوەیەکی باشتر بیستنی دەرەکی ئەزمووندەکات.
بەڵام ئەوەی دەگاتە کۆرپەلە، ئەو دەنگە ڕوونە نییە کە دەیبیستین. منداڵدان وەک فلتەرێکی دەنگی سروشتی کاردەکات و فریکوێنسییەکان دەگۆڕدرێن. موزیک هەر لەسەرەتای درووستبوونەوە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بونیادنان و گەشەکردنی کۆرپەلە دەبێت، لەڕووی جەستەیی و عەقڵی و نەستییەوە.
بەم شێوەیە کۆرپەلە ئەزموونی موزیک دەکات، سەرەتا وەک لەرزین، پاشان تۆن، چوارچێوە و پێکهاتەی موزیکەکەش لە کۆتاییدا. لە سکی دایکدا، موزیک تەنیا نابیسترێت، هەستی پێدەکرێت و دەبێتە ژیان.
ئەمەش چەندین کاریگەری فیزیۆلۆژی هەیە:
١- گەشەکردنی دەمارەکان
موزیک مێشک و دەروون گەشەپێدەدات و ئامادەیدەکات، بەتایبەتی:
• بیستن
• سیستەمی لیمبیک (هەست)
• سووڕەکانی بیرگەی سەرەتایی
توێژینەوەکان دەریدەخەن کە دوبارە گوێبیستبوون و هەستکردن بە هەندێک دەنگ، دەتوانێت ببێتە هۆی فێربوونی پێش لەدایکبوون، منداڵی تازەلەدایکبوو ئەو ئاوازانە دەناسێتەوە کە پێش لەدایکبوون بیستوویەتی.
٢- گۆڕینی لێدانی دڵ
موزیکی ئارام و خاو دەتوانێت:
• لێدانی دڵی کۆرپەلە جێگیربکات
• کەمکردنەوەی وەڵامەکانی فشار
لەبەرامبەردا دەنگە بەرز و بەهێزەکان، ڕەنگە چالاکی و لێدانی دڵ زیاد بکەن.
زۆرجار کۆرپەلە وەڵامی موزیکەکە دەداتەوە بەم شێوەیە:
• لێدانی هێواش
• زیادبوون یان کەمبوونەوەی چالاکییەکان
دایک وەک ناوبژیوان: هەست و هۆرمۆن و موزیک
بەهێزترین کاریگەری موزیک لەسەر کۆرپەلە ڕاستەوخۆ لە دەنگەوە نایەت، بەڵکو لە وەڵامی سۆزداری و حەزی دایکەوە سەرچاوە دەگرێت.
کاتێک دایکێک گوێ لە موزیک دەگرێت:
• ئەگەر هەستی بە ئارامی کرد، جەستەی ئۆکسیتۆسین و ئەندۆرفین دەردەدات.
• ئەگەر هەستی بە فشار کرد، ئاستی کۆرتیزۆڵ بەرزدەبێتەوە.
ئەم گۆڕانکارییە بایۆکیمیاییانە کاریگەری راستەوخۆ و بەهێزیان لەسەر کۆرپەلە هەیە.
بەم شێوەیە موزیک دەبێتە پەیوەندییەکی سێگۆشەیی:
١- خودی دەنگەکە
٢. لێکدانەوەی سۆزداری دایک
٣. وەڵامی فیزیۆلۆژی کۆرپەلە
لە ڕوانگەی کلینیکیەوە ئەمە بەو مانایەیە:
باشترین موزیک بۆ کۆرپەلە ئەو موزیکەیە کە ئارامی بۆ دایکەکە دەهێنێت.
یادەوەری پێش یادەوەری
یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دۆزینەوەکان لە هەردوو زانستی دەمار و موزیکدا ئەوەیە کە کۆرپەلە دەتوانێت یادەوەری لەرێگەی بیستنەوە دروست بکات.
زانایان بۆیان دەرکەوتووە کە منداڵانی تازە لەدایکبوو:
• دەنگی دایکی خۆیان دەناسنەوە.
ئەو چیرۆک یان گۆرانیانەیان زیاتر حەزلێیە کە لە کاتی دووگیانیدا چەندین جار بیستراون.
• وەڵامدانەوە و جووڵەی جیاواز بۆ ئاوازێکی ئاشنا، بەرامبەر بە ئاوازێکی نامۆ و نەبیستراو.
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژیانی موزیکی کۆرپەلە لە سکی دایکیدا هۆکارە بۆ:
• پەیوەندی درووستکردن، بەتایبەت لەگەڵ دایک
• گەشەپێدانی زمان
• ئارامی و ئاسایشی سۆزداری
بۆیە ناسنامەی موزیکیمان پێش لەدایکبوون دەستپێدەکات، دایک لەڕێگەی گوێگرتن لە موزیک و گۆرانی ئارامبەخش و شاکارە مەزنەکانی مێژووی موزیک، دەتوانێت هەم ئارامی و شادی بۆخۆی دەستەبەربکات، هەم کەسایەتییەکی بەهێز، ئارام، جێگیر و موزیکی بۆ کۆرپەلەکەی درووستبکات.
چ جۆرە موزیکێک گونجاوە بۆ دایک و کۆرپەلە؟
لە هەردوو ڕوانگەی پزیشکی و موزیکۆلۆجییەوە، موزیکی ئایدیاڵی پێش لەدایکبوون ئەم سیفەتانەی هەیە:
١-خێرایی مامناوەند (60-80 BPM)
٢. پێکهاتەی سادە (موزیکی سادە و چێژبەخش)
٣- ژەنینە نەرم و ئارامبەخشەکان
٤- موزیکی فۆلکلۆر و رەسەنی کولتووری دایکەکە
ئەگەر دایکەکە خۆشی بتوانێت گۆرانییەکە بچڕێت، یاخود ئاوازەکەی بخوێنێت، کاریگەرییەکەی بەهێزترە. وەک گوتمان: دەنگ و ئاوازەکانی کە دایک دەیچڕن، خۆشترین و باشترینە بۆ هەست و گوێیەکانی کۆرپەلە.
سکی دایک وەک یەکەم قوتابخانەی موزیکی
ئەگەر وەک موزیسیانێک بیر بکەینەوە، سکی دایک تەنها ژینگەیەکی بایۆلۆژی نییە، یەکەم قوتابخانەی ئەزموونی مرۆڤە و کۆرپەلە تێیدا:
• ڕیتم پێش زمان فێردەبێت
• پێش ئەوەی لە دەنگ تێبگات، هەستی پێدەکات
• نەستی شکڵ و شێوە دەگرێت
کۆرپەلە شیکاری هارمۆنی و فۆرم ناکات، بەڵام جەوهەری موزیک هەڵدەمژێت و دەچێتە نەستییەوە.
منداڵ پێش ئەوەی ڕووناکی ببینێت، پێش ئەوەی لەگەڵ جیهان بەریەککەوتنی هەبێت، لەگەڵ ریتم و موزیکدا دەژی. جەستەی دایک یەکەم ئۆرکێسترایە و موزیک زمانی یەکەمی کۆرپەلەیە.



