گروپی کیژانی کوردستان یەکەم کۆنسێرتی خۆی لە بەرواری ٥ی ٨ی ٢٠٢٦ لە شاری سلێمانی پێشکەشکرد. لە یەکێک لە پارچە موزیکەکاندا خانمێک رابەری کارەکەی کرد کە خاتوو ماریا موستەفا بوو، کە یەکەم خانمی کۆنداکتەرە لە کوردستاندا.
وەک موزیکناس چاوپێکەوتنمان لەگەڵدا ئەنجامدا و لەبارەی ژیانی هونەری و کار و چالاکییەکانی بۆمان دوا.
لەبارەی دەستپێکی کاری هونەریت بۆمان بدوێ.
ماریا موستەفا: سەرەتای دەستپێکی موزیکم بە کڕینی گیتارێک دەستی پێ کرد، هەرچەندە داهاتێکی زۆرم نەبوو و باری دارایم نەگونجاو بوو، نەمدەتوانی بیکڕم!بەڵام ڕۆژانە هەزار دیناری رۆژانەکەم دەخستە لاوە بۆ ئەوەی خەونەکەمی پێ بهێنمە دی، پاش کڕینی گیتارەکەم لە پۆلی ٩ دەستم کرد بە ژەنینی گیتار بەبێ نۆتە و بەبێ مامۆستا تەنها لە ڕێگەی یوتوب خۆم فێردەکرد، بەشی زۆری ڕۆژەکەم بە ژەنینی گیتارەکەم بەسەر دەبرد؛ لەسەرەتادا خێزانەکەم زۆر بەم بابەتە نیگەران بوون، کەوتنە لۆمەکردنم لەبەر ئەوەی پێیان وابوو موزیک کاری شەیتانە و بە گونجاویان نەدەزانی. پاش تەواو کردنی پۆلی ٩ من سوور بووم لەسەر ئەوەی کە بچمە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، خێزانەکەم سەرەتا ڕێگرییان دەکرد، چونکە لە خێزانی ئێمە من تاکە موزیکژەن بووم، هەروەها کچیش بووم! بەڵام موزیک بۆمن بابەتێکی ڕۆحی بوو و بەبێ موزیک نەمدەتوانی. بەم جۆرە من ڕێچکەکەم شکاندو و بووم بە یەکەم موزیکژەنی کچ لە خانەوادەکەمدا، سەرەتا کۆمەڵێ ناخۆشی زۆرم تووش بوو، بەڵام کە چوومە پەیمانگەی دایک (پەیمانگەی هونەرە جوانەکان) وردە وردە شتەکە لای خانەوادەکەم ئاسای بوونەوە و پاشان لەوێ دەستم کرد بە فێربوونی ئامێری ڤیۆلا، ماوەی ٤ ساڵە ڤیۆلاکەم دەژەنم،ئەوەی جێی سەرنج بوو لەلای مامۆستاکانم کە زۆر بەخێرایی پێش ئەکەوتم لە ماوەی چەن مانگێک گەشەیەکی بەرچاوم کرد.
کەی بۆ یەکەم جار هەستتکرد حەزت لە فێربوونی کۆنداکتینگە؟
ماریا موستەفا: مامۆستاکەم زۆر دڵخۆشبوو بە گەشەی خێرام لە ئامێری ڤیۆلادا، بۆیە منی کردە گرووپی کۆژەنی پەیمانگە کە لەلایەن مامۆستا (بەژدار ئەحمەد) ڕابەری دەکرا، یەکەم تێبینی من کە ڕۆشتمە گرووپی کۆژەن سەرنجم لەسەر ڕابەری بوو و مەیلم بۆی هەبوو! دەمگوت تۆ بڵێی ڕۆژێک بگەمە ئەو ئاستەی بتوانم من ڕابەری گروپێک بکەم؟ بە ئامانجێکی دوور و خەونێکی ئاستەم ئەمبینی سەرەتا.

یەکەم چالاکی موزیکیت کەی بوو؟
ماریا موستەفا: یەکەمین چالاکی موزیکیم لە یەکەم ساڵی پەیمانگە بوو، لە قۆناغی یەکەم بەژداری کۆنسێرتی کۆژەنی پەیمانگەم کرد کە لە تەلاری هونەر کارەکان پێشکەش کران،کۆمەڵێک ئاستەنگیش هاتە پێشم لە بەشداریکردنم لەو کۆنسێرتەدا، چونکە هاوڕێیانم لە قۆناغەکانی کە پێیا قبوڵ نەدەکرا کە من لەسەرەتای ئامێری ڤیۆلادام و لە قۆناغی یەکم و بەژداری کۆنسێرتێک بکەم.
