" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

وەک لەبەشی پێشوو ئاماژەمان پێدا، لە بیروباوەڕی عەلەوییەکاندا، بەغڵەمە پێگەیەکی پیرۆزی هەیە و لای ئەمان موزیک کات بەسەربردن نییە بەڵکو پەرستشە. باغڵەمە نێوەندگیری لە نێوان مرۆڤ و ئیلاهییاتدا دەکات، دەنگ دەگۆڕێت بۆ ئەزموون و بابەتێکی ڕۆحی. لە ڕوانگەیەکی ڕەمزییەوە، باغڵەمە نوێنەرایەتی یەکێتی و هاوسەنگی و ڕێکخستنی گەردوون و بوونی مرۆڤ دەکات. جەستە و دەسک و ژێیەکانی بە شێوەیەکی مێتافۆریک وەک توخمەکانی گەردوون یان ڕۆحی مرۆڤ لێکدەدرێتەوە، لە کولتووری ئەنادۆڵدا.

بۆ ناسینی سازی باغڵەمە، ناسینی ئەنادۆڵ یاخود ئەناتۆلیا گەلێک گرنگە. ئەنادۆڵ، کە بە ئاسیای بچووکیش ناسراوە، نیمچەدوورگەیەکی گەورەیە لە ڕۆژئاوای کیشوەری ئاسیا، کە زۆربەی خاکی دەوڵەتی تورکیای ئێستا پێکدەهێنێت. ئەنادۆڵ مێژوویەکی دەوڵەمەندی هەیە و لانکەی چەندین شارستانییەتی گرنگی کوردستان و ناوچەکە بووە، وەک: هیتییەکان، یۆنانییەکان، ڕۆمەکان و دواتر ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی. گرنگترین شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەنادۆڵ بریتین لە: شاری تەروادە (Troy)، پەرەستگەی ئارتیمیس (Temple of Artemis) لە ئەفەسۆس (Ephesus)، و پاشماوەی پایتەختی هیتییەکان لە خاتووشا (Hattusa).

هەروەها یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی جیهان لە ڕووی جۆراوجۆریی بایۆلۆژییەوە و بە پردێکی سروشتی دادەنرێت کە ڕێڕەوی کۆچی باڵندە و ئاژەڵان لەنێوان سێ کیشوەردا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. چیاکانی تۆرۆس (Torus Mountains) و چیای ئارارات (Mount Ararat) بەرزترین لووتکەکانی ئەنادۆڵن، کە بەپێی گێڕانەوە ئایینی و مێژووییەکان، کەشتییەکەی پێغەمبەر نوح لەسەر چیای ئارارات نیشتەوە. چەندین پێغەمبەری گەورەی مێژوو لەم ناوچەیەدا ژیاون، لەوانە: حەزرەتی ئیبراهیم کە لە شاری ڕحا (ئورفە) ژیاوە.

چیای ئارارات

بەشێکی زۆری ناوچەکانی باکووری کوردستان، دەکەونە ناو سنووری جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ و بەشی زۆر و گەورەی مێژوو و کولتووری ئەنادۆڵ، مێژوو و کولتووری کوردییە.

لە مێژوودا باغڵەمە پەیوەست بووە بە کوردان و عەلەوییەکانی ئەنادۆڵەوە. وەک ئامرازێکیش بۆ ناڕەزایەتی و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی و بەرەنگاربوونەوەی ستەم کاری کردووە. لە سەردەمی سانسۆر یان دەسەڵاتی پاوانخوازانەدا، دژی کورد، یاخود ئایینی عەلەوی، گۆرانییەکان بە یاوەری باغڵەمە بە شێوەی شیعریی کۆدکراو، پەیامی سیاسییان دەگەیاند.

لە سەدەی بیستەمدا، هونەرمەندانی وەک ڕوحی سو Ruhi Su، عارف ساغ Arif Sağ، موسا ئیرۆغڵو Musa Eroğlu، مەحزونی شەریف Mahzuni Şerif و ئەرداڵ ئەرزنجان Erdal Erzincan دیارترین ئەو هونەرمەندانەی ئەنادۆڵن، کە کولتوور و فۆلکلۆری باغڵەمەیان بەشێوەیەکی نوێ داڕشتەوە و لەگەڵ ڕەگە کولتوورییە دێرینەکەی بەستیانەوە.

ئەنادۆڵ

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان