" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

هاڵک موزیک، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر موزیکی نوێ و هاوچەرخی تورکیا هەبووە. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەمەوە، هونەرمەندان دەستیان کرد بە تێکەڵکردنی هاڵک موزیک لەگەڵ ئامێر و شێوازە ڕۆژئاواییەکان، کە بوو بە دروستبوونی جۆرێکی نوێ لە “ئەرەبێسک” و دواتر “پۆپ” و ستاییلەکانی دیکەی جیهان، بە تورکی.

هونەرمەندانی وەک باریش مانچۆ Barış Manço، ئەرکان ئۆگوور Erkan Oğur و سێزان ئەکسوو Sezen Aksu ڕۆڵیان گێڕاوە لە نوێکردنەوەی هاڵک موزیک بۆ گوێگری سەردەم و گەنجان. ئەوان تەکنیکی ڕۆک، جاز و فانکیان تێکەڵ بە ئاواز و ڕیتمی هاڵک موزیک کرد، کە بە “ئاناتۆلیان ڕۆک” ناسرا.

لە سەدەی ٢١، خولیایەکی بەتین بۆ گەڕانەوە بۆ ڕەگەکان و کولتوور دروست بوو. هونەرمەندانی نوێ هەوڵ دەدەن گۆرانی و تەکنیکە کۆنەکان بپارێزن و بەرهەمی تازەیان لێ درووستبکەن. فیستیڤاڵەکانی هاڵک موزیک بە شێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەچن و خەڵک لە هەموو نەوەکان بەشداری دەکەن.

سەرەڕای بایەخی کەلتووری، هاڵک موزیک ڕووبەڕووی چەند کێشەیەک دەبێتەوە:

گلۆباڵیزەیشن و مۆزیکی جیهانی کاریگەری لەسەر گوێگری گەنج دروست کردووە، زۆرجار ئەوان موزیکی ڕۆژئاواییان پێ باشترە و حەز بە ستاییلەکانی ڕۆژئاوا دەکەن.

شارنشینی و گۆڕانی شێوازی ژیان واتای ئەوەیە کە کەمتر خەڵک لە ڕێوڕەسمە نەریتی و کولتوورییەکاندا بەشداری دەکەن.

تۆمارە سەرەتاییەکانی هاڵک موزیک پێش ساڵانی ١٩٥٠ کەم بوون، ئەمەش واتای ئەوەیە کە زۆر گۆرانی و شێواز، ونبوون و فەوتاون.

حکومەتی تورکیا و ڕێکخراوە فەرمی نەفەرمیەکان هەوڵی چەندین دەدەن بۆ پاراستنی هاڵک موزیک:

TRT (تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆی تورکیا) لە ساڵی ١٩٦٨ ئارشیفی هاڵک موزیکی دامەزراند کە هەزاران گۆرانی تۆمار کردووە، هەرچەند لە ژێر دەستی کوردی دەرهێناون و بە تورکی کردوون.

ئەمڕۆ زانکۆکانی بەرنامەی جدی و ئەکادیمییان هەیە بۆ فێربوونی هاڵک موزیک و درووستکردنی شارەزا لەم بوارە. فیستیڤاڵەکانی هاڵک موزیک بەردەوام بەڕێوەدەچن لە شارە جیاوازەکانی تورکیا.

UNESCO زۆر بابەت لە هاڵک موزیکی وەک میراتی ناماددی مرۆڤایەتی ناساندووە.

لەکوردستانیش هەوڵی جدی و خەمخۆرانە هەن بۆ پاراستن و بەکوردیکردنەوەی ئەم ستاییلە موزیکییە کوردییە. بەڵام بەداخەوە هەوڵەکان لەسەرئاستی دەزگا حکومی و سیاسییەکان نین، بەڵکو هەوڵی تاکەکەسی و هونەرمەندانە، بەتایبەت لە باکووری کوردستان. بەندەش لە باشووری کوردستانەوە ساڵانێکە ڕۆشنبیری کولتووری بڵاودەکەمەوە و ئەم بابەتانەم کردووەتە بابەتی سەرەکی گفتووگۆ، بەرنامە، نووسین و توێژینەوەکانم، هەمیشە لە هەوڵی جدیدام بۆ هۆشیارکردنەوەی کوردی باشوور لەم میراتە گرنگەمان و ئەم نووسینەی بەردەستت، یەکێکە لەو هەوڵ و توێژینەوانە.

هاڵک موزیک، میراتێکی زیندوو و بەردەوامە کە دەنگی مێژوو، کولتوور و ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان کەسە. ئەم موزیکە تەنها سەرگەرمی و هونەر نییە، بەڵکو ڕێگەیەکی بەرزە بۆ ناساندنی کۆمەڵایەتی، دەربڕینی دڵسۆزی و گواستنەوەی بەهاکان لە نەوەیەکەوە بۆ ئەوی تر.

لە سەردەمێکدا کە گلۆباڵیزەیشن (بەجیهانیبوون) واتای یەکسانکردنەوەی کولتوورە، هاڵک موزیک، وەک یادەوەرییەک وایە لە دەوڵەمەندی و جۆراوجۆری میراتی مرۆڤایەتی. پاراستنی ئەم میراتە نەک تەنها بەرپرسیارێتی خەڵکی کوردستانە، بەڵکو ئەرکی هەمووانە کە بایەخ بە کولتووری مرۆڤایەتی دەدەن.

بۆ ئەوەی ئەم موزیکە بەردەوام بێت، پێویستە هەموومان ڕۆڵ بگێڕین: لە گوێگرتن و فێربوون، خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە. تەنها بە ئەم شێوەیە دەتوانین دڵنیابین لەوەی کە دەنگە جوانەکانی هاڵک موزیک، بۆ نەوەکانی داهاتوو بەردەوام دەبن و دەتوانین گەشە بەم ستایلە ڕەسەن و گەورەیە بدەین.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان