" type="text/css" > Skip to main content

وەرگێرانی :شادیار شۆرش

گۆتفرید ویلهێلم ڤۆن لیبنیز

مێژووی موزیکی مۆدێرن لەسەرەتاکانی سەدەی بیست دەستپێدەکات، لە دەوروبەری دەیەی دەکانی سەدەی ڕابردوو، ئەو کاتەی خەڵکی بۆ یەکەمجار؛ وەک بازرگانی بیریان لە موزیک و فیلم کردەوە. سوپاسگوزارین بە لەدایکبوونی پیشەسازییەک کە بووە هۆکارێک بۆ دروستبوونی یەکەم تۆمارکردنی موزیکی کاونتری سپیپێستەکان و جاز و بلوزی ڕەشپێستەکان.

ڕەگوڕیشە بنەڕەتییەکانی فەلسەفەی موزیکی مۆدێرن

تەواوی سەدەی بیست، بە دڵنییایەوە تەرخان کرابوو بۆ گۆڕانکاری قووڵ. چەندین شۆڕشی فکریی، ئەدەبیی و کۆمەڵایەتیی بەدیارکەوتن و تەواوی نائاگایی کۆمەڵگای ئەوروپاییان داگیرکرد. بنچینەی تەواوی ئەو شۆڕشانەش دەگەڕایەوە بۆ ئەو فەیلەسووفانەی لەو سەردەمەدا ڕۆڵی خۆیان دەگێڕا؛ ئارسەر شۆپنهاوەر، کارل مارکس، جیاکۆمۆ لیۆپاردی، بەڵام لە سەروو هەمووییانەوە؛ فردریک نیچە.

بەبێ بوونی موزیک، ژیان هەڵەیەک دەبوو

فردریک نیچە

فەیلەسووفە ئەڵمانییەکە، یەکەم کەس بوو کە مردنێکی مسۆگەری دابونەریتی ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەودا، تەواوی هونەری ڕۆژئاوایی، کارکردنیان لە مۆدێلێکی  پێشوەختە دروستکراوی ئێستاتیکای باڵادەست و باویان ڕەتکردەوە. لە ڕاستییدا، مۆدێلە کۆنەکانی دابونەریتیی ئەوکاتەیان ڕەتکردەوە.

ئەمەش بوو بە هۆکارێک بۆ ئەوەی، لەو ساتەدا هەموو لقەکانی هونەری ئەبستراکت و لەنێویدا موزیکی ڕۆک و ئەتۆناڵ موزیک،[1] بچەسپێت. جێگەی سەرسوڕمانە کە لە یۆنانی کۆندا وشەی ‘موزیک’ مانایەکی فراوانی هەبووە و بە واتای وشەی ڕۆحیی-پیرۆز، بەکارهاتووە.

واڵتەر فرێدریچ ئۆتۆ تەنانەت ئاماژەی بەوە داوە کە موزیک تەنها هەوڵێک نییە بۆ پەیوەندی کردن بە ڕۆحێکی پیرۆزە، بەڵکو هەر خودی خۆی کردەیەکی ڕۆحیی پیرۆزە. موزیکی هاوچەرخ ئاوێنەیەکی ڕۆحییە کە  لە ڕێگەیەوە گۆڕانکارییە ڕادیکاڵەکانی نێو کولتوور و کۆمەڵگە دەردەکەون. بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە لە هەمان کاتیشدا لە شێوەکاریی، سینەما و ئەدەبیشدا دەبینرێنەوە.

بەهەمان شێوە، بەدرێژایی مێژووی موزیکی سەدەی بیستەم، لێکدابڕان لە نێوان موزیک و دابونەریتی باوی ئەو سەردەمەدا هەبووە. ئەو سەردەمە خاوەنی دوو ڕەوتی فکری گرنگ بووە: موزیکی میللی؛ کە پێشڕەوانی بریتیی بوو لە گۆرانیبێژانی on-the-road و ئاڤانگاردەکان کە پەیڕەوییان لە ڕەگە کولتوورییەکانی موزیکی کلاسیک دەکرد.

ئەگەر هەتاوەکو ساڵی ١٨٠٠، موزیکی کلاسیک ڕەوتێکی زاڵ بووبێت، ئەوا لە ئەزموون و چەمکە نوێکاندا بە تەواوەتی دەبێتە شتێکی لەبیرکراو و خۆڵی لەسەر دەنیشێت. موزیکی میللی باڵادەستی خۆی بەسەر مەیدانەکەدا دەسەپێنێت. لە چەند سوچێکی مێژوودا ئەم دوو ڕەوتە جیاوازە بەریەک دەکەون و چەند بەرهەمێکی زۆر جوان بە تێکەڵكردنی هەردوو دونیا موزیکییەکە، دەخولقێنن.

