بەشی دووەم: کارا فاتیح
بەندبێژی سەر بە کولتووری زارەکییە زارەکیبوون سیفەتێکی هونەری میللییە، کولتووری زارەکی (Oral Culture) بڕوای بە دەقی نووسراو نییە، یان ڕاستی بۆیە زارەکییە چونکە بە هەر هۆکارێک بێت نەنووسراوەتەوە، ئەو بەندبێژانەی ئەم کولتوورە پەرە پێ دەدەن، ناچنەوە سەر کتێب و لە نووسراو و دیوان و شاکارەکانی شیعر و ئەدەبیاتەوە نایەنە دەر، شتێک نییە ناوی پەڕەی نۆتە بێت و ئاوازەکانیان نووسرابنەوە، ئەوەی دەیڵێن خۆیان لە بەری دەکەن و لە سینەیان دا هەڵی دەگرن و بەردەوام دەیڵێنەوە، یان پرۆڤەی لە سەر دەکەن یان ڕاستەوخۆ دەیڵێن یان لە ژێر و کاریگەری و داواکاری… هتد بەندەکان ددادەڕێژن و ئاوازەکان دەچڕن، لەم پاشاگەردانییە دا دەبێت دەنگی ژن بتوانێت چی بکات؟
پێش پەیدابوونی خوێندەواوی و زەمەنی نووسین و داهاتنی کتیب و چاپ لە ناو کورد دا، وەک هەموو کولتوورێکی تری زارەکی، کوردیش هەر لە ڕێگەی زمان و ئاخاوتنەوە (وەک چیرۆک، پەند، گۆرانی، و داستانەکان) مێژوو و دابونەریت و هەموو ئەوەی هەیبووە گواستوەتەوە، ئەمە بۆ ڕابردوو کاتێک نووسین نەبووە، تاکە ئامرازی مانەوە بووە و سۆز و پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی بەهێزی پێ دروست کراوە، بەڵام بەردەوامیی ئەم سیفەتە لە ڕووی زانستی و مێژوویییەوە چەندین لایەنی لاواز و خاڵی نێگەتیڤی تێ دایە، لێرە دا دیارترین کەموکوڕی و خاڵە لاوازەکانی ئەم جۆرە کولتوورە لە ئاستی بەندبێژی دا بەتەنها، نەک بە گشتی، دەخەینە ڕوو:
١- شێواندن و دەستکاریکردنی تێکستەکان: لەبەر ئەوەی کولتووری زارەکی تەنها پشت بە یادەوەریی مرۆڤ دەبەستێت، لە کاتی گواستنەوەی تێکستەکان لە گۆرانیبێژێکەوە بۆ بەندبێژێک یان لە بەندبێژێکەوە بە یەکێکی تر، یان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر، زۆر جار تێکستەکان دەگۆڕێن و زیاد و کەمیان تێدا دەکرێت، دەشێوێنرێن، یان بە پێی بەرژەوەندی و حەز و سۆزی کەسەکە دەستکاریی دەکرێن، ئەمەیش مافی خاوەنانی پێشوو پێشێل دەکات و جۆرێک لە پاشاگەردانیی لە هونەر دا دەهێنێتەوە کایەوە، دەستکاریکردن و شێواندنیش هێندەی گوزارشت لە تاقیکردنەوەی توانای بەندبێژ بۆ وەڵامدانەوە بە خواستی ئامادەبوان دەکات، هێندە سروشتی گوزارشتی لە ناوەوە و ناخی مرۆڤ نییە، ئەمەیش پێچەوانەی خواستی دەنگی مێیینەیە و هێندەی تر لەوە دەکەوێت بتوانێت ئاوێنەی ناخی خۆی بێت.
٢- مەترسیی لەناوچوونی ئاواز و تێکستەکان: بە هۆی ئەوەی ئاواز و تێکستەکان لە مێشکی مرۆڤەکان دان، کاتێک کەسە بەتەمەنەکان و هەڵگرانی ئەو هونەرە دەمرن، ئەگەری ئەوە هەیە ئەو هونەرە بە باش و خراپییەوە بفەوتێت، ئەگەر چی ئێستا بە هۆی میدیا و دیجیتاڵمیدیا و بوونی تۆڕەکۆمەڵایتییەکان لە نێت دا، جۆرێک تۆمارکردن هەیە، بەڵام ئەمانە مەترسییەکە ناڕەوێننەوە، چونکە بە جۆرێک ئەو کایە بێسەروبەرە، دڵنیایی ئەوە نادات ئەوەی لە یووتووب و دیجیتاڵ میدیاکان دا هەیە، ئاخۆ تا کەی بەردەست دەبن و ئایا بۆ هەمیشە ئارشیف دەکرێن و دەمێنن، یان وەک سەردەمی کۆن بە چوونە ژێر گڵی نەوەیەک، یان چەند نەوەیەک، ئەمانیش بە شێوەی مەجازی ژێر گڵ دەخرێن؟ بوونی ژن بە بەندبێژ و تاقیکردنەوەی دەنگ و بەهرەی لەم هونەرە دا هیچی لێ سەوز نابێت، چونکە مەترسیی لەناوچوونی ئاواز و تێکستەکان مەترسییەکی جیدییە، ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت، ئەم هونەرە خۆی پێ ڕزگار ناکرێت، چ بگا بەوەی دەستی ستەم لە سەر ژن لا بدا و دەنگ و سەدای ئازاد بکات.
٣- نەبوونی بەڵگە بۆ خاوەنداریکردن: لە ڕووی زانستی و مێژوویییەوە، خاوەنی ڕاستەقینەی پانتایییەکی زۆری ئەم هونەرە بە بەڵگە و بە شێوەی بەردەستبوونی دۆکۆمێنت نەسەلەمێنراوە کێیە، بۆیە هەر گۆرانییەک لەو گۆرانییانە، یان هەر ئاوازێک لەو ئاوازانە بە شێوەی خولی دەوران دەکات و زۆربەی بەندبێژان بە وەرگرتنی هیچ مۆڵەتێک دەیڵێنەوە، واتە کەس خۆی بە خاوەنی ڕاستەقینەی ئەم گۆرانییانە نازانێت، یان دەشێت هاوکات هەموویان بڵێن هیی منە، هەر وەک زوڵەیخا پشدەری گۆرانییەکانی (لۆرکێ لۆرکێ، ئەی وەی زارا) دەڵێتەوە، ئەم گۆرانییانە هەر چییەک بن و هەر ئاستێکیان هەبێت، نابنە موڵکی ئەو هونەرمەندە، واتە گۆرانیبێژی ژن لەم هونەرە دا بە هیچ شێوەیەک خاوەنی دەنگی خۆی نییە و ناتوانێت ببێتە ئاوێنەی ڕاز و خەون و خەمەکانی خۆی.
٤- ڕێگریکردن لە گەشەی زانستی: هونەری زارەکی بە هۆی سروشتی تۆمارنەکردن و بەردەوام کەڵەکبوونیەوە، هەروەها هونەری بەندبێژییش زەمینەیەکی تیۆری و پشتبەستن بە لایەنی میتۆدی و فکریی نییە، بۆیە لە گەشەی زانستی وەستاوە، هەر چەندە بە شێوەی هەڕەمەکی بە کامێرا تۆمار دەکرێت و لە ئەرشیفی شەخسیی ئەم و ئەو دا هەن، بەڵام ئەمە ناکاتە تۆمارکردنێکی زانستی و بوونی بنەمای تیۆری و هەوڵدان بۆ بەئەکادیمیکردن و پێشخستنی، ئەم سیفەتەیش (گەشەی زانستی) کە لەم هونەرە دا نەبوو، ئیتر ناتوانرێت بۆ ژن وەک دەرچەیەک بۆ ئازادی و پێخستنە جیهانی شارستانی و پێشکەوتن و مەدەنیەتەوە لێی بڕوانرێت.
٥- قەتیسبوون لە جوگرافیایەکی بەرتەسک دا: هونەری زارەکی لە کۆن دا و ئێستایش هونەری بەندبێژیی کوردی، تەنها لە ناو بازنەیەکی تەسک و بچووکی کۆمەڵایەتی و جوگرافی دا دەمێنێتەوە و سنوورەکان ناشکێنێت، بە پێچەوانەی مۆسیقا و هونەری ڕاقی و قووڵەوە، کە دەتوانن سنوورەکانی کات و شوێن ببڕن و بگەنە دەستی نەتەوەکانی تر، ئەمەیش پایەی هاوپشتی و هاوسۆزیی لەم هونەرە دا دەڕمێنێت و بۆ دەنگی ژن دەبێت بە لوتکەی بێدەنگی و هاوارێک، کە هەرگیز ناگاتە هیچ شوێن و هیچ گوێیەکی مەبەست.
