کاتێک فێری گۆرانی وتنی کردن، کۆرسێکی دروست نەکرد، بەڵکو بەندیخانەیەکی بەگشتی لەبێدەنگی دەربازکرد!

خۆشناو محەمەد
لەنێو بەندیخانەی قوتابخانەدا، منداڵەکان خراپەکار نەبوون، تەنها دەنگێک بوون کەس نەبوو گوێیان لێبگرێت.
توێکاری فیلمی Les Choristes – 2004 ی فەڕەنسی، تەنها فیلمێک نیە سەبارەت بەمیوزیک، فیلمێک بوو سەبارەت بەوەی چۆن مرۆڤێک دووجار لەدایک دەبێت: جارێک لەدایکیەوە، جارێکی تر کاتێک بۆیەکەمجار گوێی لێدەگیرێت.
چیرۆکی مامۆستایەکی دیاردە، فەڕەنسای ١٩٤٩، بەشەناوخۆیی قوتابخانەیەکی منداڵە سەڕکێشەکان، قوتابخانەیەک لەلایەن بەڕێوەبەرێکی توڕە و توندڕەوە بەڕێوەدەبرێت لەسەر بنەمای Action – Réaction هەموو هەڵەیەک خێرا سزای هەیە، مامۆستایەکی میوزیکی شکستخواردوو دێت، (کیلمان ماتیو) هیچی پێ نیە جگەلە جانتای ئاوازەکانی نەبێت، لەبری سزای خوێندکارەکان، کۆیان دەکاتەوە دەیانکات بەیەک کۆرس و فێری ئاواز و گۆڕانیان دەکات.
چیرۆکێکی سادە، بەڵام فەیلەسوفێکی فەڕەنسی هاوشێوەی جەنگێکی فیکری دەیخوێنێتەوە!
فەلسەفەی سزا: فۆکۆ لەنێو شیوێکدا
بەڕێوەبەر ڕاشین وێنایەکی زیندووی تێکستەکەی میشێل فۆکۆیە(چاودێری و سزا)، قوتابخانە شوێنێک نیە بۆپەرەوەردەکردن، بەڵکو بەندیخانەیەکی بچوکە، ژوورەکان، زەنگ، تۆماڕەکان، سزای بەکۆمەڵ، ڕاشین نایەوێت منداڵەکان فێربکات، دەیەوێت جەستەیان دەستەمۆبکات!
ماتیۆ بەپێچەوانەی بەڕێوەبەرەکەیەوە، فەلسەفەی ئەو بریتیەلە: منداڵ بەسروشت خراپ نیە، بەڵکو خراپیەکەی هۆکاری ئەوەیە کۆمەڵگە پشتگوێی خستووە، کاتێک منداڵێک دزی دەکات، ڕاشین بەندی دەکات، ماتیۆ دەپرسێت: بۆ دزی دەکات؟ لەچ شتێکی نوقسانە؟
میوزیک وەک ئەنتۆلۆجیا… ڕێگایەک بۆ وجود
بۆ میوزیک، بۆ تۆپی پێ نەبوو یان وێنەکێشان؟ چونکە ئەم فیلمە وەک حاڵەتێکی وجودی مامەڵە لەگەڵ میوزیکدا دەکات، نەک تەنها چالاکیەک!
ئەگەر میوزێک نەبێت گەردوون کەم و کورتی تێدایە(نیچە)
لەفەلسەفەدا جیاوازی هەیە کاتێک شتێک دەکەیت تان بتەوێت شتێک بیت، منداڵەکان لەقوتابخانەکەدا کاردەکەن: پاککڕدنەوە، سزادان، کاتێک گۆرانی دەڵێن، لەکردارەوە دەگۆڕێن بۆ بونەوەرێک، دەنگی ئەوان بۆشاییەکان پڕدەکاتەوە لەپشت غیابی دایکەوە، غیابی خۆشەوویستی، غیابی داهاتوو.
سەرنجی ڕێکخستن بدە:
پیپینۆ: ئەو منداڵەی هەموو شەممەیەک چاوەڕی باوکی دەکات لەدەرگای قوتابخانە بدات، گەرچی باوکی مردووە، ئەوە باوەڕی بێماناییە. چاوەڕوانی کامۆ..!