لەدایکبوونی جاز و بلوز

بلوز و موزیکی ڕەشپێستە ئەفریکییە-ئەمەریکیییەکان، ڕۆڵێکی زۆر گرنگییان لە بڵاوکردنەوەی باشترین فۆرمی موزیکی میللیدا، گێڕاوە. بۆ ماوەیەکی زۆر ڕەشپێشتەکان هونەرەکەی خۆیان تەرخانکردبوو بۆ بابەتە ئایینییەکان لەبەر ئەوەی کریستانییەتی بەزۆر لایەن خاوەن کۆیلەکانەوە سەپێنرابوو بەسەر ڕەشپێشتەکاندا.

بۆیە گۆرانیبێژەکانی ئەو کاتەی کەنیسەکان دەبنە یەکەم مۆدێلی گۆرانی گوتن لە هونەری جازدا، بەهەمان شێوە دەبنە سەرەتایەک بۆ دروستبوونی  ڕیفەکان[2] و شێوەیەک لە ڕێکخستن لە ئاوازی موزیکی جازدا.

لەو ناوچانەی کە پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئیسپانیا و فەڕەنسا بوون، ناوچەگەلێک لە چەندین کولتووری جیاواز، زیاتر گونجاو بوو بۆ کارە هونەرییەکانی ئەو کەسانەی بۆ کاری کۆیلەیی هێنرابوونە ئەو ناوچانە. بۆ نموونە لە ناوچەیەکی وەک؛ نیو ئۆرلیانسدا؛ بەهۆی بەرەنگاریی کولتووریی کۆنی ئەفریقی و باندە فەڕەنسییەکانەوە، جاز لەدایک دەبێت.

بەداخەوە سەرەڕای ئەوەی کە کۆیلەیی قەدەغەکرابوو، لێ لە یاساکانی پێدانی ڕەگەزنامەدا هێشتا جیاکاریی و ڕەگەزپەرستییەکەی زۆر بەرامبەر بە ڕەشپێستەکان دەکرا، و ئەمەش وای کرد کە گروپێک لە ئەفریقییە-ئەمریکییەکان لەنێو خۆیاندا زێدەتر یەکگرتوو بن و پاڵپشتیی یەکدی بکەن. ئەمەش ئەو کاتە بوو کە نەوەیەک لە موزیسییانە ئەفریکییە-ئەمریکییەکان لەدایکبوون و بوونە هۆکارێک بۆ دروستبوونی شێوە و ڕەوتێکی نوێ لە مێژووی موزیکدا بەناوی: ستایلی بلوز.

هەر وەکو ئەوەی کە دەتوانیت وێنای بکەیت، لە بارودۆخێکی کۆمەڵایەتیی لەو شێوەیەدا زۆر سەخت دەبێت ڕەشپێستەکان هونەرەکەی خۆیان ئازادانە بەرجەستە بکەن، بۆیە گروپێک لە موزیسییانە سپیپێستەکان یەکەم تۆماری موزیکیی هونەری جاز، تۆماردەکەن، کە گروپێک دەبن بەناوی Original Dixieland Jazz Band. بەڵام لە ساڵی ١٩٢٠دا یەکەم هونەرمەندی ڕەشپێست بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، بە فەرمی کارە هونەرەییەکەی خۆی تۆماردەکات؛ کە ئەویش هونەرمەند مامی سمیس بوو بە کاری with Crazy Blues…

…لە دەوروبەری بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، تەنها لە ئەمریکا بەرهەمەکەی مامی، ساڵانە زیاد لە ١٠٠ ملیۆن کۆپی لێ دەفرۆشرا. ئەم سەرکەوتنە وای کرد چەندین کۆمپانیای گەورە هەوڵی کارکردنی لەگەڵدا بدەن. هونەری میللی هۆکارێکی بەهێز بوو بۆ زیاتر بەناوبانگ بوونی مامی سمیس، هەروەها کارکردنی ئەو لە کولتوورە جیاوازەکاندا، بەهەمان شێوە ناوێکی دیاری پێبەخشیبوو.

لەکاتێکدا ئەمریکا لانکەی پەیدابوونی ئەم هونەرە بوو، لەهەمان ساتدا لە ئەوروپاش جوڵانەوە کولتوورییەکانی ئاڤانگاردەکان، گۆڕانکاریی گەورەیان خولقاند. جوڵانەوەیەک بە سەرکردایەتی سچۆینبێرگ، بێرگ و ستراڤینسکی کە تەواوی یاساکانی ئاوازدانانی کلاسیکیی، ئاوەژووکرد.4

[1] Atonal music

[2] Riff: بەشێکە لە ئاوازی موزیکی جاز کە موزیکژەن یان گۆرانیبێژ بۆ چەندین جار دووبارەی دەکاتەوە، بە مەبەستی پێناساندنی …

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.