بەرهەمی سیمفۆنی ژمارە 45 کە بە “سیمفۆنی ماڵئاوایی” (Farewell Symphony) ناسراوە، چیرۆکێکی سەرنجڕاکێش و تا ڕادەیەک تەنزاویی لە پشتە کە پەیوەندی بە ژیانی کارکردنی جۆزیف هایدنەوە هەیە لە کۆشکی هاوینەی شازادە “نیکۆلاس ئێستەرهازی”. هۆکاری سەرەکی نووسینی ئەم سیمفۆنیە وەک نامەیەکی ناڕەزایەتی بێدەنگ بوو بۆ شازادە.
بۆچی نامەی ناڕەزایەتی بوو؟
شازادە نیکۆلاس زۆر سەرسام بوو بە کۆشکە هاوینەییەکەی (ئێستەرهازا)، بۆیە لە ساڵی 1772 دا بڕیاریدا ماوەی مانەوەی لەوێ درێژ بکاتەوە. ئەمەش وایکرد موزیکژەنەکانی ئۆرکێستراکەی هایدن ناچار بن بۆ ماوەیەکی زۆر لە خێزانەکانیان دوور بکەونەوە کە لە “ئایزنشتات” نیشتەجێ بوون، چونکە ڕێگە نەدەدرا ژن و منداڵی موزیکژەنەکان بێنە کۆشکە هاوینەییەکە. مۆسیقارەکان بێزار و خەمبار ببوون و دەیانویست بگەڕێنەوە لای خێزانەکانیان، بۆیە پەنایان بردە بەر هایدن (کە ڕابەری ئۆرکێستراکە بوو) تا چارەسەرێک بدۆزێتەوە. هایدن لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی شازادە ببێتەوە، بڕیاریدا لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە پەیامەکەی پێ بگەیەنێت. هایدن سیمفۆنییەکەی بە شێوازێک داڕشت کە لە کۆتاییەکەیدا (Adagio)، یەکە یەکە موزیکژەنەکان لە ژەنین بوەستن، مۆمەکانی سەر ستاندنی نۆتەکانیان بکوژێننەوە و ئامێرەکانیان کۆبکەنەوە و هۆڵەکە بەجێبهێڵن. لە کۆتاییدا تەنها دوو کەمانچەژەن دەمێننەوە (کە یەکێکیان خودی هایدن بوو) بۆ تەواوکردنی کارەکە.
دەرئەنجامی ئەم پلانە چی ڕویدا؟ ئەو شەوەی کە ئەم شاکارەی تێدا پێشکەشکرا، پلانەکە بەسەرکەوتووی لەلایەن هایدن و ژەنیارانەوە جێبەجێکرا، هەر زوو شازادە نیکۆلاس لە پەیامە ناڕاستەوخۆکەی هایدن تێگەیشت. دەگێڕدرێتەوە کە دوای کۆتایی هاتنی مۆسیقاکە، شازادە وتوویەتی “باشە، مادام هەمووان ڕۆیشتن، ئێمەش سبەینێ دەڕۆینەوە” بەم شێوەیە هایدن توانی بە لێهاتوویی و بەبێ دروستکردنی کێشە، داواکاریی موزیکژەنەکان جێبەجێ بکات، سەرەڕای ئەوەش شاکارێکی موزیکی و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی سەرکردەیەکی موزیکی لە نێو تۆمارەکانی مێژووی موزیکی جیهاندا بنوسێتەوە.



