
نێرگز عەزیز
گەر توێژەران بە تەواوی بیسەلمێنن کە ئەم ئێسکە دۆزراوەیە شمشاڵێکی دەستیی مرۆڤی نیاندەرتاڵە، ئەوا گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە مێژووی هونەری موزیکدا دروست دەبێت؛ چونکە موزیک دەبێتە کۆنترین ئامێری داهێنراوی سەر زەوی، تەنانەت پێش سەرهەڵدانی شارستانیەت و زمانەکانیش.
کەی و لەکوێ دۆزرایەوە؟
مێژووی ئەم ئامێرە غاردەرە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٦٠,٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر. لە ساڵی ١٩٩٥دا، لە ئەشکەوتی “دیڤیە بابێ” (Divje Babe) لە وڵاتی سلۆڤێنیا، ئێسکی ڕانی ورچێکی بچووک دۆزرایەوە کە چوار کونی تێدابوو (دوانیان شکابوون). ئەم ئێسکە بە تەواوی لە شێوەی ئامێرێکی موزیکی نەفەسیدایە وەک شمشاڵ یان فلوت، و تا بەستەی ئەمڕۆش لەژێر توێژینەوەی چڕی ئەکادیمیدایە. سەلماندنی ئەمە تێڕوانینێکی تەواو نوێ لەسەر توانای داهێنان، هەستوور، ڕێوڕەسم و کولتووری نیاندەرتاڵەکان پێشکەش دەکات.
پرسیارێکی گرنگ: بۆچی دروستکراوی دەستی مرۆڤی ئێستا نییە؟
نیاندەرتاڵەکان نزیکەی ٤٠٠,٠٠٠ ساڵ لەسەر زەوی ژیاون و نزیکەی ٤٠,٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لەناوچوون. مرۆڤی ساپیێنس (مرۆڤی مۆدێرنی ئێستا) نزیکەی ٣٠٠,٠٠٠ ساڵە بوونی هەیە و بۆ ماوەی هەزاران ساڵ لەگەڵ نیاندەرتاڵەکاندا پێکەوە ژیاون.
لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت: ئایا ناگونجێت ئەم ئامێرە دروستکراوی دەستی مرۆڤی مۆدێرن بێت؟
توێژەران لەم ئەشکەوتەدا چەند نیشاندەرێکی تەکنیکی تایبەتیان دۆزیوەتەوە کە ڕاستەوخۆ بە کولتووری نیاندەرتاڵەکانەوە بەستراوەتەوە؛ لەوانەش تەکنیکی ئامادەکردنی بەرد پێش شکاندنی پارچەکانی کە بە “لێڤالۆیس” (Levallois) دەناسرێت، لەگەڵ دروستکردنی کەرەستەی بەردینی وەک چەقۆ، ئامرازی ڕاوکردن و خۆشکردنی پێستی ئاژەڵ.
لە ئەشکەوتی شانەدەرەوە تا تێکەڵبوونی جینەکان
نیاندەرتاڵەکان لە ئەوروپا و ڕۆژئاوای ئاسیا ژیاون، کە یەکێک لە گرنگترین پێگەکانیان ئەشکەوتی شانەدەرە لە کوردستانی نیشتمانمان. لەوێ، شوێنەوارناسان ئێسک و پروسکی نیاندەرتاڵییان دۆزیوەتەوە لەگەڵ نیشانەکانی شێوازی تایبەتی ناشتنی مردووەکانیان، کە گەواهی لەسەر بوونی چاودێری، سۆز و ڕێوڕەسمی کۆمەڵایەتی دەدات.
کاتێک هۆمۆ ساپیێنس (Homo Sapiens) لە ئەفریقاوە بە نزیکەی ٦٠,٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر کۆچ دەکات و بڵاو دەبێتەوە، نیاندەرتاڵەکان دەناسێت و تێکەڵاویان دەبێت. هەر بەهۆی ئەم پێکەوەژیانەوەیە کە ئێستا زۆربەی مرۆڤەکانی سەر زەوی بە ڕێژەی %١-٢ دی-ئێن-ئەی (DNA)ی نیاندەرتاڵیان تێدایە. کەواتە، ئەم شمشاڵە کۆنە ڕەنگە تەنها بەرهەمی ئەوان نەبێت، بەڵکو بەشێک بێت لە سەرەتای میراتی هاوبەشی مرۆڤایەتیمان.
کەو: سیمبولی ڕەسەنایەتی لە باوەشی زاگرۆسدا
لەسەر هەمان خاکی دێرین، باڵندەی کەو وەک سیمبولی ڕەسەنایەتیی کورد دەمێنێتەوە. ئەم باڵندەیە لە سەردەمی نیاندەرتاڵەوە و بە درێژایی هەزاران ساڵ، لە چیاکانی زاگرۆسدا لەگەڵ مرۆڤی ئەم خاکەدا ژیاوە. ماڵی سەرەکی و ڕەسەنی کەو، سروشتی چیاکانی زاگرۆسە و لە هیچ شوێنێکی ترەوە نەهاتووە، بەڵکو لەم نیشتمانەوە هاوردەی دەرەوەی جیهان کراوە.
با هەمیشە بەوەفا بین بەرامبەر بەم سیمبولە سروشتییە و شوناسی “کەو” لە دیزاینەکان، ڕازاندنەوەکان و بەرهەمە هونەرییەکانماندا بە زیندوویی بهێڵینەوە.
پێداچوونەوە: موزیکناس



