" type="text/css" > Skip to main content

زۆر کەس ساڵانێک بە پرسیاری: من بە سروشتی لە چیدا باشم؟ بەسەردەبەن.

ڕێژوان تەها

هەندێک کەس پێیان وایە بەهرە وەک جادوو دەردەکەوێت. بەڵام لەراستیدا زۆرجار بەهرە و توانای سروشتی لە پشت کردار و بابەتە رۆژانەییەکانمانەوە خۆی شاردۆتەوە و تەنها ئەوەی پێویستە بیبینین و بیناسین، پاشان کاری لەسەربکەین و سەرکەوتووبین تێیدا.

مژدە خۆشەکە ئەوەیە پێویست ناکات بەناوبانگ بیت یان مرۆڤێکی کامڵ بیت بۆ ئەوەی خاڵە بەهێزەکانت بدۆزیتەوە و بزانیت بۆچی باشیت و خودا بۆچی کار و بابەتێک تۆی درووستکردووە. تەنها پێویستت بە ڕاستگۆیی و چاودێری و پلان هەیە.

لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمەڕوو بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە و ئاسانکاری بۆ دۆزینەوەی بەهرە و تواناکەت، کە بیکەیتە پیشەی ژیانت و رۆژانە هەوڵی بۆبدەیت تا تێیدا سەرکەوتووبیت:

١- هەستکردن بەئارامی و چێژ:

هەندێک شت بۆ کەسانی تر سەخت و ماندووکەرە، بەڵام بۆ تۆ ئاسانە. ئەمەش زۆرجار نیشانەی توانای سروشتییە، کە تۆ دەتوانیت لەم بوار و بابەتە سەرکەوتووبیت.

لە خۆت بپرسە:

*ئایا لەکاتی خەریکبوونی چی بابەتێک من هەست بە ماندوویی ناکەم؟

*لەگەڵ چی بابەتێکدا هەست بەرۆیشتنی کات ناکەم و حەزدەکەم زۆربەی رۆژەکەم خەریکی بم؟

* چی شتێک زووتر و باشتر لە هەموو شتەکانی دی فێریدەبم؟

*لەچی بەباشی تێدەگەم؟

*لەچی بابەتێکدا بیرۆکەی زیاتر و باشترت بۆدێت؟

زۆربەی کات وەڵامی هەموو ئەمانە پێکەوە بەستراوە و دەچێتەوە سەر بابەتێک، یان چەند بابەتێک.

ئەو بابەتەی زۆربەی وەڵامەکان دەیگرێتەوە، ئەو شت و بابەتەیە کەهی تۆیە و تۆ تێیدا سەرکەوتوودەبیت.

٢. سەرنج بدە چی وزەت پێدەبەخشێت:

بەهرە و توانا سرووشتییەکان، ئەوەی کە تۆ بۆی درووستکراویت، وزە نابەن، بەڵکوو وزە دەبەخشن!

دوای ئەنجامدانی ئەو بابەتەی هەڵتبژاردووە پرسیار بکە:

* ئایا هەست بە ژیانەوە و خۆشی دەکەم؟

* ئایا کات زوو تێپەڕی؟

* ئایا دەمەوێت دووبارە بیکەمەوە؟

وزە ئاماژەیە! هەر شتێک گڕوتین و وزەت بداتێ، مانای وایە ئەو شتە لەگەڵ سرووشت و کەسایەتی تۆ دەگوجێت.

٣. گەڕانەوە بۆ منداڵی:

پێش ترس و فشار، مرۆڤەکان بە سروشتی خۆیان بەرەو خاڵە بەهێزەکانیان و بەهرە و توانا سرووشتییەکانیان دەجووڵان.

بیر لەوە بکەرەوە:

* لە منداڵیدا چیت خۆشدەویست؟

٭ بێ ئەوەی لێت بپرسن و پێت بڵێن چیت کرد؟

* چی وای لێکردی بۆ چەند کاتژمێرێک سەرقاڵبیت؟

منداڵی ئاماژە بەجێدەهێڵێت، منداڵێک لە وەرزش، یەکێک لە گۆرانی وتن یاخود موزیک، یەکێکی دی لە دروستکردن و بونیادنان، یەکێک لەوێنەکێشان، یەکێک لە مامۆستابوون، یەکێکی دیکەش لە نمایش و ئەکتینگ…

تۆ بە منداڵی سەرقاڵی چی بوویت و مەستانە قووڵدەبوویتەوە تێیدا، ئەمە مانای وایە ئەو بابەتە لەگەڵ کەسایەتی تۆ دەگونجێت.

٤. چەند تاقیکردنەوەیەک:

بەهرە لە ڕێگەی کردارەوە دەدۆزرێتەوە نەک تەنها بیرکردنەوە.

ئەمانە تاقی بکەرەوە، ئەگەر لەبەرامبەر کامێرای مۆبایلەکەت بێت، یاخود هەفتەیەک دانێیت بۆ خوێندنەوە و پراکتیزەکردنیان:

* نووسین

* وانەوتنەوە

* موزیک

* بزنس

* ديزاين

* زمانەکان

* سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن

* وەرزش

*هەر شتێکی دیکە کە حەزی پێدەکەیت….

بۆ هەریەکەیان هەوڵی ڕاستەقینە بدە، چونکە ئەزموون ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات!

لەگەڵ هەر کامیان هەستتکرد خاڵەکانی پێشووت تێدا دەردەکەون و هەست بەباشی دەکەیت، هەڵیبژێرە و هەر لەمڕۆوە ژیان لەگەڵ بەهرە و توانا سرووشتییەکەت دەستپێبکە.

٥. بەهرە و دیسیپلین:

بەهرە بەبێ راهێنان و کار بە شاراوەیی دەمێنێتەوە و گەشەناکات. تەنانەت دیارییە سروشتییەکانیش پێویستیان بە ڕاهێنان و دووبارەکردنەوە و ئارامگری هەیە.

کەسێک کە بەهرەیەکی ئاسایی و دیسیپلینێکی بەهێزی هەبێت، زۆرجار لەکەسێک کە بەهرەیەکی گەورەی هەبێت لەو شتەدا باشتردەبێت و سەرکەوتووتر دەبێت. راهێنان و قووڵبوونەوە بنەما و بناغەی سەرکەوتن و گەشەکردنە لەهەر بوارێکدا!

لەوانەیە لەیەک بەهرە زیاتر بدۆزیتەوە. زۆر کەس بەهرەیەک زیاتریان هەیە و دەکرێت سەرکەوتووبن لە چەند شتێکدا.

بەڵام بە گشتی مرۆڤ هەوڵبدات سەرنجەکانی تەنها لەسەر بابەتێک چڕبکاتەوە و زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ یەک بابەتدا بەسەربەرێت، گەلێک باشتر و چاکترە بۆی.

بە خێراییەکی زیاتر و کوالێتییەکی باشتر سەرکەوتوودەبێت.

ڕەنگە تۆ بە سروشتی باشبیت لە:

* پەیوەندییەکان + موزیک

* سەرکردایەتی + مامۆستایی

* وتاربێژی + وێنەکێشان

* ئەکتینگ + نووسین..

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان