دیلان نەجمەدین لە وەڵامی ڕەخنەی رەوەند کەمالدا دەنوسێت:
دیلان نەجمەدین وەڵامی رەخنەی رەوەند کەمال دەداتەوە: ڕەخنەگرتن لە هونەرمەندێکی وەک عەدنان کەریم کە تەمەنێکە پایەی گۆرانی و مەقامی کوردی لەسەر ڕەسەنایەتی و سەلیقەی بەرز ڕاگرتووە، مافی هەموو کەسێکە، بەڵام هەڵسەنگاندنی ئەلبوومە نوێیەکەی بە وشەی «زۆر خراپ» زیاتر لە سزادانێکی خێرا دەچێت تا ڕەخنەیەکی ئەکادیمی و هاوسەنگ.
1. دەربارەی «سادەیی و یونیسۆن» و دابەشکردنی سنوردار:
لە فۆلکلۆر و ڕەسەنایەتیی مەقامی کوردیدا، ئەسڵ لەسەر دەربڕینی ڕۆحی مەقام و پەیامی شیعرەکەیە، نەک ئاڵۆزکردنی دەستکردی کۆنتراپوان و هارمۆنی! عەدنان کەریم بە ئەنقەست بۆشایی دەداتە ئامێرە ڕۆژهەڵاتییەکان تا ڕۆحی تێکستەکە نەنکۆڵێت. لێدانی یەکسان (یونیسۆن) لە زۆر شوێندا بۆ دروستکردنی شکۆ و هێزی مەقامە، نەک هەژاریی دابەشکردن.
2. دەربارەی تێکەڵبوونی دەنگی کۆرس و گۆرانیبێژ:
عەدنان کەریم شێواز و رەنگی تایبەتیی دەنگی خۆی هەیە (Vocal Timbre)؛ بەکارهێنانی دەنگی خۆی لە کۆرسدا (Overdubbing) بۆ پاراستنی هاودەنگیی رەنگەکانە تا خاوێنیی مەقامەکە بە دەنگی تر تێک نەچێت، ئەوە تەکنیکێکە لە زۆربەی بەرهەمە کلاسیکییەکانی جیهانیشدا بەکاردێت.
3. دەربارەی نزیکیی ئاوازەکان و کەمیی سۆڵۆ:
ئەم ئەلبوومە هەڵگری زنجیرە یەکەیەکی ڕۆحی و یەک مەقامی گشتییە، نەک کۆکراوەیەکی ناپەیوەندیدار لە تراکی جیاواز. نزیکیی ڕۆحی ئاوازەکان نیشانەی تێما (Theme) و ناوەڕۆکێکی یەکگرتووە. سۆڵۆش ئەگەر بێشوێن بەکاربهێنرێت تەنها دەبێتە نمایش، لە کاتێکدا لێرەدا ئامێرەکان لە خزمەتی دەنگ و شیعرەکەدان.
4. دەربارەی ڕاوێژنەکردن بە «موزسیانی بەسەلیقە»:
هونەرمەندێک نزیکەی چوار دەیە لە لووتکەی هونەری کوردیدا بێت و دەیان بەرهەمی نەمری پێشکەش کردبێت، خۆی قوتابخانەی سەلیقەیە. تێپەڕاندنی ئەلبوومەکە بەپێی قەناعەتی هونەریی خۆیەتی، نەک پێویستی بە . .ڕەزامەندیی پێشوەختەی ئەم و ئەو بێت
نوسینێکی ڕەخنەیی لەسەر ئەلبومە نوێکەی هونەرمەند عەدنان کەریم:



