رێژوان تەها
موزیکی پۆپ Pop Music یەکێکە لە بەربڵاوترین و خوازراوترین فۆرمەکانی موزیک لە جیهانی مۆدێرن. زاراوەی “پۆپ” لە وشەی “Popular”ەوە هاتووە؛ ئەمەش واتا ئەم موزیکە بۆ بینەر و خەڵکی دروست دەکرێت. بە پێچەوانەی هەندێک ژانەر، کە بۆ گروپێک یان نەریتێکی دیاریکراون، موزیکی پۆپ ئامانجیەتی سەرنجڕاکێش و خوازراوبێت بۆ گوێگرانی لە کولتوور و گروپ و تەمەنە جیاوازەکان.
موزیکی پۆپ لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا وەک فۆرمێکی موزیکی جیاواز دەستی بە گەشەکردن کرد، بە تایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی میدیای گشتی و پیشەسازی تۆمارکردن. لە ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٦٠دا، گەشەی تۆمارە ڕادیۆییەکان و تەلەفزیۆنییەکان یارمەتی گۆرانی و موزیکەکانیدا کە بە خێرایی لە سەرانسەری وڵات و کیشوەرەکاندا بڵاوببنەوە. هونەرمەندانه وەک ئێلڤیس پرێسلی Elvis Presley ڕۆڵێکی گرنگیان بینی لە داڕشتنی موزیکی سەرەتایی پۆپ بە تێکەڵکردنی بلوز، کانتری، ڕۆک و ڕۆڵ.
لە ماوەی ساڵانی شەستەکاندا، موزیکی پۆپ زیاتر پەرەی سەند لەگەڵ سەرکەوتنی تیپەکانی وەک بیتڵز The Beatles.
تایبەتمەندییە موزیکییەکانی پۆپ موزیک
بەزۆری پۆپ موزیک نەک تەنها بە جەماوەرییەتی بەڵکو بە چەند تایبەتمەندییەکی موزیکی پێناسە دەکرێت. یەکێک لە توخمە گرنگەکانی گۆرانی پۆپ، ئاوازی سادە و دڵنشینە. زۆرجار ئاوازە پۆپییەکان سادەن و دووبارە دەبنەوە و بە شێوەیەک داڕێژراون کە لە یادەوەری گوێگردا بمێننەوە. ئەم شێواز و داڕشتنە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرکەوتنی بازرگانی گۆرانییە پۆپەکان.
هارمۆنی لە پۆپ موزیکدا بە بەراورد لەگەڵ موزیکی کلاسیک یان جاز، زۆر سادەیە. زۆرێک لە گۆرانییە پۆپییەکان پشت بە جوڵەی کۆردی باو دەبەستن، وەک I–V–vi–IV، ئەم جوڵەیە لە ژمارەیەکی زۆر لە گۆرانییە سەرکەوتووەکاندا بەکارهێنراوە. ئەم سادەییە لە هارمۆنی، ڕێگە بە گوێگران دەدات کە سەرنجیان لەسەر ئاواز و هۆنراوەکان بێت. هەروەها ڕیتم لە توخمە سەرەکییەکانی پۆپە و لەزۆرینەی گۆرانییە پۆپەکاندا، ریتم پێگەیەکی دیار و بەرچاوی هەیە.
پۆپ موزیک و فراوانبوونی جیهانی
بە تێپەڕبوونی کات پۆپ بووبە دیاردەیەکی دیار و بەرچاوی جیهانی. هونەرمەندان لە وڵاتە جیاوازەکانەوە کاریگەرییە کولتوورییەکانی خۆیان تێکەڵ بەم ژانەرە دەکەن. ئێستا پۆپ موزیک شێواز و فۆڕمە جیاوازەکانی جیهان لەخۆیدا کۆدەکاتەوە و کولتوور و نەریتە جیاوازەکانی جیهان لەخۆیدا بەرجەستە دەکات.
بۆ نموونە هونەرمەندانی وەک مایکل جاکسۆن Michael Jackson لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا یارمەتیدەر بوون لە گۆڕینی پۆپ موزیک بۆ بزووتنەوەیەکی کولتووری جیهانی. ئەلبوومی Thriller کە پڕفرۆشترین ئەلبوومی مێژووی موزیکە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڤیدیۆکلیپەکان و شێوازی نماییشکردن و بەبازاڕکردنی موزیکی نێودەوڵەتی هەبووە.
لە دەیەکانی ڕابردوودا، پۆپ لە ڕێگەی هونەرمەندەکانی وەک تایلۆر سویفت Taylor Swift، زە ویکند The Weeknd و زۆر کەسی دیکەوە بەردەوام بووە لە پەرەسەندن، کە پۆپ لەگەڵ شێوازەکانی فۆلکلۆر، R&B، موزیکی ئەلیکترۆنی و شێوازەکانی دیکە تێکەڵ دەکەن.
موزیک و کۆمەڵگای پۆپ
پۆپ موزیک زۆرجار ڕەنگدانەوەی ڕەوتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانە. زۆرجار گۆرانییە پۆپییەکان باس لە بابەتەکانی وەک خۆشەویستی، ناسنامە، ژیانی گەنجان و هەستی کەسی دەکەن. لەبەر ئەوەی پۆپ هەمیشە بینەر و هەوادارێکی زۆری هەیە، دەتوانێت کاریگەری لەسەر مۆدە و زمان و هەڵوێستە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت.
هەروەها پەیوەندی نێوان پۆپ موزیک و میدیا زۆر گرنگە. ڤیدیۆکلیپەکان و پلاتفۆرمی ستریمینگ و سۆشیال میدیا بوونەتە ئامرازێکی بەهێز بۆ بەناوبانگکردنی هونەرمەندەکانی پۆپ و داڕشتنی سەلیقەی گشتی.
پۆپ موزیک لە سەردەمی دیجیتاڵیدا
لە سەردەمی دیجیتاڵیدا شێوازی دروستکردن و بەکارهێنانی پۆپ موزیک گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە. پێشکەوتنە خێراکانی تەکنەلۆژیا و بەربڵاوی پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا دەرفەتی نوێ و گەورەیان بە هونەرمەندەکان بەخشیوە، کە بەبێ کۆمپانیای تۆمارکردن و بڵاوکردنەوە، کار بەرهەمبهێنن و بیگەیەننە ملیۆنان کەس.
لە هەمان کاتدا کێبڕکێ لە پۆپ موزیکدا زۆر بەهێزتر بووە. هونەرمەندان نەک هەر دەبێت گۆرانی بەهێز و تایبەت دروست بکەن، بەڵکو دەبێت داهێنان بکەن و لەناو هەزاران هونەرمەنددا، بتوانن جیاوازی کارەکانیان بسەلمێنن و سەلیقە و لێهاتوویی خۆیان بەتەواوی نیشانبدەن.



