رێژوان تەها
بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێش هەیە دەربارەی درەختی بامبۆ (یاخود بامبوو). یەکێکە لە باشترین مێتافۆڕەکان بۆ تێگەیشتن لە سەرکەوتن و ئارامگری و گەشەکردن.
کاتێک تۆوی بامبۆ دەچێنیت، رۆژانە ئاوی پێدەدەیت و گرنگی پێدەدەیت و دەیپارێزیت.
دوای ساڵێک… هیچ دەرناکەوێت.
دوای دوو ساڵ… هێشتا هیچ.
دوای سێ ساڵ… هیچ گەشەیەکی دیار نەبوو.
دوای چوار ساڵ… هێشتا تەنها خاکەکەیە و هیچ دیارنییە..!
زۆر کەس وازی لێدەهێنن و هەستدەکەن کە ئیتر ئەمە بێسوودە و هیچ رووەکێکی بچووکیشی لێناڕوێت ئەم تۆوە. هەوڵدان لەگەڵی و ئاوپێدانی، تەنها کات کوشتن و ماندووبوونە و هیچی دیکە.
بەڵام لە ساڵی پێنجەمدا لەناکاو درەختی بامبۆ تەنها لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بەشێوەیەکی زۆر خێرا و چاوەڕواننەکراو گەشەدەکات و چەندین مەتر درێژدەبێت بەرەوئاسمان.
ئایا تەنها چەند هەفتەیەکە تۆوەکەی چاندرا و لەو چەند هەفتەیەدا گەشەی کرد؟
وەڵامەکەی نەخێرە.
بە درێژایی ئەو کاتە لە ژێر زەویدا گەشەی دەکرد. خەریکی دروستکردنی ڕەگی قووڵ بوو کە ئەوەندە بەهێز بوو کە پشتگیری لەو گەشەکردنە خێرایە بکات کە دواتر دێت. بامبۆ لە رەگەوە خۆی ئامادەدەکرد بۆ خۆگونجاندن و ئامادەسازی بۆ سەرکەوتنی مەزن و رۆشتن بەرەو بەرزی.
ئەمە مانای چییە بۆ سەرکەوتن؟
زۆر کەس بە هەڵە لە سەرکەوتن تێدەگەن. پێیان وایە سەرکەوتن دەبێت خێرا و دیار و دەستبەجێ بێت. بەڵام لە سەرکەوتنی ڕاستەقینەدا زۆرجار بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ شتێک ڕوونادات. وادەردەکەوێت کە هیچت نەکردبێ و تۆ مرۆڤێکی بێتوانا و بێکەڵک بیت و ناتوانیت سەرکەوتووبیت.
لەو ماوەیەی کە هیچ سەرکەوتنێک دیارنییە و هەستەکەیت ئیتر دەبێت وازبهێنیت:
* لێهاتووییەکەت دەناسیت
* دیسیپلین بونیاددەنێیت
* خووی باش دروستدەکەیت
* لە ڕووی سۆزدارییەوە خۆت رێکدەخەیت
* پەیوەندی بەهێز و کاریگەر درووستدەکەیت
* لەرووی دەروونییەوە بۆ شکستهێنان و باشتربوون ئامادەدەبیت
*کەسایەتیت بەهێزدەکەیت
*دەروونت بەهێز و ئامادەدەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێپەڕاندنی بەربەست و نارەحەتییەکان
ئەمانە ڕەگ و ڕیشەن! بەبێ ڕەگ، گەشەی خێرا بێکەڵکە و زوو لەناودەچیت؛ ناتوانیت بەرەو بەرزییەکان بڕۆیت و بەرگەناگریت.

چۆنێتی بەکارهێنانی شێوازی بامبۆ لە ژیانتدا:
١. قبوڵکردن و ناسینی پێشکەوتنی نەبینراو: هەموو پێشکەوتنێک نابینرێت و لەسەرەتادا هیچ دیارنییە!
٢. لە هەموو کات و دۆخێکدا بە بەردەوامی بمێنەرەوە: زۆربەی خەڵک دەوستن چونکە بەرگەی ئەوە ناگرن راهێنان بکەن و ماندووببن و هیچ ئەنجامێک نەبینن.
شێوازی بامبۆ فێری ئەوەت دەکات بەردەوامبی لە ئاودان و خزمەتی تۆوەکە. تەنانەت کاتێک تاقەتت نامێنێت، بەردەوام بە لە ڕۆتینەکەت.
٣. واز لە خۆبەراوردکردن بهێنە: لەوانەیە کەسێکی تر خێراتر بگاتە دەستکەوت و ئامانجەکانی. بەڵام ڕەنگە ئەوان لە وەرزی بینراوی خۆیاندا بن، تۆش لە وەرزی ڕەگ و ڕیشەی خۆتدا بیت! کاتی جیاواز بە مانای شکست نییە، بەڵکو هەرمرۆڤەو وەک درەختێکی جیاواز وایە، بەپێی تایبەتمەندی و ژینگەی خۆی گەشەدەکات.
٤. سەرەتا بناغەکان دروست بکە: پێش ناوبانگ و پارە و دەستکەوتەکان .
بناغەکان بریتین لە:
* بنیاتنانی لێهاتوویی
* بنیاتنانی تەندروستی
*پەرەپێدانی ئارامگری
* دروستکردنی متمانە
*دروستکردنی دیسیپلین
ئەم بناغانە ڕەگن، سەرکەوتنی داهاتووت ڕادەگرن و دەتوانیت بەرز بڕۆیت و زیاتر بمێنیتەوە.
٥. ئامادەبە بۆ گەشەکردنی لەناکاو: هەندێک جار پاش ساڵانێک لە هەوڵدان و دەرنەکەوتن، لەیەک دەرفەتتدا دەگەیتە لوتکە.
ڕەنگە:
* یەک نمایش
* یەک هەلی کار
* یەک پەیوەندی
* یەک ساتەوەختی تایبەت
* یەک ڤیدیۆ
چانس و بەختی تۆبێت و هاوشێوەی بامبۆ بگەیتە لوتکە و بەخێرایی دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنیت. ئەم سەرکەوتنەت بۆ کەسانی تر وەک شانس و بەخت و لەناکاو دەردەکەوێت. بەڵام بۆ تۆ ساڵانێک لە ئامادەکاری و پەرەپێدان و زاڵبوون بەسەر شکست و بێ ئومێدییەکان بوو.
ئەمە چیرۆک و بەسەرهاتی بامبۆیە. بەردەوام بە!ڕەگەکانت لەو شوێنانە گەشە دەکەن کە چاوەکان ناتوانن بیبینن. رێگەی خۆت ببڕە و خۆت بەراوردبکە تەنها بەخۆت، هەوڵبدە باشترینی خۆتبیت و رۆژانە لەهەوڵ بەردەوامبە. بەسەرهاتی بامبۆ بەسەرهاتی ملیۆنان مرۆڤە، کە دەکرا لەلوتکەی سەرکەوتن بن و ببنە گەورەترین مرۆڤەکانی جیهان و مێژوو، بەڵام وازیانهێنا و هەرزوو دەستیانهەڵگرت.
درەختی بامبۆ فێری ئەوەت دەکات:
خاوبوون: بەمانای شکستهێنان نییە.
نەبینین: بەمانای گەشەنەکردن نییە.
چاوەڕوانی و ئارامگری :بەمانای خەیاڵخۆشی و گەمژەیی نییە.




