
کامیلۆ ئاڕتمەند
(دوو نمایش، دوو تێڕوانین)
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بینەری دوو پرۆفۆرمانسی تەواو جیاواز بووین لە لایەن دوو هونەرمەندی دیاری کوردستانەوە. لە ڕوانگەی ستراتیژیی هونەرییەوە، دانانی ئەم دوو نمایشە وانەیەکی زۆر باشمان پێ دەدات لەسەر جیاوازیی قووڵی نێوان نمایشی کاتی و ڕەسەنایەتیی هونەر.
لە لایەکەوە، پرۆفۆرمانسە خێرا، کارنەکراو و سەرلێشێواوەکەی شوان عەتووفمان بینی. کێشەی گەورە لێرەدا ئەوەیە؛ ئەو کاتەی هونەرمەند دەیەوێWOW بێت و بە هەر جۆرێک بێت بینەر شۆک بکات، زۆرجار بەرهەمەکە دەبێتە قوربانیی فۆرمێکی بێمانا.
لە نمایشەکەی کاک شواندا، زۆر بە ڕوونی هەست دەکرا کە پرۆڤەی پێویست و ڕاهێنان و ئامادەکاری پێوەی دیار نەبوو. تێکەڵکردنی فۆرمێکی پڕ لە ژاوەژاو لەگەڵ دەقێکی قورس و مێژوویی، وای کرد کارەکە ببێتە تاقیکردنەوەیەکی کاڵ و کرچ کە نەک هەر نەیتوانی سەرنجی بینەری جدی ڕابکێشێت، بەڵکوو بووە هۆی دروستبوونی دابڕانێکی گەورە لە نێوان پەیام و وەرگردا.
هاوکات لەم رۆژانەدا، پرۆفۆرمانسە زۆر جوان و پڕ لە هەستی کاک دیاری قەرەداغیمان بینی. جیاوازییە گەورەکە هەر لێرەدایەi بە بێ زەخت و هەوڵ بۆ WOW بوون، پەنا دەباتە ڕەسەنایەتی و سادەیی و هەست و ناخ و سۆزی هونەری کوردی. ئەو بەبێ هیچ زیادەڕەوییەک، بەبێ نویزی بینراو و بێ ئەوەی خۆی لە قاڵبێکی بێگانە لەگەڵ هزر، حەز، خواست، فەرهەنگی گشتی گیر بکات، بە ئارامی لەسەر ستەیج وەستا و کارەکەی پێشکەش کرد.
ئەم بەراوردە، بە ڕوونی کێشمەکێشی نێوان هونەری «واو» و هونەری «باو»مان بۆ دەردەخات. مامۆستا دیاری سەلماندی کە کاریگەریی ڕاستەقینە و مانەوە لە هزری خەڵکدا، پێویستی بە نمایشێکی کاڵ و کرچ نییە. سادەیی و تێگەیشتن لە جەوهەری هونەری ڕەسەن، هەمیشە بێ دروستکردنی شۆکی کاتی، بە هێمنی ڕێگەی خۆی بۆ ناو دڵ و هۆشیاریی بینەر دەکاتەوە.



