" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

ئایا مرۆڤ دەتوانێت و پێی دەکرێت لە چەند بوارێکدا سەرکەوتوو بێت، یان دەبێت تەنها یەک ڕێگا هەڵبژێرێت؟

 زۆرجار گوێمان لەو ڕستەیە بووە: ئەگەر دەتەوێت لە شتێکدا سەرکەوتوو بیت، دەبێت تەنها سەرنجت بخەیتە سەر هەمان شت. 

ئەم بیرۆکەیە بۆ زۆرکەس و زۆرکات ڕاستە! بەڵام ئایا بەڕاستی مرۆڤ تەنها بۆ یەک بوار دروست کراوە؟ ئایا ئەو کەسەی کە موزیسیانێکی باشە، ناتوانێت نووسەرێکی باش، مامۆستایەکی لێهاتوو، یان بازرگانێکی سەرکەوتوو بێت؟

ئەمە پرسیارێکی گرنگە، بە تایبەتی بۆ گەنجانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کورد بەتایبەت، کە زۆرجار لە نێوان چەند خەون و ئارەزوویەکدا گیر دەخۆن؛ لە لایەکەوە حەزیان بە هونەر و زانستە و بابەتە ڕۆژانەییە چێژبەخشەکانە، لە لایەکی دیکەوە دەیانەوێت بزنس و کاری خۆیان هەبێت، و لە هەمان کاتدا خزمەتی کۆمەڵگەکەشیان بکەن.

دەیانەوێت لە چەند لایەنێکەوە سەرکەوتووبن و چەند ئامانجێکی دوور و جیاواز لەیەکتر بپێکن.

یەک مرۆڤ، چەند توانایی

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا نموونەی زۆر هەن لە کەسانێک کە تەنها بە یەک ناونیشان نەناسرانەوە.

لیۆناردۆ داڤینچی Leonardo da Vinci (1452–1519): تەنها وێنەکێشێکی بەناوبانگ نەبوو؛ ئەندازیار، داهێنەر، زانا و توێژەری جەستەی مرۆڤیش بوو. ئەوەی داڤینچی جیاواز دەکرد، تەنها ژیرییەکی تایبەت نەبوو، بەڵکو حەزێکی بێکۆتایی بوو بۆ تێگەیشتن لە جیهان و ڕازەکان. لە چۆنیەتی فڕینی باڵندەوە تا شێوەی جەستەی مرۆڤ، هەموو شتێک بۆی پرسیارێک بوو، تێڕامانەکانی ئەویان کردە بلیمەتێکی مێژووی مرۆڤایەتی و لەچەند لایەنێکی جیاوازەوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و خزمەتی بە مرۆڤایەتی کرد.

بنیامین فڕانکلین Benjamin Franklin (1706–1790): نووسەر، چاپکار، زانا، داهێنەر و دیپلۆمات بوو. ژیانی ئەو پیشانی دەدات کە مرۆڤ دەتوانێت لە چەند بوارێکدا کاریگەری دروست بکات، بەڵام ئەوە بە خوێندنەوە، تاقیکردنەوە، کارکردن و بەردەوامبوون هەموو ئەمانەی بەدەستهێنا.

ئەم نموونانە بەڵگە نین کە هەموو کەسێک دەتوانێت لە هەموو شتێکدا پاڵەوان بێت؛ بەڵکو بەڵگەن لەوەی کە ژیری و توانای مرۆڤ زۆرترە لەوەی کە تەنها بە یەک پیشە یان یەک ناونیشان پێناسە بکرێت.

بەڵام ئایا هەموو شتێک لە یەک کاتدا دەکرێت؟

لێرەدا دەبێت جیاوازییەکی گرنگ بکەین: فرەلێهاتوویی واتای ئەوە نییە کە مرۆڤ دەبێت هەموو شتێک بکات؛ واتای ئەوەیە کە خۆی بە یەک ڕێگا سنووردار نەکات.

