" type="text/css" >
Skip to main content
رێژوان تەها
پۆپ موزیک بەربڵاوترین ژانەری موزیکە کە لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و گوێگری لەسەرجەم ستایل و شێوازەکانی دیکەی موزیک و گۆرانی زیاترە. لەم توێژینەوەیە لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت بەربڵاوی و خوازراوی ئەم شێوازە موزیکییە دەکۆڵینەوە، کە تیایدا سەرنج دەخەینە سەر لایەنە کولتووری و دەروونییەکان و پێکهاتەی پۆپ. لە ڕێگەی ئاماژەکردن و توێژینەوە لە گۆرانی هونەرمەندە ناسراوەکانی جیهان.
پۆپ موزیک بەهۆی بەربڵاوی و بەناوبانگی گۆرانی و موزیکەکانی، پێگەیەکی باڵادەست لە کولتووری جیهانیدا هەیە. بە پێچەوانەی ژانەرە ئاڵۆزتر و زیاتر ئەکادیمییەکان، پۆپ بەمەبەستی ئەوە دروستکراوە و هەیە، بۆ ئەوەی گوێگران بەخێرایی و قووڵی کێشبکەن و چێژێکی خێرا و ئاسانیان بدەنێ. ئەم توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە بۆچی گوێگران بەردەوام بەرەو پۆپ دەچن؟ جەخت لەسەر هەردوو پێکهاتەی موزیکی و دەروونناسی گوێگر دەکاتەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەناوبانگبوونی پۆپ موزیک، سادە و ساکاری پێکهاتەکەیەتی. زۆربەی گۆرانییە پۆپەکان پشت بە پێشکەوتنی کۆردی زۆر سادە و ئاشنا دەبەستن، ئاوازەکانی پۆپ موزیک سادە و روونن، گوێگر بە ئاسانی لێی تێدەگات و لەبەریدەکات. ئەم سادەییە ڕێگە بە گوێگران دەدات بەبێ ماندووبوون کۆکبن لەگەڵ موزیکەکە، ئەمەش پەیوەندییەکی دەستبەجێ و راستەوخۆ دروست دەکات، لەنێوان گوێگر و کارەکە.
نموونەی ڕوون و دیار کارەکانی ئەدێڵە Adele بەتایبەت گۆرانی Someone Like You. پێکهاتەی هارمۆنیکی گۆرانییەکە کەم و سادەیە، گۆڕانکاری گەورە و قووڵ و ئەکادیمی تێداناکرێت، بەڵام ڕوونی و سادەیی ئاوازەکە، کەشێک درووستدەکات گوێگران بە خێرایی بتوانن ڕۆبچنە گۆرانییەکە و لە ڕووی سۆزدارییەوە کاریگەری قووڵی لەسەریان دەبێت. بە هەمان شێوە Let It Beی The Beatles نیشان دەدات کە چۆن چوارچێوە و جووڵە هارمۆنییە سادەکان دەتوانن کاریگەرییەکی قووڵیان لەسەر گوێگر هەبێت و کەشێکی سۆزداری درووستبکەن.
دووبارەکردنەوە: تەکنیکێکی ئاوازدانانە لە موزیکی پۆپدا. ئاواز و ڕیتم دووبارە دەکرێنەوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای لەبەرکردن و بەشداریکردنی گوێگر. لە ڕوانگەی دەروونییەوە، دووبارەبوونەوەکان هەستی ئاشنایی و تێگەیشتن بەرزدەکەنەوە، چێژ و حەزکردنی گوێگر بۆ کارەکە زیاتردەکات، چونکە گوێگر ئیدی هەستدەکات ئەم کارە بۆ ئەوە و بەباشی لەگەڵ بیرکردنەوە و هەستەکانیدا کۆکدەبێت.
بۆ نموونە لەکاری Shape of Youی Ed Sheeran مۆتیڤێکی ڕیتمیکی لوپ بەکاردەهێنێت کە بە درێژایی تراکەکە بەردەوام دەبێت، ئەمەش وایکردووە کە زۆر لەبیرنەکراو بێت. بە هەمان شێوە گۆرانی Bad Guyی Billie Eilish دووبارەبوونەوەی مینیمالیستی بەکاردەهێنێت بۆ دروستکردنی ناسنامەیەکی دەنگی جیاواز و ناسراو.
پۆپ موزیک باس لە ئەزموونە تایبەتەکانی مرۆڤ دەکات، باس لەو کێشە و بابەتانە دەکات کە زۆربەی مرۆڤەکان هەیانە، یاخود چەشتوویانە و بۆتە یادەوەرییان، وەک: خۆشەویستی، دڵشکاندن، ژیانی رۆژانە و بابەتی دیکەی سادە و گشتگیر لە ژیانی رۆژانەدا.
ئەمەش وادەکات گوێگر هەست بە خۆی بکات لەکارەکەدا و چێژێکی زۆر و تایبەت لە گۆرانییەکی پۆپ وەربگرێت. بۆیەش گۆرانییە پۆپەکان دەبنە هاودڵ و خەمڕەوێن و کارێکی سادەی پۆپ دەتوانێت ملیۆنان هەواداری هەبێت لەسەرتاسەری جیهان.
بۆیە گۆرانییەکی وەک Someone Like You لە ئاستی جیهانیدا دەنگ دەداتەوە، چونکە هەستەکان بەڕوونی و سادەیی دەخاتەڕوو، کە بە شێوەیەک دەتوانین بڵێین ئەو هەستانەی کە لە گۆرانییەکە خراوەتەڕوو، هاوبەشە بۆ بەشێکی زۆر لە گوێگران لە جیهاندا. ئەم گشتگیرییە پەیوەندی نێوان گوێگر و گۆرانییەکە بەهێزتردەکات، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرنجڕاکێشی و بەربڵاوی ژانەرەکە.
دەربارەی
رێژوان تەها
نووسەر و موزیسیان