" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

لەم بەشەدا باسی ئامێرەکانی ساز (Saz) دەکەین بەشێوەیەکی گشتی, دەربارەی شێواز و گرنگییەکانیان دەدوێین. وەک چۆن لە بەشەکانی پێشوودا بەتایبەت باسی ئامێری سازی باغڵەمەمان کرد و دەربارەی مێژوو و گرنگی ئەم ئامێرە توێژینەوەیەکی چڕ و پڕمان خستەڕوو. 

ئامێرەکانی ساز (وشەی ساز بەمانای ئامێر دێت، بەڵام لەم بەشەدا مەبەستمان تەنها ئەو خێزانە ئامێرییەیە کە باسی دەکەین و پێی ناسراوە.) یەکێکە لە کۆنترین و گرنگترین ئامێرە موزیکییەکانی ناوچەی ئەنادۆڵ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ئامێرە ژێدارە بە مێژوویەکی درێژ و کولتوورییەوە بەستراوە و ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە موزیکی کلاسیکی کوردی هەیە و کاریگەری لەسەر داڕشتن و بونیادنانی موزیکی نوێی تورکیاش هەیە.

ئامێری ساز کە بە تورکی “saz” یان “bağlama” پێی دەگوترێت، دەگەڕێنەوە سەدان ساڵ لەمەوبەر. ئەم ئامێرە لە خێزانی ئامێرە ژێدارەکانی تەمیرەییە (tambur) و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ ئامێری تەمیرەی یارسان-عەلەوییەوە هەیە، کە مێژووەکەی زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵە. 

لە سەردەمی ئیمپراتۆریی عوسمانیدا، ئامێری ساز گەشەی زۆری کردووە و بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین ئامێرەکانی موزیکی کوردی و ناوچەکە.

ئامێری ساز لە چەند بەشێکی سەرەکی پێکهاتووە:

کاسە (Göğüs): ئەم بەشە لەشی سەرەکی ئامێرەکەیە کە لە دار دروستکراوە و بە شێوەی هێلکەیی درووستدەکرێت. زۆربەی جارەکان لە دارێکی وەک دار گوێز، دار توو یان دار ئاکاجیا (akasya) دروستدەکرێت.

مل، دەسک (Sap): ملی ئامێرەکەیە، کە زۆر درێژە و تایبەتمەندییەکی جیاکەرەوەیە. ملەکە لە دارێکی وەک دار گوێز دروستدەکرێت و پەردەکانی (perde) لەسەر بەستراون، هەربۆیەش ئامێرەکە بە باغڵەمە ناودەبرێت، کە بەمانای بەستراوە.

ژێیەکان (Teller): ئامێری ساز بە شێوەی ئاسایی لە شەش تەل تا دوازدە تەل پێکدێت کە بە جووتی و سیانی ڕێکدەخرێن.

سەر (Burgular): سەری ئامێرەکەیە، کە بۆ کۆککردن و توندکردنی ژێیەکان بەکاردێت.

کەوان، پرد (Eşik):  ژێیەکان ڕێکدەخات.

جۆرەکانی ئامێری ساز زۆرن، بەجۆرێک کە لەسەر داواکارییە کەسییەکان، یاخود پێویستبوونی لە موزیکی نوێدا دروستدەکرێت. بەڵام گرنگیتین جۆرەکانی ئەمانەن: ساز کورت یاخود (جووڕا، جوورە) (Cura) ئەمە بچووکترین جۆری ساز بە قەبارەیە، کە دەنگێکی بەرز و تیژی هەیە. درێژییەکەی نزیکەی ٦٠-٧٠ سانتیمەترە و زۆربەی جارەکان بۆ فێربوون یان بۆ موزیکی خۆشی و سۆڵۆ بەکاردێت. ساز قەبارە ناوەند/باغلاما (Bağlama/Tambura) ئەمە زۆر باوترین و زۆر بەکارهاتووترین جۆری سازە. قەبارەیەکی ناوەندی هەیە و درێژییەکەی نزیکەی ٨٠-٩٠ سانتیمەترە. دەنگەکەی گونجاوە بۆ هەموو جۆرەکانی موزیک و بە تورکی “bağlama” یان “tambura” پێی دەگوترێت. سازی قەبارە گەورە/دیوان (Divan Sazı) ئەمە جۆرێکی گەورەتری ساز بە قەبارەیە، کە دەنگێکی قووڵ و گڕی هەیە. درێژییەکەی دەگاتە ١٠٠-١٢٠ سانتیمەتر. زۆربەی جارەکان لە موزیکی کلاسیکی و نەریتیدا بەکاردێت. بە تورکی “divan sazı” یان تەنها “divan” پێی دەگوترێت.