ئەگەر گەنجێک حەزی بە موزیک، شانۆ، شێوەکاری، نووسین، تەکنەلۆژیا و بازرگانی هەبێت… پێویست ناکات یەکێکیان هەڵبژێرێت و ئەوانی دیکە بە تەواوی لە ژیانی خۆی بسڕێتەوە. بەڵام پێویستە فێر بێت چۆن کاتی خۆی دابەش بکات، کام بوار بۆی گرنگترە و لە چ قۆناغێکدا دەبێت سەرنجی زیاتر بخاتە سەری.

بۆ نموونە: کەسێک کە دەیەوێت ببێتە موزیسیانێکی پیشەیی، ناتوانێت بە هەمان ڕێژەی کات و وزەی کە بۆ ڕاهێنانی ئامێرەکەی پێویستە، هەموو ڕۆژێک بۆ هەر بوارێکی دیکەش تەرخان بکات. لەوانەیە بۆ ماوەیەک موزیک ببێتە سەرەکیترین ئامانجی، لە کاتێکدا پیشە و بزنسەکەی زۆر بەهێواشی پەرەپێبدات.

ئەمە وازهێنان لە خەونەکانی دیکە نییە! ئەمە فێربوونی ڕیزبەندییە و خستنەپێشەوەی گرنگەکانە.

یەک بوار، یان چەند بوار کە یەکتر تەواو دەکەن؟

هەندێک جار تواناکانی جیاواز دژ بە یەکتر نین، بەڵکو یەکتری بەهێزتر دەکەن.

موزیسیانێک کە نووسین دەزانێت، دەتوانێت بیرۆکە و هەستەکانی خۆی بە شێوەیەکی قووڵتر بگەیەنێت. ئەوەی زمانێکی دیکە فێردەبێت، دەتوانێت لەگەڵ موزیسیان و کەلتووری جیهان پەیوەندی دروست بکات. ئەوەی بازرگانی دەزانێت، دەتوانێت بۆ هونەرەکەی سەرچاوەی دارایی دروست بکات. ئەوەی مامۆستایەتی دەکات، فێردەبێت چۆن زانیارییەکانی بە شێوەیەکی ئاسان بگەیەنێت و بیرۆکەکانی بەباشترین شێوە ڕێکبخات.

واتە هەموو ئەو توانایانە پێویست ناکات بە یەک شێوە و لە یەک کاتدا پەرەیان پێبدرێت؛ گرنگ ئەوەیە هێدی هێدی دەبنە پاڵپشت و هێز بۆ یەکتری .

بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوەش ببین کە کۆکردنەوەی زۆر ئارەزوو، بەبێ کارکردنی ڕاستەقینە لەسەریان، بەرهەمی زۆر دروست ناکات. جیاوازیی نێوان کەسێکی فرەلێهاتوو و کەسێکی تەنها سەرقاڵ ئەوەیە کە یەکەمیان تواناکانی پەرە پێدەدات و ئامانجێکیان پێ بەدەستدەهێنێت و دەیانگەیەنێتە ئەنجامێک؛ دووەمیان لە نێوان دەستپێکردنی شتی زۆر و تەواونەکردنیاندا دەمێنێتەوە.

لە کۆمەڵگەیەکدا کە گۆڕانکارییە ئابووری، تەکنەلۆژی و کەلتوورییەکان بە خێرایی ڕوودەدەن، گەنج پێویستی بە فێربوونی بەردەوام هەیە. ئەمڕۆ تەنها زانینی یەک پیشە لەوانەیە بەس نەبێت؛ لە زۆر بواردا پێویستە گەنج بتوانێت پەیوەندی دروست بکات، بیر بکاتەوە، کێشە چارەسەر بکات و خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنێت و گەنجێکی سەردەمی بێت.

بەڵام ئەمەش نابێتە هۆی ئەوەی هەموو شتێک فێر ببین. کاتی مرۆڤ سنووردارە و هەموو هەڵبژاردنێک نرخی خۆی هەیە، هەر هەنگاوێک دەکرێت بەشێکی زۆر لە وزە و هێز و کاتمان بەرێت.