مورهانج: دەنگێکی فریشتەیی و ڕوخسارێکی شەیتانی، ئەو پێکدادانی ئەفڵاتۆنیە، دەنگی ئەو پاکە چونکە بەپیسی جیهان پیس نەبووە، بەڵام هەڵس و کەوتی توندە چونکە لەجیهانێکی توندەوە فێربووە، ماتیۆ هەڵس و کەوتی چاکناکاتەوە، بەڵکو دەنگی ئازاد دەکات، بەم شێوەیە هەڵس و کەوت باش دەبێت!
ماتیۆ: هونەڕمەندێکی شکستخواردوو بەپێوەرە بازاڕیەکان، چونکە نەبووەتە میوزیسیانێکی بەناوبانگ، ئەم فیلمە بیرۆکەیەکی نیچەیی مەترسیدارمان پیشان دەدات: بەها سەرکەوتن نیە، بەڵکو ئەوەیە هۆکارێک بیت لەپێناو سەرکەوتنی ئەوانیتر، ماتیۆ نەیتوانی سامفۆنیایەکی نەمر بنوسێتەوە، بەڵام ئەو گەروانەی دروستکرد بخوێنن!
نیگا و دانپێدانان
هەموو فیلمەکە بەگشتی لەسەر بنەمای فەلسەفەی دانپێدانان لای هیگڵ بونیادنراوە، منداڵ بوونی نیە تائەوساتەی کەسێکی تر دانیپێدادەنێت!
ڕاشین وەک ژمارە سەیری منداڵەکان دەکات، وەک دۆسیە، ماتیۆ پێی وایە هەریەکێکیان دەنگێکی دەگمەنە: تینۆر، باریتۆن، تەنانەت دەنگە نەشازەکان لای ئەو پێگەی هەیە و هەڵگری نۆتەیە، ئەو ڕستە بەناوبانگە: تۆ بێکەڵک نیت، تۆ هەڵگری نۆتەیەکیت. ئەوساتەیە دانپێدانانی وجودی ڕوودەدات، یەکەمجارە، ئەو منداڵەی بێسوودە دەگۆڕێت بۆ پێوویستیەک بۆ هەموان لەنێو پێکهاتەی کۆرسەکەدا!
ئەم کۆرسە، منداڵەکان، نمونەیەکی بچوککراوەی کۆمەڵگەی نمونەییە، کەس بەتەنها گۆرانی ناڵێت، کەس بەتەنها بێدەنگ نابێت، تاک بەبێ پاراستن دەتوێتەوە!
یادگە و هەتاهەتایی
هێڵی زەمەنی ئەم فیلمە گرنگ بوو، ئێمە ڕاستەوخۆ بینەری فیلمێک یان چیرۆکێک نەبووین، بەڵکو لەڕێگەی یادەوەرەیەکانی ماتیۆ کاتێک مورهانج پاش پەنجاساڵ دەیخوێنێتەوە، ئەو بۆتە سەرکردەی ئۆرکسترای جیهانی.
کۆتا فەلسەفەی ئەم فیلمە: چی دەمێنێتەوە؟ ڕاشین هەژمونێکی بونیادنا، ونبوو، ماتیۆ ئاوازێکی نووسیەوە، ئاوازیکی سادە لەسەر کاغەزێک، بەڵام پەنجاساڵ ژیا لەدڵی منداڵێکەوە تاکۆتایی!
ئەم فیلمە وەڵامی پرسیاڕێکی ئەڕستۆ دەداتەوە: کردەوەی ئەخلاقی چیە؟
کردەوەیەک نیە خێرا پاداشت بکرێت، بەڵکو ئەو کردەوەیە پاش ڕۆشتنی خاوەنەکەی هێشتا زەنگ لێدەدات، هاوشێوەی کۆڕاڵ، ئەو دەنگەی کۆتایی نایەت، بەڵام زەنگی قوتابخانە بەدیوارەوە دەمێنێتەوە!
لەکۆتاییدا ئەم فیلمە خەمبار یان شادیهێنەر نەبوو، بەڵکو فیلمی Les Choristes دەربازبونێکی هێمن بوو، کەس هەڵنەچوو، کەس بەشێوازێکی درامی نەمرد، دەربازبوون ئەوکاتە ڕوویدا منداڵێک دەم دەکاتەوە کەپێی وابوو دەنگی نیە، دەنگی دەبیسترێت، بەم شێوەیە جیهان دەزانێت بوونی هەیە.



