رێژوان تەها
دەیەی ١٩٧٠ – ١٩٨٠ سەردەمی زێڕینی ئەرەبێسک بوو. ئەم موزیکە بە خێرایی بڵاوبووەوە لە ڕێگەی کاسێت، ڕادیۆی تایبەت و کڵەب و ئاهەنگە شەوانەییەکانەوە. هونەرمەندانی ئەرەبێسک بوونە ئەستێرەی گەورە و دەنگی ئەو ملیۆنان کەسە بوون کە هیچ نوێنەرایەتییەکیان لە موزیکی فەرمیدا نەبوو.
دیارترین هونەرمەندانی ئەم شێوازە لەو سەردەمەدا بریتین لە: ئۆرهان گەنجەبای Orhan Gencebay (کە بەباوکی ئەرەبێسکی تورکی دادەنرێت.) ئیبراهیم تاتڵیساس İbrahim Tatlıses (کە وەک پادشای ئەرەبێسک ناسراوە.)، موسلیم گورسێس Müslüm Gürses، فەردی تەیفور Ferdi Tayfur.
پاش سەردەمی زێڕین، سەردەمی بەربڵاوی ئەرەبێسک دەستپێدەکات کە ساڵانی ١٩٨٠ تا ئەمڕۆن، بەگشتی ستایلەکە بەرەوپێشچوون و گەشە بەخۆیەوە نابینێت، تەنها لەبازنەیەکی داخراودا دەخولێتەوە، بەڵام ستایلێکی چێژبەخش و هەستبزوێنە، بۆیە گوێگرێکی زۆری هەیە. دیارترین هونەرمەندانی پاش قۆناغی زێڕین ئەمانەن: جەیلان Ceylan, گۆکهان گۆنی Gökhan Güney, کیبارییە Kibariye, مینە کۆشان Mine Koşan, ئازەر بولبول Azer Bülbül, عەدنان شەنسەس Adnan Şenses, هاکان تاشیان Hakan Taşıyan, گوللو Güllü, کاموران ئاکۆر Kamuran Akkor, ئومیت بێسێن Ümit Besen, جەنگیز کورتئۆغڵو Cengiz Kurtoğlu و سبیلجان Sibel Can.
ئامێرەکان لە ئەرەبێسک، تێکەڵەیەکن لە ئامێرە نەریتی و سەردەمییەکون:
ئامێرە ڕۆژهەڵاتیەکان وەک: سازەکان، قانوون، نەی، کەمانچە، عوود، دارابووکا…
ئامێرە ڕۆژئاواییەکان وەک: ڤایۆلین، چێلۆ، ترامپێت، ساکسۆفۆن، گیتاری کارەبایی، کیبۆرد، درامس و بەیس گیتار..
ئەم تێکەڵەیە لە ئامێرسازی، دەنگێکی تایبەت دروست دەکات کە نە تەواو ڕۆژهەڵاتییە و نە تەواو ڕۆژئاواییە، بەڵکو شتێکی نێوانیانە.



