لە سەرەتای بوونی مرۆڤایەتیەوە و دوای زمانی ئاماژە، دەنگی سروشت خۆشی و ترسی بە مرۆڤی سەرەتایی بەخشیوە، کە وایکردووە بگەڕێت بە دوای شێوازو ئامرازی دروستکرنەوە و بەرهەمهێنانەوەی ئەو دەنگانە، و بەکارهێنانی وەک کارتێکەر.

نیاز نوری
خۆئەگەر فووکردن بە ئێسقانی بۆشدا بەیەکەم ئامێری میوزیک دابنرێت، ئەوا دەنگی دایک و لایلایەکەی دەبێتە سەرەتای دەنگبێژی و مەقام خوێندن، کە لەسەرەتاکانیدا بێ ووشە بووە و تەنها دەنگێک بووە بۆ ئارامکردنەوەی منداڵ و دواترمرۆڤ بە لاساییکردنەوەی دەنگی ئاژەڵان و باڵندەکان بەکاریهێناوە وەک ئامرازی پەیوەندیکردن تا دروستبوونی زمان.
مەقام وەک ئاوازێکی ڕیتم سەربەست بۆتە ئامرازێکی کاریگەری بەکارهاتوو لە بۆنە خۆش وماتەمەکان و کەشە ئایینیەکاندا بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وکاریگەری و سۆزی مەقامخوێن ڕۆڵی گرنگی هەبووە لەسەر گوێگرو کەوتنە ژێر کاریگەریەوە.
مەقامات بەپێی دوو پۆلێنەکەی کە مامەڵەی لەگەڵ کراوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
١- ئەو مەقامانەی چارەکە دەنگیان تێدایە .
٢- ئەو مەقامانەی چارەکە دەنگیان تێدا نیە.
بەکارهێنان و خوێندنی لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت و کاریگەریەکەشی جیاوازە، بێگومان ئەمە بۆ ئەوفۆرمە کوردیە ڕەسەنانەش ڕاستە کە تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە هەموو فۆرم و مەقامەکانی میللەتانی تر جیای دەکاتەوە و بەشێک بووە لە پاراستنی بوونی کورد لەپاڵ زمانەکەیدا، خەڵکی هەورامان زیاتر کاریگەرن بە سیاوچەمانە و بەزمی چەپڵە و ووردە بەزم وەک لە خەڵکی بادینان کە کاریگەرن بە لاوک و مەوال، کەچی دەشتی هەولێر و ناوچەی موکریان کاریگەرن بە حەیران ( چیایی و مەجلیسی ) و گەرمیانیەکان بە ئای ئای و خاوکەر و ئەڵڵاوەیسی وهۆرە و سۆز، بەیت و بەلۆرەش کاریگەری لە ڕۆژهەڵاتی ووڵات زیاترە.
مەقام کاریگەری لەسەر هەست و سۆزی گوێگر دەکات و کاریگەری لەسەر ئارامکردنەوەی رۆح هەیە هەر وەک جۆن بزوێنەرو دروستکەری گیانی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕییە، و خۆشترین کاتی گوێگرتن لە دانیشتنە تایبەتەکاندایە کە دەنگە بەسۆزەکان دوور لە کاریگەری دروستکراو وەک شەماڵ فێنکایی دەدەن بە ڕۆح و دەیبەنە دونیایایەکی ترەوە، بێگومان بە بەکارهێنانی دروستی ئەو دەق و هۆنراوانەی کە گونجاون بۆ هەر جۆرێک لەو مەقامانە.
بە گشتی مەقامات لە رێی دەنگبێژانییەوە توانیویەتی کاریگەرییەکی ڕۆحی لەسەر گوێگرانی دروستبکات لە کۆنەوە تا ئێستا بە بەڵگەی ئەوەی کە لە ئەمڕۆی دونیای نوێی میوزیکی ئەلکترۆنی و زیرەکی دەستکردا، مەقام گوێگری خۆی هەیە و تەنها بەو گوێگرانەوە نەماوەتەوە کە سەر بە نەوەی کۆن و کلاسیکن، بەڵکو گەنجانی تازە پێگەێشتووش بونەتە گوێگر و هؤگری ئەم هونەرە ڕەسەنە.



