ئۆرکێسترای گەنجانی نەوا یەکێک لە ئۆرکێستراکانی باشووری کوردستانە، کە ماوەی چەند ساڵێکە سەرقاڵی خزمەتکردنن بە کولتوور و موزیکی کوردی. ئامانجیان سوود وەرگرتنە لەتوانا و شارەزاییەکانی گەنجانی کورد بۆ بەرهەمهێنانی کاری نوێ و داهێنان و تازەگەری لە موزیکی کوردیدا.
لەم کۆنسێرتەدا بڕیارە (١٠) بەرهەمی کوردی و جیهانی پێشکەشبکرێن بەڕابەرایەتی (وەلید ئەحمەد). (٧٥) هونەرمەند لەم بەرهەمانەدا بەشدارە، کە گەنجانی هونەرمەند و موزیسیانی کوردن لە شاری سلێمانی و پارچەکانی کوردستانەوە.
رۆژانە هونەرمەند و کەسایەتییەکان سەردانیان دەکەن و بینەری پڕۆڤەکانیان دەبن، سەرەڕای دەستخۆشی گەرم و پێزانین. دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕن کە ئەم گەنجانە لە شاری سلێمانییەوە سەرەڕای قەیران و بارودۆخە سەختەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژانە بە هیوا و ئومێدەوە پڕۆڤە و راهێنان دەکەن و دەیانەوێت جوانی پێشکەش بکەن؛ بۆیە بە ئومێد و هیوایەکی گەورە دەیانبینن بۆ شاری سلێمانی و کوردستان.
بەشی زۆری پارچەموزیک و گۆرانییەکان لەلایەن موزیسیان و کۆمپۆسەرانی لاوی گروپەکەوە کاری نووسین و دابەشکردنی بۆکراوە.
وەک خۆیان دەڵێن (نەوا) ئامانجی سوودوەرگرتن و پەرەپێدانی توانا هونەری و موزیکییەکانی گەنجانی کوردە، بۆ درووستکردنی داهاتوویەکی هونەری ئاست بەرز و باش لەداهاتوودا و درووستکردنی ژینگە و کەشێکی هونەری لەبار بۆ گەنجانی گروپەکە و گەشەپێدانی توانا و لێهاتووییەکانیان لەئێستەدا.
رۆژی شەممە بەرواری ٢٠٢٦/٥/١٦ کاتژمێر (٦)ی ئێوارە کۆنسێرتێک سازدەکەن لە شاری سلێمانی لە هۆڵی تەلاری هونەر، بە پاڵپشتی دەزگای میدیایی کوردسات.
بلیت لە ئەپلیکەیشنی پسووڵە و هاوکات لەبەردەم هۆڵ لە رۆژی نمایشدا دەستدەکەوێت و نرخی بلیت (١٠،٠٠٠) دینارە.







