" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: دلێر سەلیم 

 زۆر باوە لە نێوان هونەرمەندانی گۆرانیبێژ؛ بەشێکیان بەڕاستی سەرکەوتوو بوون تێیدا. هەڵبەت دوو مەبەستی سەرەکی هەیە لە دووبارەکردنەوەی گۆرانی، باوترینیان، (ناوبانگ و زیندووکردنەوە)یە. هەردوو مەبەستەکە باشە و خزمەت بەو ئاوازە دەکات. ئەگەر نوێکردنەوەی گۆرانی دابەش بکەین بەسەر سێ خاڵدا، دەتوانین بەم شێوەیە باسیان لێوە بکەین:
یه‌كه‌م: وتنه‌وه‌ى ئاوازه‌ فۆلكلۆرییه‌كان
دووه‌م: وتنه‌وه‌ى ئاوازى كه‌سانى دیکە
سێیه‌م: نوێكردنه‌وه‌ى له‌ لایه‌ن خاوەنی گۆرانییەکە.

یه‌كه‌م: وتنه‌وه‌ى ئاوازه‌ فۆلكلۆرییه‌كان
وتنەوەی ئاوازە فۆلکلۆرییەکان یەکێکە لە باوترین ئەو گۆرانییانەی کە لە لایەن گۆرانیبێژانەوە دەوترێتەوە. زۆر گرنگە گۆرانیبێژ هەوڵ بدات لە ژیانی هونەرییدا، چەندین گۆرانی نوێ بکاتەوە بۆ ئەوەی پێشکەشی جیلی سەردەمی خۆی بکات بە شێوازێکی نوێ کە لەگەڵ سەردەمی خۆی بگونجێ بەتایبەت لە بەکارهێنانی میوزیکدا. گرنگە گۆرانیبێژەکە ئاماده‌یى ئه‌وه‌ى تێدا بێت، ڕووحێكى جوان بەبەر ئەو ئاوازەدا بکات و نەگەڕێتەوە سەر هەمان ئەو دەنگەی لێی وەرگرتووە. بۆچوونێک هەیە لەم ڕووەوە کە پێیان وایە کە گۆرانییە فۆلكلۆرییەکان وەکوو خۆیان بوترێنەوە، بێ زیاد و کەم! ئەم بۆچوونە بە بڕوای من هەڵەیە، چونکە ئەگەر هاتو بەهەمان شێواز دووبارە کرانەوە، ئەوکات گۆرانیبێژەکە هیچ خزمەتێکی نە بە ئاوازەکە کردووە، نە بە خۆی. بۆی هەیە ئەو سەرچاوەیەی لێی وەرگرتووە، خودی سەرچاوەکە زۆر سادە وتبێتی، بۆیە زۆر گرنگە کاتێک دەتەوێت گۆرانییەک بڵێیتەوە پێویستە جیاواز بێت لەوانەی پێش خۆت. زۆر نموونەی زیندوومان هەیە، کاتێک گۆرانییەک بە دەنگێکی جیاواز دەبیستی کە پێشتر بە دەنگی کەسێکی دیکە گوێت لێ بووە، زۆر جیاوازتر و پڕهەستترە. بۆ نموونە، گۆرانیی (ساڵه‌هاى ساڵه‌) كه‌ پێشتر به‌ ده‌نگى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو (محه‌مەدى ماملێ) وتراوه‌، پاشان كۆچككردوو (ئه‌حمه‌د شه‌ماڵ)ــیش وتوویه‌تییه‌وه‌، به‌ڵام كاتێك (ناسر ڕه‌زازى) ئه‌و گۆرانییه‌ى وته‌وه‌، ڕووحێكى ترى پێ به‌خشى. ده‌توانین بڵێین، واى له‌و گۆرانییه‌ كرد، ئێستا هه‌ر كه‌سێك بیڵێته‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ى ناسر ڕه‌زازى ده‌یڵێته‌وه‌. گۆرانییه‌كه‌ى كرد به‌ موڵكى خۆى. ئه‌مەیش‌ زیره‌كیى ئه‌و گۆرانیبێژه‌ پیشان ده‌دات؛ بۆیه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ به‌و ڕووحییه‌ته‌وه‌ كار بكه‌یت كه‌ بته‌وێت جوانتر ئاوازەکە بڵێیتەوە. زیرەکیی هونەرمەند زۆر گرنگە کاتێک بیەوێت ئاوازێک بڵێتەوە. پێویستە زۆر باش بتوانێت زاڵ بێت بەسەر گۆرانییەکەدا و هەستی خۆی تێدا بەرجەستە بکات. هەندێک ئاواز هەیە له‌ لایه‌ن چه‌ند گۆرانیبێژێكه‌وه‌ وتراونه‌ته‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێوازێكى جیا وتوویانه‌ته‌وه‌؛ كاتێك گوێت لێیان ده‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌، سێ گۆرانیی جیا بن، کە له‌ ڕاستیدا یه‌ك گۆرانین و به‌ڵام هه‌ر یه‌كه‌و به‌شێوازى خۆیان وتویانه‌. بۆ نموونە، ئاوازی گۆرانیی (ئامینێ نازه‌نینێ)، كاتێك گوێت له‌ هونه‌رمه‌ندان (سه‌ڵاح داوده‌ و حه‌سه‌ن زیره‌ك ) ده‌بێت ده‌بینێ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌ شێوازی خۆیان وتوویانه‌ته‌وه‌؛ دواى ئه‌وان (مه‌زهه‌رى خالقى) توانیى به‌ شێوازێكى تر بیڵێته‌وه‌. هه‌مان ئاواز به‌ڵام به‌ سێ شیعرى جیاواز. هه‌رچه‌نده‌ مه‌زهه‌رى خالقى له‌ كۆتایىی هه‌ر كۆپله‌یه‌ك ئه‌م به‌شه‌ى بۆ زیاد كردووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (وامه‌كه‌ كه‌س با نه‌تبینێ به‌سیه‌ له‌نجه‌ و پێكه‌نینێ)، به‌ڵام كاریگه‌ریی له‌ سه‌ر ئاوازه‌كه‌ نییه‌. ئاوازى سه‌ره‌كى، هه‌مان ئاوازى گۆرانییه‌ فۆلكلۆرییه‌كه‌یه‌؛ واتە سێ گۆرانی، سێ هەست و دەنگی جیاواز. ئەمەیە خزمەتکردن بە ئاوازە فۆلکلۆرییەکان.

