" type="text/css" > Skip to main content

ولیەم یوحەننا هونەرمەندێكی گەورە‌و ناوداری كوردستانە‌و خزمەتێكی گەورەی بەهونەری موزیکی كوردی كردووە‌و شوێن پەنجەی بە پێشخستنی ئەو هونەرەوە دیارە.
ئەم هونەرمەندە گەورەیە بەیەكێك لەبناغەدانەرانی تەلاری موزیکی نوێی كوردی دادەنرێ‌‌و زیاتر لەنیو سەدە تەمەنی خۆی بەو هونەرە بەخشی.
ساڵی 1934 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایك بووە، لەئامێزی خانەوادەیەكی مەسیحی هونەرپەروەردا گەورە بوو.
ئەو خێزانە هونەرپەروەرە كاریگەری زۆریان لەسەر ولیەم یۆحەننا بوو، هەر لەمنداڵی ‌و لەباخچەی ساوایانەوە هۆگری هونەری موزیک بوو، ئیدی لەوێوە كاروانی هونەری كەوتەرێ‌‌و لە ماوەی زیاتر لەنیو سەدەدا بەخششێكی زۆری پێشكەش كرد‌و وەك ئەستێرەیەكی درەوشاوەی هونەری مۆسیقای كوردی لەلاپەرە زێرینەكانی مێژوودا بەنەمری ئەمێنێتەوە.
ساڵی 1940 خرایە بەرخوێندن‌و لە قوتابخانەی فەیسەڵییە‌و ناوەندی سلێمانی ئەو دوو قۆناغەی خوێندنی بەسەركەوتوویی بڕی.
ساڵی 1954 لە بەشی موزیكی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی بەغدا وەرگیرا‌و وەك یەكەم خولی ئەو پەیمانگایە، بڕوانامەی دبلۆمی بەدەستهێنا‌و بەمامۆستای هونەر لەسلێمانی دامەزرا.
زیاتر لەنیوسەدە لەكەرتی پەروەردە وەك مامۆستای هونەر خزمەتی بەخوێندكاران كرد‌و بەهونەر بەگشتی‌و هونەری موزیک بەتایبەتی ئاشنای كردن‌و چەندین كەسی بۆ بواری ئەو هونەرە گۆش‌و پەروەردە كرد.
مامۆستا ولیەم یوحەننا رۆڵی دیاری هەبوو لەدامەزراندنی چەند تیپێكی هونەری مۆسیقا لەشاری سلێمانی‌و ئەو تیپانە خزمەتێكی زۆریان بەهونەری موزیک‌و گۆرانی كرد‌و پایەكانی ئەو هونەریان لەكوردستان بەهێز كرد.
ساڵی 1955 وەك ئەندامی دەستەی دامەزرێنەر، بەشداری لەدامەزراندنی تیپی مۆسیقای مەولەوی كرد‌و لەرێی ئەو تیپەوە خزمەتی دیارو بەرچاوی هونەری پێشكەش كرد.
ساڵی 1962 بووە بەرپرسی بەشی موزیكی فەرمانگەی تێبینیاری چالاكی هونەری سلێمانی.
ساڵی 1967 بەشداری لەدامەزراندنی تیپی مۆسیقای سلێمانی كرد. ساڵی 1975 كە مامۆستای وانەبێژ بوو لە زانكۆی سلێمانی، تیپی مۆسیقای(زێرین‌و زوین)ی دامەزراند.ساڵی 1977 (تیپی مۆسیقای مەولەوی نوێ‌)ی دامەزراند.
مامۆستا ولیەم یوحەننا لەماوەی زیاتر لەپەنجا ساڵی تەمەنی هونەری پڕ لەداهێنان‌و سەروەریدا خزمەتێكی زۆری بەكاروانی هونەری مۆسیقای كوردی كرد.
سەرپەرشتی‌و بەشداری دەیان كارو چالاكی‌و فیستڤاڵی هونەری لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و دەرەوەی كوردستان كردووە‌و سەركەوتنی گەورەی هونەری بەدەستهێناوە‌و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.
ئەم هونەرمەند‌و كەسایەتییە هونەرییە گەورەیە، پاش خزمەتێكی زۆر‌و خەرمانێك كاری هونەری جوان‌و بەرز، لە 14ی ئەیلولی 2005 بۆ دوا جاری ماڵئاوایی كرد‌و لەگۆڕستانی مەسیحییەكانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا‌و چووە ریزی سەروەرانی نیشتمانەوە.
بۆ ھەتا ھەتایە ناوو ناوبانگ‌و كارو بەرهەمە هونەرییەكانی مامۆستا ولیەم یوحەننا بەنەمری‌و زیندوویی دەیهێڵنەوە.
درود بۆ رۆحی پاك‌و بێگەردی ئەو هونەرمەندە گەورەیەی كە هەموو ژیانی خۆی بۆ خزمەتی هونەری موزێکی كوردی تەرخان كرد.
سەرچاوە:
– کتێبی ولیەم یوحەننا ژیان وکاری ھونەری – شنە عەبدوڵڵا -٢٠١٣
– چراکانی نیشتمان، خەلیل عەبدوڵا وەرگیراوە..

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.