٦- دەسەڵاتی ڕەهای بەندبێژ لەم هونەر دا: هونەری زارەکی لە کۆمەڵگای زارەکی دا، بۆ خاوەنەکەی دەبێتە پانتایییەک بۆ پیادەکردنی دەسەڵاتی ڕەهای خۆی بە سەر ئەو هونەرە دا، بەندبێژان بە هۆی سروشتیی زارەکیی هونەرەکەیانەوە دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان، کۆنترۆڵی دەستپێکردن و کۆتایی و گۆڕینی ئاواز و ڕیتم و وشە و هەر شتێکی تر، کە ئارەزوویان لێ بێت بکەن، چونکە بنەما و یاسایەکی نووسراوی زانستی نییە، کە ئەو هونەرە لە سەری بڕوا و ببێتە ستاندارد و پێشبینیی ئەوە بکرێت کە چۆن دەبێت، ئەم سیفەتە بۆ بەندبێژی ژن و بۆ دەنگی مێیینە دەبێ هۆکاری ئەوەی لە خواست و کۆژان و خەونەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە و سەرقاڵی تەکنیک و تاقیکردنەوەی توانای لە شتی پڕوپووچ دا بێت.
بە پێی ئەو ئاستەی، هونەری کوردیی تێ دایە، تا ئێستا کۆمەڵگای کوردی هێشتا پێیەکی بەقورسی لە ناو کولتووری زارەکی دا ماوەتەوە و نەیتوانیوە بەتەواوی ببێتە کۆمەڵگایەکی پشتبەستوو بە هونەری خاوەن بنەمای تیۆری و فیکری و لەوێیشەوە لە پانتاییی نووسراو و دۆکیومێنت دا ئارشیف بکرێت، نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی بخرێنە نێو بەحری فەیسبوک و تیکتۆک و وەک شەپۆلێک بێن و ون بن… تەکنەلۆژیا نەک تەنها کولتوورە زارەکییەکەی بە شێوەیەکی ڕیشەیی نەگۆڕی، بەڵکوو سیفەتەکانی بە شێوەیەکی مۆدێرنتر و خێراتر هێشتەوە و بەهێزتری کردن، کاریگەرییەکانی سۆشیاڵمیدیا لە سەر بەهێزکردنەوەی ئەو کولتوورە زارەکییە لەم چەند خاڵە دا دیارن:
أ- پلاتفۆرمەکانی وەک تیکتۆک، سناپچات و تۆڕەکانی فەیسبووک و ئینستاگرام، وایان کردوە خەڵک بەتەواوی پشت بە بینین و بیستن ببەستێت، تەنانەت لە پەیوەندییە کەسییەکانیش دا، ناردنی نامەی دەنگی (Voice) زۆر جار جێگەی نامەی نووسراوی گرتوەتەوە، لەمەوە تێ دەگەین پێگەی نووسین و دۆکۆمێنتکردن بە شێوەی ئەرشیفی نووسراو بەتەواوی کاڵ بووەتەوە و پشتی پێ نابەسترێت، بۆیە هونەری زارەکی و بە تایبەت بەندبێژی لەمە دا پشکی شێری بەر دەکەوێت، ئەم سەرپێیی ڕوانین و نماییشە خێرایانە لەگەڵ دەنگی ژن و هاواری مێییینە دا نایانەوە، کە زیاتر ئازارەکانی لە چەندین ئاست و ڕەهەند دا بەقووڵی ڕۆچوون و پەلوپۆیان هاویشتوە.
