٢٥ ساڵ پێش ئێستا فەرشی سوورێک بۆ من لە هەندەران ڕاخرابوو، بەڵام من گۆڕیمەوە بە خزمەتکردن بە مۆسیقایەک کە لە ڕاستیدا بۆبەری من نەدورابوو .
سووڕی گەردوون هەر لە منداڵییەوە منی لە زێد و نیشتمان هەڵکەند و لە هەندەران چاوم کردەوە.
ڕووی قسەکانم لە هەر هەمووتانە.
بێ فەرق و جیاوازی..
لە چەپەوە بۆ ڕاست، لە ڕاستەوە بۆ چەپ.
لە زەرد ،لە سەوز، لە سوور، شین و مۆر…هتد
درۆ و مجاملە کاری خۆتانە.
ئەرێ ئێوە کێن، ئەی خێڵی درۆ؟! وا دیارە لە نیشتمانی ئێمەدا فەرشی سوور بۆ بێگانە هەمیشە ڕاخراوە .کێ بیهەوێ وەک نێرگەلە بە دەمیەوە دەنێت…کێ بیهەوێ لە پێیدەکا…فەرشی سوور ڕاخراوە و ئەو سەری دیار نییە.
جگە لەوانەی دڵسۆز و خەمخۆری گەلن.
ئەی هاوار!!!
ئەرێ ئێوە کێن، ئەی خێڵی درۆ؟!
بە کام ڕستە و وشە باوەڕ بکەم؟
بە وەسف و پيهەڵدانتان؟
یان بەو ڕاستییەی کە دەیبینین؟
باش دەزانم کە من تەنها نیم، زۆرن خەمخۆرانی وەکوو من.
بەس بمزانیبا ئەوانەی کە وەکوو ئێمە نین، کێن؟
ئەرێ ئێوە کێن، ئەی خێڵی درۆ؟
لە ماوەی ئەم بیست و چەند ساڵەدا تامەزرۆی ئەوەم کە بۆ یەک جاریش بێت، لەسەر زێد و خاکی باپیران ئارشە بە سەر چوار ژێی ناقابیلدابێنم و
دڵی خۆم و کەسانی وەک خۆم ساڕێژ بکەم.
مەگەر ئێمە گەل چیمان دەویست لە نیشتمان؟!
جگە لە تۆزێک شەرەف…
تا کەی دوور بڕوانم؟
لەبەر چی ئاسۆی ئێمە ئەوەندا ناڕوون و دوورە؟
تۆ بڵێی ڕۆژێک بێت کە لەسەر ئەو خاکەی کە بەقەد رۆحم خۆشم دەوێت،
بە دڵ، بە گیان،
ئارشە بە سەر ئامێرەکەمدا بێنم؟
ئاخو کەی دێت؟
تۆ بڵێی ئەو ڕۆژە ئەگەر بێت، تازە درەنگ نەبێت؟!
ئارەزوومە کە بۆ جارێکیش بێت،
بیژەنم هەوای سەفەر و سەحەرە،
حەیران و لاوک، خاوکەر و ئای ئای…
بیژەنم بۆ لاوی چاوڕەش و چاوگەشی کورد.
بۆ دایک و باوکی جگەرسووتاوی کورد. ئارەزووی من بچووکە، ئەما تا بفەرموی شیرینە.