بەربەست و ئاستەنگەکان بێ هیوایان نەدەکردیت؟
ماریا موستەفا: نەخێر، ساڵ بە ساڵ زیاتر پێش ئەکەوتم، چونکە بە دڵ موزیکم خۆش دەویست، ڤیۆلام زۆر خۆش دەوێت! پاشان لە بەروای ٥ی ٩ی ٢٠٢٤ بەشداری یەکەمین کۆنسێرتی (ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی)م کرد لە هاوینی قۆناغی دووەمی پەیمانگەم. پاشان لە گروپ و ئۆرکێسترای دیکەش موزیکم دەژەند، لەوانە ئۆرکێسترای گەنجانی نەوا. بۆیە خۆم زۆر بە خۆشحاڵ ئەزانم کە بەرهەمی هەوڵ و ڕاهێنان و ماندوبوونەکانم دەبینمەوە و ئەمە هاندەرە بۆی نەوەستم و بێهیوا نەبم.
کەی دەستت بە فێربوونی کۆنداکتینگ کرد؟
ماریا موستەفا: بەردەوام ئەو خەونە گەورەیەم هەبوو کە ڕۆژێک ئەبێت ببمە خانمێک وا کە بتوانم ڕابەری گروپێک یاخود ئۆرکێسترایەک بکەم! ئەوە بوو لە بەرواری ١٥ی ١٢ی ٢٠٢٤ بەڕێز (هانس ڕۆتمان) لە ئەڵمانیاوە هات بۆ ڕابەری ئۆرکێسترای سیمفۆنی سلێمانی، ئەوم لە نزیکەوە ناسی و وتی ئەتوانم کڵاسی کۆنداکتینگت پێ بڵێمەوە پێش ڕاهێنانەکانی ئۆرکێسترا. منیش ئەو هەلەم قۆستەوە و زۆر دڵخۆش بووم پێی؛ ڕۆژانە ٢-٣ کاتژمێر وانەم لا دەخوێند هەموو کات هیوای پێم هەبوو دڵخۆش بوو بەوەی کە زۆر هەوڵی فێربوون دەدەم، پێی خۆش بوو یەکێک بووم لەو کچانەی بەردەوام هەوڵم ئەدا فێری زانست ببم، بەردەوام لە بابەتەکانم بەوردی دەکۆڵییەوە.

پاش ئەمە، ئایا هەلی ئەوەت بۆ رەخسا کە گەشە بەم حەز و توانایەت بدەیت؟
ماریا موستەفا: بۆ جارێکی دیکە بەڕێز (هانس ڕۆتمان) گەڕایەوە، دوبارە وانەم لەلای دەخوێندەوە، زۆر سوپاسگوزاری ئەوم بۆ هەموو ئەو شتانەی فێری کردم. لە بەرواری ٣١ی ٧ی ٢٠٢٥ هانس ڕۆتمان لە نۆزدەهەمین ساڵی (یەس ئەکادیمی) لە عێراقدا، ئەویش هات و وانەی کۆنداکتینگی دەگوتەوە لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی، کارێکی پێدام لەگەڵ ئۆرکێسترای ئەو ساڵەی یەس ئەکادیمی، کە من ڕابەری بکەم، بەمە زۆر دڵخۆش و ئاسوودەبووم، لە هەمان کاتدا کەمێک ترسم هەبوو، هەموو شتێک هەروایە لە سەرەتادا! یەکەمین ئەزموونم جێبەجێکرد وەک کۆنداکتەر، هەڵەشم ئەکرد، بەڵام بێ گومان مرۆڤ لە ئەزموون کردن و هەڵەکردنەوە شتەکان باشتر فێردەبێت، ئەو کاتە بوو کە بەخۆمم گوت: ماریا بۆچی دەترسیت؟ تۆ هەنگاوی زۆر باشت ناوە! لەگەڵ ئەوەش من سوپاسی دانە بە دانەی مامۆستایانی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی سلێمانی دەکەم، بە تایبەت مامۆستا (بەژدار ئەحمەد) و (ئالان محمد سدیق) کە هەمیشە هاوکارم بووم ڕێگە خۆشکەر بوون بۆ ئەوەی من بتوانم خەونەکانی خۆم بکەم بە ڕاستی و هاوکارم بن لە ئەم بابەتەی کە بەڵێ، خانمێکیش دەتوانێت ببێتە ڕابەری ئۆرکێسترایەک! من ئەوەم کرد و پێم وابێت یەکەم خانمی کوردم لە کوردستانی گەورەدا کە رابەری ئۆرکێسترابووم، رەنگە لە عێراقیش.
