" type="text/css" > Skip to main content
دیمیتری دیمیتریێڤیچ شۆستاکۆڤیچ (25ی ئەیلوولی 1906 – 9ی ئابی 1975) موزیکدانەر و پیانۆژەنێکی ڕوسی سەردەمی سۆڤیەت بوو، کە دوای پێشکەشکردنی یەکەم سیمفۆنیای لە ساڵی 1926 لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ناسرا و لەو کاتەوە وەک موزیکدانەرێکی گەورە سەیر دەکرا.
شۆستاکۆڤیچ لە سەرەتادا لە یەکێتیی سۆڤیەت ناوبانگی دەرکرد، بەڵام پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ حکومەتەکەیدا هەبوو. ئۆپێراکەی لە ساڵی 1934 بە ناوی “لەیلا مەکبێسی ناوچەی متسێنسک” لە سەرەتادا سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر لەلایەن حکومەتی سۆڤیەتەوە ئیدانە کرا، کە ئەمەش پیشەکەی خستە مەترسییەوە. لە ساڵی 1948دا، بەپێی دۆکترییەکانی ژدانۆڤ بەرهەمەکانی شەرمەزار کران، کە کاردانەوەی پیشەیی هەبوو و بۆ چەندین ساڵ خایەنی. دەستتێوەردانی دەوڵەت لە ئەنجامدانی بەرهەمەکانیدا هەندێک جار بەردەوام بوو تەنانەت دوای هەڵوەشاندنەوەی سەرکۆنەکردنی لە ساڵی 1956دا، وەک لە سیمفۆنیای سێزدەهەمیدا (1962) ڕوویدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، شۆستاکۆڤیچ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سۆڤیەتی کۆماری ڕوسیای فیدراڵ (1947) و ئەنجومەنی باڵای سۆڤیەتی یەکێتیی سۆڤیەت بوو (لە ساڵی 1962ەوە تا کۆچی دوایی)، هەروەها سەرۆکی یەکێتیی موزیکدانەرانی کۆماری ڕوسیا بوو (1960–1968). لە درێژەی ژیانی هونەرییدا، چەندین خەڵاتی گرنگی لە حکومەتی سۆڤیەت وەرگرت، لەوانە مەدالیای لێنین.
‎شۆستاکۆڤیچ لە بەرهەمەکانیدا چەندین تەکنیکی موزیکی جۆراوجۆری تێکەڵ کردووە. موزیکەکەی بە جیاوازی تۆخ، توخمەکانی سەیروسەمەرەیی (grotesque) و تۆناڵیتی نادیار (ambivalent tonality) دەناسرێتەوە؛ هەروەها کاریگەرییەکی زۆری شێوازی نێوکلاسیک و موزیکی گوستاڤ مالەری لەسەر بوو. بەرهەمە ئۆرکێسترالییەکانی پێکهاتوون لە 15 سیمفۆنیا و شەش کۆنسێرتۆ (دوو بۆ پیانۆ، دوو بۆ کەمانچە و دوو بۆ چێلۆ). بەرهەمە ژوورییەکانی پێکهاتوون لە 15 چوارینەی ژێدار، پێنجینەیەکی پیانۆ و دوو سیانەی پیانۆ. بەرهەمە تاکیەکانی پیانۆی پێکهاتوون لە دوو سۆناتا، کۆمەڵە بەرهەمێکی سەرەتایی لە 24 پرێلیود، و کۆمەڵە بەرهەمێکی دواتری لە 24 پرێلیود و فیوگ. بەرهەمە شانۆییەکانی پێکهاتوون لە سێ ئۆپێرای تەواوکراو و سێ بالێ. شۆستاکۆڤیچ هەروەها چەندین زنجیرە گۆرانی و بڕێکی زۆر موزیکی بۆ شانۆ و فیلم نووسیوە.
‎ناوبانگی شۆستاکۆڤیچ دوای کۆچی دوایی بەردەوام بووە لە گەشەکردن. گرنگیپێدانی زانستی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمەوەبە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بە بێبەشبوون لە گوفتوگۆ و دیبەیتێکی زۆر دەربارەی پەیوەندی نێوان موزیکەکەی و هەڵوێستەکانی بەرامبەر حکومەتی سۆڤیەت.
بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان