ڕەنگە زۆرکەس ئەنیشتاین تەنیا وەک زانایەکی گەورەی بواری فیزیا ناسی بێت. لە ڕاستیدا ئەو جگە لەوەی موزیکژەنێکی لێهاتوو بوو، خۆشەویستی و قەدرزانی قووڵی بۆ هونەر و موزیک ڕۆڵێکی بەرچاوی لە داڕشتنی عەقڵی نائاسایی و بیرکردنەوە قوڵ و داهێنەرانەکانی ئەودا هەبووە.
ئەلبێرت ئەنیشتاین تەنها فیزیازانێکی بەناوبانگی جیهانی نەبوو، بەڵکو ئەو موزیکژەنێکی ناوەزەش بوو. ئەو لە تەمەنی شەش ساڵییەوە، کەمانی دەژەنی، بە قووڵی چێژی لە ژەنینی موزیک دەبینی، زۆرجار وەک ڕێگەیەک بۆ ئارامگرتن و بیرکردنەوە لە کێشە ئاڵۆزەکانی فیزیادا بەکاریدەهێنا. لەگەڵیدا خولیایەکی دانەبڕاوی بۆ گوێگرتن لە موزیک هەبوو، بە درێژایی ژیانی گوێی لە شاکارەکانی موزیکدانەرانی وەک: مۆزارت و باخ و بیتهۆڤن دەگرت و لە هەمان کاتدا پارچە دانراوەکانی دەژەندنەوە. موزیک بۆ ئەو تەنها خولیایەک نەبوو؛ بەڵکو بەشێکی گرنگی جەوهەری ژیانی و پرۆسەی هزری ئەو بوو. تەنانەت زۆرجار لەکاتی کارکردن لەسەر تیۆرییە زانستییەکانیدا بۆ قوڵبونەوە لە خەیاڵەکانی، گوێی لە شاکارە موزیکییە کلاسیکەکان دەگرت. بە درێژایی ژیانی دڵنەوایی و ئیلهامبەخشی لە جیهانی موزیکدا دەدۆزیەوە. ئەنیشتاین پێیوابوو کە موزیک و زانست بەیەکەوە گرێدراون و ئەو دەیوت: “گەورەترین زاناکان هونەرمەندیشن”.

ئەنیشتاین چەند لە نێو کۆڕی زانایاندا دەبینرا هێندەش لە نێو موزیکژەناندا بوو، زۆرجار لەگەڵ موزیکژەنە پیشەگەرەکاندا موزیکی دەژەند و ھەمیشە دەیگوت “ئەگەر زانا نەبوایە، ئەوا موزیکژەنێکی پیشەگەر دەبوو”. لە ژیانی تایبەتی خۆیدا، ئەنیشتاین زۆرجار بەشداری کۆنسێرتی چەمبەر ئۆرکێستراکانی دەکرد، تەنانەت هەندێکجار لە کۆنسێرتەکانی گەورە و گشتییەکانیشدا دەبینرا. کەمانەکەی وەک بەشێک لە کارە زانستییەکانی دەبینی، ئەمەش نیشانی دەدا کە خولیای هونەری و زانستی چەندە بە قووڵی تێکەڵاو بوون. بەهۆکاری ئەم تێگەیشتنانەی بۆ موزیک، ئەندامێکی چالاک بوو لە کۆمەڵگەی موزیک و زۆرجار لەگەڵ موزیکژەنە پیشەگەرەکانی دیکە موزیکی دەژەند، بە نموونە لەگەڵ کەمانژەنی بەناوبانگ، یەهودی مێنۆهین موزیکی ژەندووە و گفتوگۆیان دەربارەی لە چەمک و بیرۆکەی موزیکە جۆراوجۆرەکان کردووە.

ئەنیشتاین خاوەنی تێگەیشتنێکی قووڵ بوو لە بنەما و هارمۆنی و ئاڵۆزییەکانی موزیک. شارەزاییەکی باشی لە تیۆرەکانی موزیکدا هەبوو، توانای شیکردنەوەی بنەما و پێکهاتە موزیکییە ئاڵۆزەکانی بە شیکارییەکەی لە بواری فیزیادا بەراورد دەکرد. لە ڕاستیدا موزیک لە لێکۆڵینەوەکانی ئەنیشتایندا یارمەتیدەرێکی باش بوو. ئەو پێی وابوو هەمان ئەو بنەما بیرکاریانەی کە موزیک ئاراستەدەکەن، دەتوانرێت بۆ لایەنی گەردوونی فیزیکی بەکاربهێنرێت. ئەمەش وای لێکرد کە شێوازێکی نوێی بیرکردنەوە لە کات و شوێن پەرەپێبدات، کە دواجار شۆڕشێکی گەورەی لە بواری فیزیادا دەستپێکرد.
ئەنیشتاین پێی وابوو کە موزیک زمانێکی گشتگیرە و دەتوانرێت بۆ دەربڕینی بیرۆکە و هەستە ئاڵۆزەکان بەکاربهێنرێت. ئەو پێی وابوو موزیک هێزی ئەوەی هەیە مرۆڤەکان کۆبکاتەوە و لێکتێگەیشتن لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا بەرەوپێش ببات.
ئەنیشتاین موزیکی وەک باشترین هونەر بۆ خەیاڵکردن دەزانی.ئەو تێبینی کردبوو، کە خەیاڵ گرنگترە لە زانین، چونکە زانین سنووردارە، لە کاتێکدا خەیاڵ هەموو جیهان لە باوەش دەگرێت، پێشکەوتن هان دەدات، پەرەسەندن لەدایک دەکات. جگە لەوە پێی وابوو، کە زانست، لە ناوەڕۆکەکەیدا، شوێنکەوتنێکی خەیاڵی داهێنەرانەیە، توانای بەستنەوەی مرۆڤەکانی هەیە لە ڕێگەی تێگەیشتنێکی هاوبەش لە جیهانی سروشتی. لە ڕوانگەی خۆشەویستی ئەلبێرت ئەنیشتاین بۆ موزیک تەنیا کات بەسەربردن و خولیایەک نەبوو؛ بەشێکی دانەبڕاو بوو لە گەشتە هزری و داهێنەرەکانی لە بواری فیزیادا. موزیک وەک سەرچاوەیەک ئیلهامی بۆ دابین دەکرد، خەیاڵی پەروەردە دەکرد و کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی زانستی دادەنا.