ساز بووزووق (Bozuk) جۆرێکی تایبەتە لە سازە، جیاوازی لە ژێ و شێوە هەیە. دەنگێکی جیاوازتر لە سازەکانی دیکەی هەیە. ساز چۆغور (Çöğür)جۆرێکی کۆنە لە سازە کە لە باکووری ئاناتۆلی و ناوچەکانی دەریای ڕەش زۆر بەکاردێت. تایبەتمەندی جیاوازی لە شێوەی کاسە و ژمارەی ژێیەکانی هەیە. سازی مەیدان (Meydan Sazı)جۆرێکی گەورەتری دیوان سازە، کە زۆر کەم بەکاردێت و تایبەتە بە ئاهەنگە فەرمی و گەورەکان.

کۆککردنی ئامێرەکە:

کۆککردنی ئاسایی:

کۆکئ زۆر باوی ساز بریتییە لە: La-Re-Sol) A-D-G). تەلەکان بە دووان یان سێیان ڕێکدەخرێن کە هەمان دەنگ دەردەهێنن. لە باغڵەمەی دەسککورتدا، بەگشتی D-G-A (Re-Sol-La) بەکاردێت.

هەڵبەت بەپێی پێویستی و خواستی کۆمپۆسەر یاخود ژەنیار، دەکرێت کۆکەکە دەستکاری بکرێت و لەگەڵ هەر گۆرانییەک یاخود پارچەموزیکێک بگونجێندرێت.

کەرەستە و تێکنیکەکە باوەکانی ژەنین:

ڕیشە، ژێژەن (Tezene): پارچە پلاستیکی بچووکە، کە بۆ لێدانی ژێیەکان بەکاردێت.

تریمۆلۆ (Tremolo): تێکنیکێکە کە تیایدا بە خێرایی ژێژەن بە ژێیەکاندا دەدرێت، بۆ درووستکردنی دەنگێکی بەردەوام.

ڤێبراتۆ (Vibrato): لەرینەوەی پەنجە لەسەر ژێیەکە، بۆ درووستکردنی لەرینەوە لە دەنگدا.

ترێل (Trill): بریتییە لە ژەنینی خێرا و هاوشان، لە نێوان نۆتەیەک و نۆتەیەکەی سەروو خۆی بە مەبەستی ڕازاندنەوە و جوانکردنی ئاوازەکە.

تەپە (Tepe): بریتییە لە بەکارهێنانی پەنجەکانی دەستی ڕاست بۆ لێدانی ڕیتم لەسەر سندوقی دەنگی سازەکە، کە وەک ئامێرێکی پیاکێشان و ڕیتمی (پێرکەیشن) ڕەهەندێکی داینامیکی و جۆش و خرۆشێکی تایبەت بە موزیکەکە دەبەخشێت.

بەگشتی سەرجەم تەکنیکەکان لە ئامێرە ژێدارەکان لە ئامێری سازدا بەکاردێت و لەڕووی تەکنیکییەوە ئامێرێکی گەلێک دەوڵەمەندە. سەرجەم سکێڵ و مەقامەکانی موزیکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییش بەم ئامێرە دەتواندرێت بژەندرێت و توانای ئامێرەکە زۆر و فراوانە.

ئامێری ساز نەک تەنها ئامێرێکی موزیکییە، بەڵکو سیمبولێکی کولتووری و نیشانە و ناسنامەی گەلی کورد و گەلانی ئەنادۆڵە. لە مێژوودا، هونەرمەندە گەڕۆک و عاریف و عاشقەکان ئەم ئامێرەیان بەکاردەهێنا بۆ گوتنی چیرۆک و هۆنراوە و گەیاندنی چیرۆک و بەسەرهاتەکان بە خێڵ و ناوچە کوردییە دوور و نزیکەکان. کەواتە ساز ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە درووستکردنی هەست و ناسنامەی هاوبەش لەناو کورد و گەلانی ئەنادۆڵدا.

درووستکردنی ئامێری سازی بەکوالیتی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە کە پسپۆڕی و ئەزموونی زۆر دەوێت. درووستکەرانی ساز (saz yapımcısı) کە پێیان دەگوترێت “ئوستا” یان “کاسب”، دەبێت بەر لە هەموو شتێک، ژەنیاری ئامێرەکە بن و ئامێرەکە بەباشی بناسن. پاشان دارێکی گونجاو هەڵبژێرن و بزانن بۆدرووستکردنی هەریەک لە جۆرەکانی ساز، چی دارێک گونجاو و باشە. بۆ سازی ئاستبەرز و کوالێتی، چی دارێک دەبێت و بۆ سازی هەرزان و بێ کوالێتی چی دارێک. دارەکان دەبێت بۆ ماوەی چەند ساڵێک وشک بکرێنەوە بۆ ئەوەی تایبەتمەندی دەنگی باشیان هەبێت.

