
توانا حەمە
چۆن شیکاریی وێنە و تابلۆ دێرینەکان بکەین؟
ئەم تابلۆیەی قوبادی کورد و موزیکی کوردی لە دەوڵەتی سەفەویدا دەکەینە نموونە:
لەم تابلۆیەدا کە کۆشکی شای سەفەوی (شا عەباسی یەکەم، ١٥٨٧ز – ١٦٢٩ز) پیشان دەدات، هەریەک لە کارەکتەرەکانی ناو تابلۆکە ناویان لێنراوە.

قوبادی کورد یەکێک لە کەسایەتییەکانی ناو تابلۆکە کە بە (قوبادی کورد) ناسراوە، خەنجەرێکی لە کەمەردا هەڵگرتووە و ئامێرێکی موزیکی سێتاری بە دەستەوەیە، بەڵام تا ئێستا نەزانراوە ئەم قوبادەی ناو وێنەکە کێیە!
لێرەدا لە تابلۆکە بڕوانە و بیر لەم خاڵانە بکەرەوە:
خاڵی یەکەم: قوباد – ناوێکی نێرینەی کوردییە، بە هەندێک لە پاشا کوردە ساسانییەکانیش دراوە، هەروەها بە درێژایی مێژوو بە زۆر کەسایەتیی کوردی دراوە و تا ئەمڕۆش ناوێکی نێرینەی کوردییە.
خاڵی دووەم: ئامێری موزیکی (سێتار) و (تەنبوور) لە کۆنترین ئامێرەکانی موزیکی کوردین، کە لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکۆنەکانی کورددا دەژەنران، وەک ئێزدی و یارسانی (دوو ئایینی دێرینی کوردین).
سێییەم: ئەم دوو ئامێرە مۆسیقییە تا ئێستاش لە ڕێوڕەسمە ئایینییەکاندا لە ناو کوردانی یارسانی (کاکەیی) و کوردانی ئێزدیدا دەژەنرێن، هەروەها لە ڕێوڕەسمی ئایینیدا لە ناو کوردانی شیعەی عەلەویدا (کوردانی زازا) لە پارێزگاکانی (دەرسیم – چەولگ – ئەرزنگان – خارپێت)ی باکووری کوردستان دەژەنرێن، و بە تایبەت لە ڕۆژانی عاشوورادا؛ کوردانی زازا پێش ئەوەی ئایینی ئیسلامی (شیعەی عەلەوی) لە باوەش بگرن، سەر بە ئایینی یارسانی کوردی بوون.
چوارەم: موزیکی کوردی ئەمڕۆ بە یەکێک لە لقە هەرە گرنگەکانی موزیکی گەلانی ناو دەوڵەتی ئێران دادەنرێت. حکومەتی ئێران سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە پایتەختی موزیکی ئێران ناساندووە.
پێنجەم: پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارێزگای دەرسیم لە باکووری کوردستان، گرنگترین ناوەندەکانی دروستکردنی ئامێری تەنبوورن لە کوردستان لە دێرزەمانەوە تا ئێستا و ئەم پیشەیە بە یەکێک لە کارە دەستییە میللییەکانی کورد دادەنرێت.
وردەکاری زیاتری تابلۆکە:
ئەم تابلۆیە، کە پەڕەیەکی دەستنووسی “واڵتەرز”ە بە ژمارەی (W.691)، وێنای دەربارەکانی فەرمانڕەوای سەفەوی، شا عەباسی یەکەم (٩٩٦-١٠٣٨ کۆچی / ١٥٨٨-١٦٢٩ زاینی) دەکات. تابلۆکە لای ڕاستی پێکهاتەیەکی دوو لاپەڕەییە کە بە ئەگەرێکی زۆر وەک “سەردەروازە” (Frontispiece) بۆ دەستنووسەکە بەکارهاتووە.
لە تابلۆکەدا چەندین کەسایەتی دەرباری شا عەباسی یەکەم بە ناو ناسراونەتەوە:
کەسایەتییە باڵاکان: لە گۆشەی سەرەوەی لای ڕاست، دوو پیاو بە عەمامەیەکەوە وەستاون کە شێوازێکی ستوونی جیاوازی هەیە، ئەمانە بریتین لە “ئەلپان بێگ” (بە عەبایەکی شین) و “قەرەجاغای خان” (بە عەبایەکی سوور). شێوازی سەرپۆشەکەیان تایبەت بووە بە ئەندامە پلە باڵاکانی دەربار لە سەرەتای سەدەی ١١ی کۆچی (سەدەی ١٧ی زاینی). قەرەجاغای خان، کە ئەرمەنییەکی ناو ماڵی شاهانە بووە، خاوەنی چەندین پۆستی سیاسی گرنگ بووە و پشتیوانێکی دیاری هونەر بووە.
پۆستە کارگێڕییەکان:
لە بەشی خوارەوەی لای ڕاست، “شا ڤێردی بێگ ئیشیک ئاقاسی” (وەستای ڕێوڕەسمەکان یان پاسەوانی بەردەرگا) بە عەبایەکی ڕەش و زێڕینەوە وەستاوە.
نێردراوە بیانییەکان:
نێردراوێکی ئۆزبەک (ئیلچی-یی ئۆزبەک) بە عەبایەکی نەخشێنراوی بێج و شین لەسەر فەرشەکە دانیشتووە.
هونەرمەندان و دەوروبەر:
لە تابلۆکەدا ڕاوچییەکی بازدار، زاوا (ئەسپوان) و موزیکژەنێک بە ناوی “قوباد-ی کورد” دەردەکەون، کە قوباد لە تەنیشت پیاوێک وەستاوە کە پێدەچێت “میرزا عومەر شێخ” بێت و عەبایەکی سوور و زێڕینی پۆشیوە.
ئافرەتانی دەربار: دوو فیگەر وەک ئافرەت دانیشتوون بە ناوەکانی “گوڵپەری” و “دوختەردەڵاڵە”؛ ئەمەی دووەمیان ئاماژەیە بۆ ئەو ژنەی بەرپرس بووە لە دابینکردنی کەنیزەک بۆ کۆشک.
تێبینی مێژوویی:
ئەم تاکە پەڕەیە بە تابلۆی “پێشوازی لە دەرباری شا عەباسی یەکەم”ەوە بەستراوەتەوە کە ئەویش لە مۆزەخانەی هونەری “واڵتەرز”ە (W.771)، بەڵام بە دوور دەزانرێت کە کاتی خۆی ئەم دوو تابلۆیە پێکەوە پێکهاتەیەکی دوو لاپەڕەیی یەکگرتوویان دروست کردبێت.
ئەنجام: کاتێک وێنەیەک دەبینی، وردەکارییەکانی بیر لێ بکەرەوە و بەدوای چیرۆکی پشتی وێنەکاندا بگەڕێ گرنگی وێنەکان لە خوێندنەوەی چیرۆکەکانی پشتەوەیدایە.