دووه‌م: وتنه‌وه‌ى ئاوازى كه‌سانى دیکە
زۆرجار هونەرمەند به‌ هۆى جوانى یا حه‌زى بۆ ئاوازه‌كه‌، گۆرانیی كه‌سێكى دیکە ده‌ڵێته‌وه‌ کە قورسترین جۆری وتنەوەیە بە ڕای من، چونکە پێویستە لەوەی پێشووتری جوانتر بیڵێتەوە. جوانتر بەو مانایەی کە بە تەواوی حەقی ئاوازەکە بدەیت و بە هەمان ئەدای گۆرانیبێژی وەرگری نەیڵێیتەوە. باشتره‌ ئه‌گه‌ر بتوانێت به‌ میوزیكێكى نوێ بیڵێیته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كه‌م كارى ئه‌وه‌ بێت جیاوازتر بێت له‌وه‌ى پێشوو؛ پاشان به‌ شێوازێكى تایبه‌ت به‌ خۆى هه‌ستى تێدا به‌رجه‌سته‌ بكەیت به‌ مه‌رجێك كاریگه‌ریی نه‌بێت له‌سه‌ر ئاوازه‌كه‌. زۆر جاریش بەڕاستی ئاوازەکە زۆر سادە وتراوە کە دەرفەتی ئەوەی تێدایە هەستی زیاتری تێدا بەرجەستە بکرێت کاتێک هونەرمەندێکی دیکە هەست بەو جوانییە دەکات و دەیڵێتەوە؛ بۆ نموون، هەر دوو گۆرانیی هونەرمەند (ڕەسوڵ بێزار گەردی) وەرگرین ئەوانیش گۆرانیی (ئای نیزام و گرتمت، بەستمت) کاتێک هونەرمەندان حەسەن زیرەک و ناسر ڕەزازی وتیانەوە، زیاتر بە دەنگی ئەوان ناسران. نموونەیەکی دیکەی سەرکەتوو لە دووبارەکردنەوە‌، گۆرانىی (چه‌نده‌ جوانى)ــی هونەرمەند (نه‌جمه‌دین ئاواره‌)یه‌؛ كاتێك هونەرمەند (زه‌كه‌ریا عه‌بدوڵا) دووباره‌ى كرده‌وه‌، هه‌ستێكى جوانى به‌ ئاوازه‌كه‌ به‌خشى. ئه‌مه‌ش وای كرد ئه‌و ئاوازه‌ زیاتر بە ده‌نگى زه‌كه‌ریاوه‌ بڵاوببێته‌وه‌. نموونەی لەم وتنەوە سەرکەوتووانە زۆرن بەڵام دەمەوێ نموونەیەکی پێچەوانە بڵێم کە بەڕاستی زیان بەو کەسانە دەگەیەنێ کە لە ژێر سێبەری هونەرمەندانی دیکە دەرناچن، بۆ نموونە، چەند هونەرمەندێک بە گۆرانییەکانی هونەرمەند مەزهەر خالقی نەیانتوانی پەرە بە هونەرەکەیان بدەن چونکە وەک خالقی ئاوازەکانیان دەوتەوە، ئەمەیش نەیانتوانی حەقی ئاوازەکە بدەن و زیانیشیان بە هونەرەکەی خۆیان گەیاند. هونەرمەند یا گۆرانیبێژ، دەبێ زیرەک بێت کاتێک ئاوازێک دەڵێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت هونەرەکەی خۆی پێ باڵاتر بکات نەوەک دایگرێ.

سێیه‌م: نوێكردنه‌وه‌ى ئاواز له‌ لایه‌ن خودى گۆرانیبێژ:
ئەم جۆرە نوێکردنەوانە زۆر کەمترن لە چاو ئەوانی دیکە، چونکە ئاوازەکە هی هەمان هونەرمەندە کە دەیەوێت بیڵێتەوە. وتنەوەی ئەم گۆرانییانە ئەو کاتانەیە کاتێک گۆرانییەکە لەناو خەڵکدا ناسراون و تا ڕادەیەک کوالیتیی تۆمارکردنەکەی باش نەبووە یاخود گۆرانبێژەکە کەمتر ئەدای تێداکردووە؛ خودی هونەرمەندەکە جارێکی دیکە دووبارەی دەکاتەوە یاخود گوێگرەکانی داوای لێ دەکەن. ‌ بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم ئاوازانە زۆر لایه‌ن هەیە کە هونه‌رمه‌ند ده‌بێت به‌ته‌واوى ڕه‌چاوى بكات و وریا بێت!
بۆچى ئه‌م جۆره‌ نوێكردنه‌وه‌یه‌ وریاییی پێویسته‌؟ پێویستە هونەرمەند یا گۆرانیبێژ بزانێت ئه‌م گۆرانییه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ هزرى خه‌ڵكدا ڕه‌گى داكوتیوه‌، جیا لە جوانیی گۆرانییەکە، بووەتە یادەوەری لە لایان. هه‌ر كاتێك گۆێیان لێى ده‌بێت زه‌مه‌ن و ڕۆژانێكیان بیر ده‌خاته‌وه‌؛ كه‌واته‌ تێكه‌ڵ به‌ خه‌یاڵ و هه‌ستیان بووه‌، بۆیه‌ گۆرانیبێژه‌كه‌ نابێت كارێكى وا بكات ئه‌و خه‌یاڵه‌ لاى گوێگر له‌ ناو بدات. بۆ نموونە، كاتێك شوێنێكى دێرین ئیتر قه‌ڵا بێت یا باڵه‌خانه‌وه‌ یا ماڵ، بوونه‌ته‌ شوێنه‌وارى دێرینى میلله‌تێك، كاتێك نۆژه‌ن ده‌كرێته‌وه،‌ ناتوانن هه‌موو كه‌ره‌سته‌یه‌ك له‌ نوێكردنه‌وه‌کەیدا به‌كار بهێنن، ئه‌و كه‌ره‌ستانه‌ى به‌كارى ده‌هێنن ڕەچاوی مێژووى شوێنه‌كه‌ دەکەن؛ ئه‌و جۆره‌ گۆرانییانە‌ش ڕێك وه‌ك ئه‌وه‌ وان‌. بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ پێویسته‌ ئاگادارى ئه‌و لایه‌نانه‌ بێت. زۆر جار له‌ كاتى نوێكردنه‌وه‌دا ڕه‌چاوى ئەو خاڵە ناکرێت، بۆیه‌ كاتێك بڵاو ده‌بێته‌وه‌ ناچێته‌ ناو خه‌ڵك و بگره‌ زیان به‌ گۆرانییه‌كه‌ش ده‌گه‌یه‌نێت! بە بڕوای من پێویسته‌ تەنیا كوالیتیی دەنگ و میوزیک بەرز بکرێتەوە، بێ ئه‌وه‌ى ده‌ستكارىی هیچ به‌شێكى گۆرانییه‌كه‌ بكرێت؛ واتە بە هەمان میوزیک و هەمان ئەو ئامێرانەی پێشتر بەکار هاتوون. خودی گۆرانیبێژەکەش ئەگەر توانیی هەمان شێوە گۆرانییەکە بڵێتەوە باشترە. هەندێک جار گۆرانبیێژ پێی وایە، پێشتر ئەدای گۆرانییەکەی باش نەبووە، ئاسایییە ئەگەر توانیی ئەدایەکی جوانتر لەوەی پێشووی بکات، بەڵام وەک پێشتر وتم، تەنیا هەوڵ بدات دووبارەکردنەوەکە بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتیی گۆرانییەکە بێت. ساڵی 2008 هونەرمەند (حەسەن گەرمیانی) گۆرانیی (دیسان بارانە)ی دووبارە کردەوە؛ دەتوانم بڵێم توانیی چێژی گۆرانییەکە کاڵ نەکاتەوە و دووبارە بە کوالیتییەکی باش پێشکەشی گوێگری بکاتەوە. لە هەمان کاتدا گۆرانیی (کۆچی کوردان) کە یەکێکە لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی هونەرمەند (عەدنان کەریم)، کاتێک نوێی کردەوە نەمتوانی چێژی لێ ببینم! هەر کۆنەکە پەسەندتر بوو! هەڵبەت ئەمە تەنیا قسەی من نەبوو. هونەرمەند پێویستە کاتێک گۆرانییەکی نوێ دەکاتەوە ڕەچاوی مێژوو و هەستی گوێگر بکات.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.