رێژوان تەها
سەردەمێک هەبوو بەشێکی زۆر لە ستایل و شێوازەکانی موزیک تەنها لەهۆڵەکان دەبیستران; گوێگرتن لێی، سەرنج و بێدەنگی و ڕێزی دەویست.
ئەمڕۆ موزیک لە هۆڵەکانەوە چووەتە کافێ و ڕێستۆرانتەکان. گیتارژەنێک لە گۆشەیەک، گۆرانیبێژێک بە مایکرۆفۆنێکی سادە. موزیک لێرەدا چیتر ناوەندی سەرنج نییە، بۆتە بەشێک لە ژینگەی جێگەکە.
ئەم گۆڕانکارییە بەڕێکەوت نییە. ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی کولتووری قووڵترە.
گوێگری مۆدێرن بەدوای قووڵی و وردەکارییە موزیکییەکاندا ناگەڕێت. ژیان خێراتر و ئاڵۆزتربووە. خەڵک بۆ پشوودان، قسەکردن و گۆڕینی کەش دێنە کافێکان. موزیک لەگەڵ ئەم پێویستییە دەگونجێت. لەم کەشەدا موزیک پێویستی بە تەکنیک و هارمۆنی ئاڵۆز و وردەکاری و داهێنان نییە، بەڵکو پێویستی بە سادەیی ناوەڕۆک و دروستکردنی کەشێکی ئارامبەخشە؛ کە گوێگران بخاتە دۆخ و کەشێکی گونجاوی گفتووگۆ و ئارامبوونەوە.

لە هۆڵەکاندا موزیک دەسەڵاتی هەبوو. پارچە موزیکێک دەیتوانی جەماوەرێک بێدەنگ بکات. کۆنداکتەرێک کۆنترۆڵی کەشەکەی دەکرد. لە کافێکاندا ئەو کۆنتڕۆڵە نامێنێت؛ موزیسیان دەبێتە بەشێک لە ژینگە و دەبێت لەگەڵ ژاوەژاو و دۆخە جیاوازەکانی کافێکەدا بتوانێت بگونجێت و هەڵبکات.
ئەمەش پرسیارێکی گرنگ دەوروژێنێت: ئایا موزیک قووڵی و مانای خۆی لەدەست دەدات، یان تەنها ڕۆڵی خۆی دەگۆڕێت؟
دیوێکی تری ئەم چیرۆکە هەیە، کافێیەکان موزیکیان دیموکراتیزە کردووە. هۆڵەکانی نمایش تایبەتبوون؛هەموو موزیسیانێک نەیدەتوانی بگاتە ئەو جێیانە و بژەنێت یاخود گۆرانی بڵێت و بتوانێت هەزاران هەوادار کۆبکاتەوە. بەڵام کافێیەک ڕێگە بە هونەرمەندە گەنج و تازەکان دەدات کە نمایش بکەن و ئەزموونی خۆیان بکەن و گوێیان لێ بگیرێت. مەودای نێوان موزیسیان و گوێگر نامێنێت، گوێگر دەتوانێت تەنها چەند مەترێک لە دوورییەوە دابنیشێت، هەست بە هەناسە، پەنجەکان، بوونی راستەوخۆ و هاوڕێیانەی موزیسیان بکات. بەم مانایە، کافێیەکان موزیک تێکنادەن، ئەوان شێوەی دەگۆڕن.
موزیسیانی بەتوانا و کارامەش تەنها پشت بە هۆڵەکان نابەستێت. لە کافێیەکدا، تەنانەت لە نێو ژاوەژاودا، دەتوانێت سەرنجەکان ڕابکێشێت و توانا و لێهاتووییەکانی خۆی نیشانبدات. لە کۆتاییدا موزیک بەو شوێنە پێناسە ناکرێت کە لێی دەژەنرێت، بەو شێوەیە پێناسە دەکرێت کە چۆن دەژەندرێت و چی دەژەندرێت.



