پیۆتەر ئیلیچ چایکۆفسکی دیارترین موزیکدانەری رووسییە و لە ساڵی 1840 لە شاری ڤێتکینسکی رووسیا لەدایکبووە، لە ساڵی 1893 لە شاری سانت پترسبۆرگ کۆچی دوایی کردووە. ئەو بە کاریگەرترین موزیکدانەرانی سەردەمی رۆمانتیک دادەنرێت، خاوەنی بەرهەمگەلێکی موزیکیی و ژیاننامەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەوەی کە چایکۆفسکی لە موزیکدانەرانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە بە بەناوبانگترین موزیکژەنی رووسی لە هەموو سەردەمەکاندا دادەنرێت و بە نزیکەی هەموو ئەوانەی ئارەزووی موزیک دەکەن ناو و ناوبانگ و بە بەشێک لەبەرهەمەکانی ئاشنان.
چەند راستییەک سەبارەت بە ژیانی چایکۆفسکی:
– چایکۆفسکی یەکەمین موزیکدانەری رووسیی بوو، وەک موزیکدانەرێکی جیهانی ناوبانگی پەیداکرد.
– لە تەمەنی چوار ساڵییەوە دەستی بەخوێندنی موزیک کردووە.
– دایک و باوکی خەونیان ئەوە بوو کە چایکۆفسکی ببێت بە پارێزەر، بۆیە ناچار بوو بڕوانامە لە یاسادا بەدەستبهێنێت، ماوەیەکی زۆر لە وەزارەتی داد کاری کردووە.
– چایکۆفسکی نەک تەنیا موزیکژەن بووە، ئەو لەهەمان کاتدا و لە تەمەنی حەوت ساڵییەوە سەرقاڵی نووسینی شیعر بووە.
– لە سەرەتای دەستپێکیدا مامۆستاکانی چایکۆفسکی هیچ بەهرەیەکی موزیکییان لە چایکۆفسکیدا نەبینیوە.
– چایکۆفسکی لە تەمەنی لاوییدا زیاتر ئارەزووی لە موزیکی ئیتاڵی بووە، هەروەها سەرسامی موزیکەکانی مۆزارت بووە.
– چایکۆفسکی لە وەزارەتی داد کاری کردووە.
– باوەڕێک هەیە کە پیۆتەر ئیلیچ چایکۆفسکی هاوڕەگەزخواز بووە.
– بالێی بەناوبانگی “دەریاچەی قوو” لە دوای مردنی وەک بالێیەکی ناوازە ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە، لە سەردەمی خۆیدا بە یەکێک لە کارە ناپەسەندەکانی هەژماردەکرا، ئەو بەهۆی بارودۆخی ئابووری سەختەوە ناچار بووە موزیک بۆ بالێی “دەریاچەی قوو” دابنێت.
– کتێبخانەی چایکۆفسکی 1239 کتێبی تێدابووە، بەو پێیەی زۆر حەزی لە خوێندنەوە بوو.
– پاش ئەوەی واز لە کارەکەی لە وەزارەتی داد دەهێنێت، بە ناچاریی دەست بە کاری رۆژنامەوانی دەکات، لە چەند رۆژنامەیەکی دیاری ئەو سەردەمەی رووسیادا کاری کردووە، لەوانە: “Russkie vedomosti” و “Sovremennaya Chronicle”.
– لە تەمەنی 37 ساڵییدا چایکۆفسکی هاوسەرگیریی کردووە، بەڵام هاوسەرگیرییەکەی تەنها دوو هەفتەی خایاندووە.
– لە ماوەی ژیانی هونەرییدا 10 ئۆپێرای نووسیوە، بەڵام دووان لە ئۆپێراکانی لەناوچوون.
– بە گشتی چایکۆفسکی نزیکەی 80 بەرهەمی موزیکی هەبووە.
– زۆر حەزی بە گەشتی شەمەندەفەر کردووە، حەزی دەکرد کاتەکانی لە شەمەندەفەرەکاندا بەسەر ببات.
– لە ساڵی 1891 چایکۆفسکی بانگهێشتی نیویۆرک کرا بۆ کردنەوەی هۆڵی کارنێگی، کە بەناوبانگترین هۆڵی کۆنسێرت بوو لە جیهاندا.
– لە ژیانیدا تەنها یەک ژنی خۆشویستووە ئەویش گۆرانیبێژی فەرەنسی دیزیری ئارتۆ بوو.



