" type="text/css" > Skip to main content

کۆکردنەوە و نووسینی: شانۆ

بیتهۆڤن لە سەردەمی ڕؤشنگەرییدا ژیاوە، لەو دەمانەی شۆڕشی فەڕەنسی؛ بیری ئازادی و یەکسانی دەهێنایە کایەوە. سەمفۆنیای نۆیەمی بیتهۆڤن، زەماوەندی باوەڕێکی هێنایە جۆش، کە باوەڕ بوو بە بیری برایەتی و پێکەوەژیان! سەمفۆنیای ژمارە ٩ی بتهۆڤن بە<<کۆڕاڵ>> ناسراوە، چونکە بیتهۆڤن ڕەچەشکێن بوو لەوەی مۆسیقای کلاسیک بەکار بهێنێت بۆ نوسینی جوڵەی چوارەمی و لەگەڵ ئەوەیشدا گۆڕانکاری گەورەی تێدا بکات. ئەویش بەوەی کە چوار میوزیکژەنی تەنیا دابنێت، لە هەمان کاتدا “هۆنراوەی شادی”ی شاعیر و شانۆنووس و فەیلەسوفی ئەڵمانی “شیلەر” کە لە ساڵی ١٧٨٥ بڵاوکراوەتەوە، بەکار بهێنێت.
ئەم سەمفۆنیایە دوایین سەمفۆنیای تەواوکراوی بیتهۆڤنە. بەڵام باکگراوندە مۆسیقییەکان چەند ساڵێک بەر لە نووسینەوەی لە هزری ئاوازدانەردا دروست بوو بوو. یەکەمین سەمفۆنیا بوو کە دەنگبێژیی لە تەک ئاوازەکەدا ئاوێتە بکرێت.
بتهۆڤن، بەڕاستی یاخی بوو. ڕێسا و کڵێشە نەریتییەکانی کلاسیکی ڕەت کردەوە و سەمفۆنیای نۆیەمی نووسی. وەک چۆن خۆی دەبێژێت: ” من هاتوومەتە دنیاوە تا کاری گەورە ئەنجام بدەم!” هەر ئەمەشی کرد کاتێک سروشی بۆ هات و ئەو جوڵەمۆسیقییانەی لێوانلێو کرد لە هەستی هەستانەوە و شۆڕش.

جوڵەی یەکەمی لە خامۆشییەوە پاشان وەک زریانێک بێت هەڵدەکات و کۆتا جوڵەش وا دەکات سەمفۆنیاکە ببێتە دەستپێکی بزوتنەوەی ڕۆمانتیکی سەدەی نۆزدەیەم. ئەوەی وای کرد جوڵەی یەکەم بەهێز دەربکەوێت، دانانی دوو دانە مۆسیقاری زیادە بوو، لەو بەشانەی کە پێویستی دەکرد دەنگەکان بەرز ببنەوە.
کاریگەریی سەمفۆنیای نۆیەمی بتهۆڤن لەسەر ئاوازدانەرانی سەردەمی ڕۆمانتیک و دواتریش، بە ڕوونی دەردەکەوێت. پاش ٨٨ ساڵ و لە پاش یەکەمین نمایش، ڕیچارد واگنەر لێدوانێکی لەسەر سەمفۆنیای نۆیەم نووسی بەهۆی گرنگی سروودەکە لە کۆتایی سەمفۆنیاکەدا. شانۆیی فاوست کە گۆتە نووسیویەتی باشترین ستایشە بۆ ناسینەوەی سەمفۆنیا شاهانەکەی بیتهۆڤن. سەمفۆنیای ژمارە یەکی “یۆهانس برامس”، دوو بەشی کۆتاییەکەی لێوانلێوە دەگەڵ سرودی شادییدا. کاتێکیش پرسیار لە برامس کرا دەربارەی کاریگەریی بیتهۆڤن لەسەر ئەو سەمفۆنیایە، زۆر بە سادەیی گوتی: “دەی خۆ منداڵێکیش دەتوانێ درک بەوە بکات”.
ئیتر سەمفۆنیای یەکەمی برامس وسەمفۆنیای نۆیەمی بتهۆڤن هەندێ کات پێکەوە ستایش دەکران. هەر لەوێشەوە بوو کە سەمفۆنیای یەکەمی برامس بە سەمفۆنیای دەیەمی بتهۆڤن ناسرا.

دەکرێ بڵێین هەر بەشێکی سەمفۆنیای نۆیەمی بتهۆڤن بەشێک لە ژیانی بتهۆڤن خۆی، دەگێڕێتەوە. لە ساڵی ۱۷۹۳ کڵێشەی سەمفۆنیایەکی کۆراڵی دیزاین کرد، کەچی یەکەمین جوڵە لە ساڵی ۱٨۱۲ دروست کرا. بتهۆڤن تا ساڵێك پێش تەواو بوونیشی لە سەمفۆنیاکە، بڕوای وا بوو کۆتایی سەمفۆنیاکە میوزیکێک بێت. بەڵام لە ساڵی ۱٨۲۳ کاتێک خەیاڵی پارچەکەی ”میسا سۆڵمانیس”ی دەکرد، بڕیاری دا کۆتایی سەمفۆنیاکە گۆرانییەک بێت. هەر بۆیە سرودی شادی هاتەوە نێو هزری. تەنانەت دوای یەکەم نمایشیش، بتهۆڤن هەر بە نیاز بوو کۆتایی سەمفۆنیاکە بگۆڕێت و بە مۆسیقایەک تەواوی بکات. بتهۆڤن دەیگوت:
” کاتێک لە هزرمدا دەنگێک دەبیستم، وەک ئاوازێک، وەک مۆسیقایەک، دەیبیستم! نەک وەک دەنگی مرۆڤ!”
هەر ئەمەش وای کرد زۆر ماندوو بێت بە هۆی دەنگبێژەکانەوە تا بتوانێ دەنگیان وەک ئاوازێک بەکار بهێنێ، هەر وایشی کرد!
دەنگی مرۆڤی کرد بە مۆسیقا…

لە کۆتاییشدا و لە ۷ی ئاداری ساڵی ۱٨۲٤، لە ڤییەنا سەمفۆنیاکە پێشکەش کرا.
لە نمایشە گەورەکەی بیتهۆڤندا، کە چەندین کەسایەتی گرنگ و گەورە ئامادە بوون، بیتهۆڤن دەستی دەجوڵاند و گوێبیستی هیچ میوزیکێک نەبوو بەهۆی ئەوەی هەستی بیستنی لەدەستدابوو. کاتێکیش جەماوەرەکە کەوتنە جۆش و خرۆشی سوپاسگوزاری و پێداهەڵدان و فیکە و چەپڵەلێدان، بیتهۆڤن پشت لە هەوادارەکانی وەستابوو وەک ئاوازدانەرێک، تا یەکێک لە میوزیکژەنەکان دەچێتە لای و پێی دەڵێ، ئــــــــــاوڕ بـــــــــدەرەوە بۆ دواوە! ئەو کات بیتهۆڤن دەزانێ چی کردووە. پێ دەچێت ئاوڕەکەی بیتهۆڤن، گرنگترین ئاوڕی ژیانی بوو بێت.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.