نووسینی: ڕەوەند کەمال دڵشاد – ماستەر لە موزیکدا
سەرەتا هەندێک گۆرانی بێژ هەیە و هەبووە کە لە ئاستی ڕەخنەدا نین بۆیە هیچیان لەسەر نانوسم، بەڵام هەموو شایەتی مێژووی هونەری (عەدنان کەریم)ین و شانازی بە زۆربەی بەرهەمەکانییەوە ئەکەین. من خۆشم لە بەشێکی کەمی کاروانە هەنەرییەکەیدا هاوبەشی بووم.
دوای ئەوەی بە وردی و لەڕێگەی هێدفۆنێکی کوالیتی بەرزەوە گوێم لە هەموو ئەلبومەکە گرت، بە داخەوە ئەلبومێکی زۆر خراپە. بە ئاستێک خراپە کە نەدەبوو بەسەر هونەرمەندێکی وادا تێپەڕێت، یان لایەنی کەم ڕاوێژی بە چەند موزسیانێکی بە سەلیقە و گوێگری وردی هونەری بکردایە. بە کورتی لایەنە خراپەکانی ئەخەمە ڕوو:
کامکارەکان دوای ئەو هەموو کارە جوان و ناوازانەی لە مێژووی کارکردنیانا کردویانە، ئەم دابەشکردنی موزیکە زۆر تەقلیدی و سونەتیە چییە؟ ئایە ئاستەکە بەو جۆرە دابەزیوە یاخود پێویستیان بە پارە بووە و پەلەیان بووە.
زۆر بێ سەلیقەییە هاوشانیکردنی گۆرانیبێژ لە هەموو تراکەکاندا بەبێ جیاوازی تەرجومەی دەنگی گۆرانیبێژ بکەن. جۆزە، تار، عود، سەنتور بەردەوام میلۆدی گۆرانیبێژەکە لەگەڵ خۆیدا دەژەنن. لە هەندێ جێگەدا هێندەی دەنگی گۆرانیبێژ لیڤڵی دەنگیان بەرزە و بێزارکەرە.
لە هەندێک جێگەی زۆر بچوکدا هارمۆنی زۆر سادەیان ئەگەربەکار هێنابێت، هەموو ئامێرەکان یونیسۆن ئەژەنن.
موزیکی کۆتایی گۆرانیەکان یەک لە یەک خراپترن. مەبەستم لەو دەستەواژەیەیە کە موزسیانان لە ناو خۆمانا پێی ئەڵێین خیتام.
نزیکی ئاوازەکان لەیەکەوە.
لە هەندێک جێگەدا کۆرسەکە هەمووی دەنگی کاک عەدنانە خامەی جیاوازی تیا نییە لە دوو تراکدا نەبێت.
کەمترین سۆڵۆی ئامێریی تیادایە.
یەک ڕیتمی گۆرانییەکان، واتە پۆلی ڕیتم بەکار نەهاتووە.
بە گشتی هەموو تراکەکان ئەو موزیکانەی بۆیان دروست کردووە جگە لە لاوازی موزیکەکە موزیکێکی سونەتی ئێرانییە.
لە تراکی (ئاە ژ دەست دوری) سۆلۆیەک ئەژەندرێت نازانم ئامێری عودە یان چی خامەیەکی دەنگی ناخۆش و ژەنینێکی سادە.