ئایا لە پەیمانگە هەلی ئەوەت بۆ رەخسێندرا وەک خانمێک ئەزموونی زیاتر بکەیت و رابەری ئۆرکێسترا و گروپەکانی پەیمانگە بکەیت؟
ماریا موستەفا: بەڵێ! یەکێک لە باشترین ئەزموونەکانم ئەوە بوو کە لە وانەی کۆژەن مامۆستای ئەزیزم (بەژدار ئەحمەد) یەکێک لە بەرهەمەکانی پێدام بۆ ڕابەری کردن،کۆمەڵێک ئاستەنگی هاتە پێش وە قسەکرا لەسەر ئەوەی کە نابێت خوێندکارێک ڕابەری بکات بەڵام مامۆستا ئازیزەکانم (بەژدار ئەحمەد) و (ئالان محمد سدیق) بەوپەڕی شانازییەوە هاوکارم بوون و سوور بوون لەسەر ئەوە ئەم کارە بکەم، چونکە ئەوان بڕوایان بە تواناکانی من هەبوو ،لە بەرواری ١١ی ١٢ی ٢٠٢٥ بۆ یەکەمین جار لە ناو هۆڵی پەیمانگە، وەک کچێک و خوێندکارێک ڕابەری ئۆرکێسترایەکم کرد. خۆم بێئاگا بووم لەوەی کە یەکەمین خانمم کە ئەو ڕێچکەیەم شکاندووە و ڕابەری گروپێکم کردووە و بۆ یەکەمین جارە کە شتێکی وا ڕووبدات، بوومە مایەی خۆشحاڵی بۆ زۆرێک لە مامۆستاکان و هاوڕێکانم. دڵخۆشی و شانازی بە چاوەکانیانەوە دیار بوو، بە گەرمی لەباوەشیان دەکردم، من زۆر سوپاسی هەموو کەسە ئازیزەکانم ئەکەم کە پاڵپشتم بوون و بڕوایان پێم بوو .

باسی کۆتا ئەزموونی خۆتمان بۆبکە، کە لەگەڵ گروپی کیژانی کوردستان دەرکەوتیت، رابەری ئەو گروپەت کرد.
ماریا موستەفا: لە بەرواری ٥ی ٨ی ٢٠٢٦ توانیم ڕابەری گروپێک لە خانمانی موزیسیانی هەرچوارپارچەی کوردستان بکەم بە ناوی (گروپی کیژانی کوردستان) بە سەرپەرشتی مامۆستا (هۆگر محەمەد). سوپاسی ئەکەم کە ئەوێش یەکێک بوو لەو کەسانەی بڕوای بە تواناکانم هەبوو، یەکێک لە کارەکانی پێدام کە من رابەری بکەم. ئەویش یەکێک لە کارەجوانەکانی (نەجمەدین غوڵامی) بوو. گۆرانی (سروەی بەیان) ئارێنژی (توانا خورشید)، دووبارە بێ ئەگا بووم لەوەی کە من یەکەمین خانمی کوردم لە تەواوی کوردستان کە هەستاوم بە ڕابەری کردنی گروپێکی گەورە لە کۆنسێرتێکی گەورە بە ئامادە بوونی زیاتر لە هەزار کەس تا ئەوەی مامۆستا و هاوڕێکانم ئاگاداریان کردمەوە کە لەم بابەتە مێژووییە ئاگاداربم .
سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەگەڵم بوون و هاوکارم بوون لە بەرەوپێشچوونەکانم. پێش ئەوان سوپاس بۆ خۆم کە سەڕەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و ناڕەحەتیانەی توشم ئەبوون و بەردەوام دەهاتنە ڕێگەم، وەک کچێک و موزیسیانێک. کەچی هەر بەردەوام بووم و کۆڵم نەدا، نەک لەبەر ئەوەی کە من پێداگرم لەسەر ئەوەی ئەبێ ئەنجامی بەم، بەڵکو لەبەر ئەوەی موزیک بەشێکە لە ڕوحم،ئەمەش سەرەتای ڕێگەکەمە نەک کۆتایی…
لە کۆتایدا ئەمەوێ بڵێم: من لێرە نیم تا بڵێم کچێکیش دەتوانێت ئەنجامی بدات! من بۆ ئەوە لە دایک نەبووم کە خۆم بگونجێم، بەڵکو هاتووم ڕێچکەکە بگۆڕم و ئەو دەرگایە بکەمەوە بۆ هەموو ئەو کچە بەهێزانەی کە ڕۆژێک پێیان گوتراوە ئێوە ناتوانن!




