رێژوان تەها
گۆرانی پۆپ دەربڕینی هەست و خەیاڵەکانی ژیانی رۆژانە و رۆتینی مرۆڤە. لەم بابەتەدا بەدواداچوون بۆ پێکهاتە سەرەکییەکانی درووستکردنی گۆرانییەکی پۆپی سەرکەوتوو دەکەین، لەوانە: نووسینی هۆنراوە، دیزاینی ئاواز، هارمۆنی سادە، جوانکاری و تەکنیکەکانی بەرهەمهێنان. تێگەیشتنێکی تیۆری و تێڕوانینێکی پراکتیکی بۆ گۆرانیبێژان و موزیسیانان و گوێگران دەخەینەڕوو.
پۆپ موزیک، موزیکی باوە. بە شێوەیەک دادەڕێژرێت کە تێگەیشتن لێی ئاسانە. هەستی گوێگر بەئاسانی دەجوڵێنێت و داڕشتنێکی سادەیە، ئاسان رۆدەچێتە خەیاڵ و یادەورەی گوێگر؛ بۆیە هەوادارێکی زۆری هەیە هەمیشە لەسەرتاسەری جیهان.
پێکهاتە و داڕشتنی پۆپ
زۆربەی گۆرانییە پۆپەکان پێکهاتەیەکی باو پەیڕەودەکەن، کە گوێیەکانی گوێگر بەئاسانی ئاشنای دەبێت و خەڵکی لەبەریدەکەن، باوترین داڕشتنی پۆپ موزیک:
ڤێرس ١ > پێش-کۆرس > کۆرس > ڤێرس ٢ > پێش-کۆرس > کۆرس > پرد > کۆتایی
• ڤێرس: چیرۆک و بابەتەکە دەناسێنێت.
• پێش-کۆرس: گرژی دروست دەکات و پێشبینی و پێشەکی کۆرسە.
• کۆرس: لوتکەی سۆز و ئاوازەکەیە؛ ئەو بەشەیە کە گۆرانییەکەی پێدەناسرێتەوە و خەڵکی لەبیریان دەمێنێت هەمیشە.
• پرد: کەشێکی نوێ و گۆڕانکاری لە گۆرانییەکەدا دابین دەکات.
ڕۆڵی ئاواز لە پۆپ موزیکدا
ئاواز بەهێزترین توخمە لە گۆرانی نووسینی پۆپدا. ئاوازێکی بەهێز و کاریگەر لە پۆپدا بریتییە لە:
• ئاوازێکی سادە، کە ئاسان لەبەربکرێت.
• دووبارەبووەوە و تێکەڵکێشی.
• لەڕووی داڕشتن و هەسیەوە، لەگەڵ هۆنراوەکەدا بەتەواوی یەکدەگرێتەوە.
نووسینی هۆنراوە، سادەیی و گشتگیربوون
هۆنراوە پۆپەکان بە شێوەیەکی گشتی سەرنج دەخەنە سەر بابەتگەلێکی گشتگیر وەک:
• خۆشەویستی و پەیوەندی
• شادی و دڵشکان
هۆنراوە کاریگەرەکان لە پۆپ موزیکدا ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندێتییەیان هەیە:
• گفتوگۆیی (ئاسانە بۆ تێگەیشتن)
• لە ڕووی هەست و سۆزدارییەوە ڕاستەوخۆیە و پێچ و پەنای تێدا نییە.
• هیچ وشە و بابەتێکی ئاڵۆز و ناڕوونی تێدانییە، لە وشە و بابەتی رۆژانەیی و سادەی ژیانی خەڵکییەوە سەرچاوەدەگرن.
هارمۆنی و کۆردەکان لە پۆپ موزیکدا
پۆپ موزیک جووڵەی ئاکۆردی سادە و ئاشنا بەکاردەهێنێت. نموونەیەکی باو بریتییە لە:
• I – V – vi – IV
ئەم جووڵە و پڕۆگرێشنە بە شێوەیەکی بەربڵاو و بەرفراوان بەکاردەهێنرێت، زۆرینەی گۆرانییە پۆپە بەناوبانگەکانی دونیا، لەسەر ئەم جوڵەیە درووستکراون.
سادەیی لە هارمۆنیدا ڕێگە بە گوێگر دەدات سەرنجی لەسەر ئاواز و هۆنراوەکە بێت، نەک ئاڵۆزییەکان.
جوانیناسیی ڕیتم و بەرهەمهێنانی موزیک
گۆرانی نووسینی پۆپی مۆدێرن بە قووڵی پەیوەستە بە بەرهەمهێنانەوە (موزیک پڕۆداکشن). ڕیتم و دیزاینی دەنگ ناسنامەی گۆرانییەکەیە و بنەما و ریشەی پۆپە.
لە پۆپ موزیکدا، بەرهەمهێنان لە گۆرانی نووسین جیا نییە؛ بەشێکە لە پرۆسەی ئاوازدانان.
پۆپ موزیک، شێوازێکی موزیکە پشتی بەبوونی هەوادارێکی زۆر و دەستخستی داهات بەستووە. بۆیە گۆرانیبێژی سەرکەوتوو دەبێت هاوسەنگی لە نێوان: ئەزموونی کەسی، پەیوەندی گشتگیر هەبێت. دەبێت شارەزایی لە هەستی کۆمەڵ و ئەزموونە جیاوازەکانی مرۆڤەکان هەبێت. واتە پێویستە جیا لە بەهرە و تواناکەی خۆی لە درووستکردن و وتنی گۆرانی، لە دەروونناسی، کۆمەڵناسی و مارکێتینگ. شارەزاییەکی باشی هەبێت و بتوانێت لەناو هەست و دڵی گوێگراندا جێگەی خۆی بکاتەوە و ناوبانگ بەدەستبهێنێت.
نووسینی گۆرانی پۆپ هەم هونەرە و هەم پیشە. پێویستی تەواوی هەیە بە:
• شارەزایی و تێگەیشتنی موزیکی
• ئاوازدانان
• هۆنراوەنووسین
• بەرهەمهێنانی موزیک (موزیک پڕۆداکشن)
• بازاڕسازی و مارکێتینگ