بۆیە گەنجێکی زیرەک دەتوانێت ئەم سێ پرسیارە لە خۆی بکات:

١. چ توانایەکم هەیە و دەمەوێت کام بەهرە و توانام لە ژیانمدا بە ئاستێکی بەرز بگەیەنم؟

٢. ئایا ئەگەر دەست بەفێربوونی شتێکی نوێ بکەم، دەتوانن خزمەت بە بواری سەرەکی ژیانم بکەن؟ ئایا لەخزمەت ئامانجە گەورەکەمدان؟

٣. ئەمڕۆ چ هەنگاوێکی بچووک دەتوانم بنێم کە لە ساڵێکی داهاتوودا ئەنجامێکی گەورەترم پێ ببەخشێت؟

پێویست ناکات هەموو وەڵامەکانت لە تەمەنی بیست یان سی ساڵیدا بدۆزیتەوە. مرۆڤ لە ڕێگای ئەزموون، هەڵەکردن، خوێندنەوە و گۆڕینی بڕیارەکانیشەوە خۆی دەناسێت و لەڕێگەی ناسینی ئەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییانەوە، باشتر خۆی دەناسێت.

بەڵام ئەوە بزانە تۆ تەنها ناونیشانێک نیت

مرۆڤ تەنها پیشەکەی نییە. وەک چۆن چەندین پێناسەی دیکەی پێوە لکاوە وەک: نەتەوە، ئایین، ڕەگەز، چین و پلەی کۆمەڵایەتی، جەستە و ڕوخسار…

بۆ ئەم بابەتەش وایە، تۆ دەتوانیت موزیسیان بیت و پسپۆڕیت لە بوارێکی دیکەش هەبێت؛ مامۆستا بیت و نووسەریش بیت؛ ئەندازیار بیت و هونەریش بکەیت. بەڵام ئەوەی گرنگە، ئەوە نییە چەند ناونیشانت هەیە؛ گرنگ ئەوەیە لە چەند بوارێکدا بە ڕاستی فێر دەبیت، کار دەکەیت و بەرهەم دروست دەکەیت.

ئەگەر تەنها یەک ڕێگا هەڵدەبژێریت، بە ئاگایی هەڵیبژێرە، ئەگەر دەزانیت کە دەرفەتت هەیە و ڕۆژانە کاتێکی زۆری بەتاڵت هەیە، فەرموو دەستبکە بە فێربوونی شتێکی نوێ و ئەم بابەتە بۆتۆ زۆر گونجاوە.

لە کۆتاییدا، پرسیارەکە ئەوە نییە: «ئایا بەڕاستی دەتوانم هەموو شتێک بکەم؟»

پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە: «لەو تواناییانەی کە هەمن و  لەمندان دەتوانم پەرەیان پێبدەم، کامانە دەتوانن ژیانێکی بامانا بۆ من و خزمەتێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگەکەم دروست بکەن؟»

لەوانەیە وەڵامی ئەم پرسیارە، ڕێگای تایبەتی تۆ بێت؛ ڕێگایەک کە نەک تەنها یەک پیشە، بەڵکو کۆی ئەزموون و تواناکانت پێکەوە دروستی دەکەن، ئیدی مرۆڤ بوونەوەرێکی سەرسوڕهێنەری خودایە، ژیان و ئەزموونی هەریەکەمان جیاوازە لەوی تر، هەر یەکەمان خاوەن ڕێگا و پەیامی تایبەت بە خۆیەتی، مرۆڤی ژیر ئەوەیە کە باش خۆی دەناسێت و پەیام و ئامانجە ڕاستەقینەکەی ژیانی دەدۆزێتەوە و بۆ ئەوە دەژی.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

ڕێژوان تەها ڕەزا | نووسەر و موزیسیان ژەنیاری باغڵەمە و عود، کۆمپۆسەر، مامۆستای موزیک و نووسەرە. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە بواری موزیک و کولتووری کوردیدا چالاکە. دامەزرێنەری ماڵی نالی و لە دامەزرێنەرانی ئۆرکێسترای گەنجانی نەوایە. سەرنجی لەسەر پاراستن و نوێکردنەوەی میراتی موزیکی کوردییە.