٢- بڵاوبوونەوەی خێرا: هەر وەک سەردەمە کۆنەکە، کە قسە لە ناو کۆڕ و دیوەخانەکان دا بڵاو دەبووەوە، ئێستا کەسێک لە لایڤێک دا یان ڤیدیۆیەک دا بە بێ هیچ سەرچاوە و بەڵگەیەک قسەیەک دەکات و هەزاران کەس بڕوای پێ دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە، بەمەیش هونەری زارەکی بە تایبەت بەندبێژی لە سنووری خاوەنی ڕاستەقینە دا نامێنێتەوە و پاشان وەک چۆن خێرا دێن، ئەوهایش خێرا دەڕۆن، چونکە دەبێ جێگە بۆ ئەوە خۆش بکات کە خێراتر لەو دێت، دیسان ئەمەیش وەک خاڵی پێشوو هەمان ئەنجام بۆ دەنگی مێیینە بەرهەم دەهێنێت.
٣- دروستبوونی پاڵەوانی زارەکیی ناشاییستە بە بێ ئەوەی هونەرەکەیەیان هیچ پێگەیەکی زانستی و کاریگەریی ئیجابیی هەبێ، تەنها لە سەر بنەمای سەنجڕاکێشانێکی ناهونەری یان لە بنەمای ڕەفتارێکی نەشاز و دوور لە یاسا کۆمەڵایەتییەکان، ئێستا وەک چۆن ئەو ئینفلوەنسەر و بلۆگەرانەی توانای قسەکردن و سەرنجڕاکێشانیان هەیە، بوونەتە پاڵەوان و دەتوانن بەشێكی زۆری بیرکردنەوەی کۆمەڵگا بە خۆیانەوە سەرقاڵ بکەن، بێ ئەوەی قسەکانیان هیچ بنەمایەکی زانستی یان نووسراوی هەبێت و بەسوود بن، هونەری زارەکی و بەندبێژیش دەتوانن هەموو ئەو کارانە بکەن و لە ڕێی کەلیماتی حەلەقومەلەق و و ڕەفتاری بێمانا و بەناو هەزەلی سەرنجی بەشێکی زۆر لە خەڵکی بۆ خۆیان ببەن و لە گۆڕەپانەکە دا خۆیان بکەن بە پاڵەوان، کە ئەمانەیش هەرگیز نابنە خواستی ژن و خزمەت بە دۆز و پرسەکەی ناکەن، ئەمە ئەگەر دەگە و زەڕەبەی گەورەیش نەبن.
زانا و بیرمەندەکانی بواری زماننناسی (وەک واڵتەر جاکسۆن ئۆنگ- Walter Jackson Ong) وای بۆچوون، کولتووری زارەکی ڕێگە لە قووڵبوونەوەی فیکری دەگرێت، ئۆنگ لە کتێبی (زمانناسیی زارەکی و نووسین) باس لەوە دەکات، کولتووری زارەکی وزەی سەرەکیی مێشک بۆ لەبەرکردن بەفیڕۆ دەدات نەک بۆ نەک شیکردنەوە، وشەکان بە شێوەی زارەکی لە دایک دەبن و نانووسرێنەوە، بۆیە داهێنانی نووسین گەورەترین شۆڕش بوو، چونکە مێشکی مرۆڤی لە ئەرکی “کۆگاکردن و لەبەرکردن”ەوە بۆ بیرکردنەوە گۆڕی، کاتێک شتەکان لە سەر کاغەز نووسرانەوە، مێشک دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخسا بەقووڵی بیر بکاتەوە، هەڵەکانی بدۆزێتەوە و ڕەخنەیان لێ بگرێت. بەندبێژی کە سەر بە کولتووری زارەکی بێت، بەکەڵکی دۆزی ژن و کۆژانەکانی مێیینە نایەت، کە کێشە و ئاریشەکانی ژن پێویستی زۆریان بە بیرکردنەوە و تێپەڕاندنی چارەسەر و دروشمەکانی ئێستا هەیە، مانەوە لە کەلتووری زارەکی دا و برەودان بە هونەری بەندبێژی و پشتگیرکردنی ژن بۆ ئەم هونەرە و هەوڵی ئەوەی خۆی ببێتە بەندبێژ، زەڕبەیەکی گەورەیە و چەقبەستن و فەڕتەڕناش و چەقینێکی درێژخانە لە ناو قوڕ لیتاوی ئەو کێشە و ئاریشانەی ژن بە دەستیانەوە دەناڵێنێت.



