
نێرگز عەزیز
سەدان ساڵ پێش ئەوەی پێی دۆزەرەوە ئەورووپییەکان بگاتە کیشوەری نوێ و نەخشەی مێژوویی جیهان بگۆڕێت، لە بەرزاییە سارد و تەمومژاوییەکانی چیاکانی ئاندێس لە ئەمریکای باشوور، دەنگێکی موزیکیی ناوازە لە سروشتەوە چەکەرەی کردبوو. ئەمە دەنگی ئامێری “زامپۆنا” (Zampoña) بوو؛ ئامێرێک کە تەمەنی بۆ زیاتر لە 2000 ساڵ بەرلەئێستا دەگەڕێتەوە و وەک یەکێک لە دێرینترین ئەندامانی خێزانی “پانفلوت” (Panflute) لە مێژووی مرۆڤایەتیدا پۆلێن دەکرێت.
ئەم ئامێرە نەریتییە لە ناوچەیەکی جوگرافیی بەربڵاوی سەر هێڵی چیاکانی ئاندێس دەژەنرێت، کە وڵاتانی پێرو، بۆلیڤیا، ئێکوادۆر، باکووری چیلی و باکووری ڕۆژئاوای ئەرجەنتین دەگرێتەوە و بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ناسنامەی کولتووریی گەلانی ئەو دەڤەرە. هەرچەندە ئەمڕۆ ناوی “زامپۆنا” کە ناوێکی ئیسپانییە لەسەر زاری خەڵک باوە، بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە (خەڵکی ئاندیان) لە زمانی “ئایمارا” (Aymara)دا بە “سیکو” (Siku) ناوی دەبەن؛ ناوێک کە ڕەگێکی قووڵی لە مێژووی پێش کۆلۆنیالیزمدا هەیە.
موزیکیەک لەسەر بنەمای هاوسەنگیی ڕەگەزی
زامپۆنا تەنیا ئامێرێکی ژەنین نییە، بەڵکو فەلسەفەیەکی کۆمەڵایەتی و سروشتی لە پشتە. لە مێژوودا ئەم ئامێرە لە قامیشی کێوی دروست دەکرا، بەڵام لەم سەردەمەدا زیاتر ڕووەکی “بامبۆ” بۆ چاککردنی بەکاردێت. پێکهاتەی ئامێرەکە لە دوو ڕیزی سەرەکی لە لوولە پێکدێت کە تەواوکەری یەکترن:
- ئیرا (Ira):بەشی خوارەوەی ئامێرەکەیە کە وەک پێشەنگ و دەستپێکەری ئاوازەکان دەبیسترێت. لە نەریتی کۆنی ناوچەی ئاندێسدا، ئەم بەشە هێمایە بۆ ڕەگەزی “پیاو”.
- ئارکا (Arka):بەشی سەرەوەی ئامێرەکەیە کە وەک وەڵامدانەوە، پڕکردنەوە و تەواوکردنی دەنگی “ئیرا” دێت و وەک هێمایەک بۆ ڕەگەزی “ژن” وەسف دەکرێت.
ئەم گفتوگۆ موزیکییە بەردەوامەی نێوان ئیرا و ئارکا، لە دیدی گەلانی ڕەسەنی ناوچەکەوە، نیشانە و ڕەنگدانەوەی هاوسەنگیی ڕەقەزی و ڕیتمی ژیانە لە سروشتدا.

دۆزینەوەی کۆنترین مۆدێل لە پێرو
شوێنەوارناسان لە پشکنینەکانیاندا لە خاکی پێرو، کۆنترین نموونەی ئەم ئامێرەیان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 2000 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ، پۆشینی جلوبەرگی نەریتیی خانمانی پێرو لە کاتی ژەنینی ئەم ئامێرەدا، تەنیا نمایشێکی سادە نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ ڕێزگرتن لەو مێژووە دێرینە و زیندووکردنەوەی یادەوەریی ئەو ژنانەی کە لە دەوروبەری پەرستگا کۆنەکانی ئاندێسدا ئەم چەمکە موزیکییەیان پاراستووە؛ پردێکە کە بینەری هاوچەرخ بە قووڵایی مێژووی کولتووریی ئەمریکای باشوور دەبەستێتەوە.