بەشەکانی کاسە لە پارچە دارێک درووستدەکرێن و بە زیرەکییەکی زۆرەوە بە یەکەوە دەنووسرێنەوە. دواتر ڕووکار دادەنرێت، کە زۆربەی جارەکان لە دارێکی سووک وەک دار کاژ دروستکراوە. پەردەکان کە لە پلاستیک درووستکراون، بە وردی لەسەر مل دادەنرێن بەپێی پێوانە و سکێڵە موزیکییەکان.

لە سەردەمی ئێستادا، ئامێری ساز بەردەوامە لە گەشەکردن و گۆڕانکاری. هونەرمەندانی نوێ لو کورد و تورک، ڕێگاگەلێکی نوێیان بۆ بەکارهێنانی ئەم ئامێرە دۆزیوەتەوە، هەروەها تێکەڵکردنی لەگەڵ ئامێرە مۆدێرن و ڕۆژئاواییەکان. ئێستا سازی کارەبایی (elektro saz) هەیە کە بەکارهێنانی ساز لە کۆنسێرت و ستۆدیۆکاندا ئاسانتر دەکات و دەتوانێت لەگەڵ سەرجەم تۆن و ستاییلە جیاوازەکاندا خۆی بگونجێنێت.

زۆرێک لە قوتابخانە و کۆنسێرڤاتوارەکان لە تورکیا و کوردستان، وانەی ساز دەڵێنەوە و کاردەکەن لەسەر پاراستنی تەکنیکە کلاسیکییەکان. هەرچەند لە هەرێمی کوردستاندا لە چەند دەیەی پێشوو، بەشێوەی ئەکادیمی نەدەگوترایەوە و تەنها سینە بە سینە لەنێوان مامۆستا و فێرخوازەکاندا دەگوازرایەوە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی ئامێرەکە زیاتر لە دانیشتنە شەوانەییەکان و کۆڕ و مەجلیسی کاتبەسەربردن بەکاردەهات. بەڵام لە ئێستەدا کتێبە جۆراوجۆرەکان بۆ فێربوونی ئەم ئامێرە بەشێوەیەکی ئەکادیمی لەبەردەستن و مامۆستا و ڕاهێنەری بەتواناش هەن کە وانەی ئەم ئامێرە بەهەردوو شێوازی ئەکادیمی و نائەکادیمی فێری فێرخوازدەکەن. لەڕاستیدا بۆ ئامێرێکی نەریتی وەک سازەکان، هەردوو شێوازی فێربوون گرنگە و دەبێت هاوشانی یەکبن، واتە هەم ئەکادیمی و نۆتە، هەم ژەنینی سینە بە سینە و گوێ (سەماعی). کە ئەمە درووستترین ڕێگەی وانەوتنەوەی موزیکییە و بەم شێوەیە فێرخواز بەشێوەیەکی خێرا و دروست پەروەردە دەبێت و دەبێتە ژەنیارێکی بەتوانا و بەهەست.

هەروەها کۆمپانیاکانی درووستکردنی ئامێری موزیکی، سازی کوالیتی بەرز بەرهەمدەهێنن کە بەردەستن بۆ هونەرمەندان لە سەرانسەری جیهان.

کەواتە ئامێری ساز میراتێکی بەنرخی موزیکی ناوچەی ئەنادۆڵ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. جۆراوجۆری ئەم ئامێرە لە قەبارە و دەنگدا، توانای ئەم ئامێرەی فراوانکردووە و دەتواندرێت لەسەرجەم کارێکی موزیکیدا بەکاربهێندرێت. لە سازی جووڕا تا دیوان سازی گەورە، هەر یەکێک لەم ئامێرانە تایبەتمەندی خۆی و بەکارهێنانی تایبەتی خۆی هەیە. بەردەوامبوونی ئەم ئامێرە لە سەردەمی ئێستا و کاریگەرییەکانی لە نەوەی گەنجدا، دەیسەلمێنێت کە ساز نەک تەنها ئامێرێکی مێژووییە، بەڵکو ئامێرێکی زیندوو و بەردەوامە کە هێشتا دەتوانێت دڵ و هەستی گوێگرانی سەردەمی ئێستا ڕاکێشێت و لەسەرجەم قۆناغ و سەردەمەکاندا بەباشی جێگەی خۆی بکاتەوە.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان