" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

عەلەوییەکان باغڵەمە بە سازێکی پیرۆز و “قورئانی ژێدار Telli Kur’an” ناودەبەن. ڕستەیەکی باو هەیە لەناویاندا کە دەڵێن: قورئانی کاغەز بە چاوەکان دەخوێندرێتەوە و قورئانی ژێدار بەدڵ!

سازی باغڵەمە لە ڕێوڕەسمی جەم و لە جەمخانەکاندا، ڕۆڵی هەرەگرنگ و سەرەکی  هەیە بۆ چڕینی کەڵام و سروودە ئایینییەکان. لای عەلەوییەکان، ئەم ئامێرە ڕێگەیەکە بۆ پەیوەستبوونی ڕۆح بە خودا و جیهانی باڵا.

لەم ئایینەدا کۆمەڵێک ئەفسانە و چیرۆکی تایبەتی خۆیان هەیە دەربارەی ئەم ئامێرە. یەکێک لە ئەفسانەکان دەڵێت: ئیمامی عەلی ئازار و ناڕەحەتییەکانی لەدەست نادادی و خەباتکردن بۆ دادپەروەری کردووەتە ئاوازێک و پاشان ئەم ئامێرەی داوەتە شوێنکەوتووانی، تا باشتر بەیانی حاڵی خۆیانی پێبکەن و ئەو شتانە دەرببڕن کە بەزمان ناتوانن. هەربۆیەش عەلەوییەکان سازی باغڵەمە وەک چەکێک بەکاردەهێنن بۆ بەرەنگاری و مانەوە، بەڵام چەکێکی ئاشتیخوازانە و کولتووری.

ئەوان هێندە بەپیرۆز لەم ئامێرە دەڕوانن، کە وەک بوونەوەرێکی بەئاگا و وشیار تەماشای دەکەن. زۆرجار دەڵێن: ئەگەر درۆزنێک یاخود خراپەکارێک بێتە ناو جەمخانەوە، ژەنیار ژەنینەکەی لێ تێکدەچێت، یاخود ژێیەکانی سازەکە دەپچڕێن.

عەلەوییەکان پێیان وایە پێش ئەوەی دونیا بێتەبوون دەنگ هەبوو، ئەو دەنگە دەنگی سازی باغڵەمەبوو. ئەو “کن فیکون”ەی دونیای پێهاتەبوون، هەمان دەنگی ئەو سازە بووە.

جەمخانە

لێرەدا چەند سەرنج و باسێک دەربارەی ئایینی عەلەوی دەخەمەڕوو، کە ئاستی تێگەیشتنمان بۆ سازی باغڵەمە زیاتردەکات:

ئایینی عەلەوی (ئالەڤی) ڕێبازێکی عیرفانی و مرۆڤدۆستانەیە کە لە نێو ئەنادۆڵدا گەشەی کردووە و تێکەڵەیەکە لە باوەڕە ئیسلامییەکان، سۆفیگەری و کولتوورە دێرینەکانی کوردستان.  ئایینەکە هاوشێوەی ئایینی یارسانی (لەڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان) و ئایینی دوروزی (لە سوریا)یە. کە بنەچە و تێڕوانینەکانی کوردییە و پەیوەستە بە کولتووری  کوردی. پاش تێکەڵبوونی ئەم کولتوورە لەگەڵ ئایینی ئیسلام، ڕەنگ و شێوەیەکی ئیسلامیشی گرتە خۆی، بەڵام لەگەڵ ئایینی ئیسلامدا لێکچوونی زۆر کەمە و تەنها بەشێوەیەکی ڕووکەشی وادەردەکەوێت ڕێبازێکی ئیسلامی بێت.  پاش هاتنی تورکەکانیش بۆ ناوچەکە، تورکێکی زۆر بوونە پەیڕەوکاری ئەم ئایینە و گەلێک لە کەسایەتییە دیارەکانی ئایینەکەش تورکن.

لەم ڕێباز یاخود ئایینەدا، خۆشەویستی بۆ ئیمامی عەلی و ئەهلی بەیت وەک چەقی باوەڕەکەیان دادەنرێت. پەرستگای عەلەوییەکان “جەمخانە”یە و لەوێدا ڕێوڕەسمی “جەم Cem” و سەمای ڕۆحی “سەماع” بە ئامادەبوونی ژنان و پیاوان پێکەوە بەیەکسانی ئەنجام دەدرێت، کە ئەمەش نیشانەی بایەخی ئەوانە بۆ یەکسانیی ڕەگەزی. 

فەلسەفەی عەلەویەت لەسەر بنەمای “پاکیی دەست و زمان و ناوەڕۆک” دامەزراوە و جەخت لەسەر لێبوردەیی، عەقڵانییەت و ئاشتیی نێوان مرۆڤەکان دەکاتەوە، بەبێ گوێدانە جیاوازییە ئایینییەکان. سەرەڕای ئەو ئاستەنگە مێژووییانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، عەلەوییەکان کە پێکهاتەیەکی گەورەی کورد و تورک دەگرنەوە، توانیویانە پارێزگاری لە ناسنامە و کولتوورە دەوڵەمەندەکەیان بکەن و وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کولتوور و کۆمەڵگەی ئەنادۆڵ بمێننەوە. 

گەورەترین کەسایەتییەکانی ئەم ڕێبازە بریتین لە حاجی بەکتاشی وەلی Hacı Bektaş-ı Veli کە وەک باوکی ڕۆحی و دامەزرێنەری فەلسەفەی عەلەویەت دەناسرێت، پاشان پیر سوڵتان ئەبداڵ Pir Sultan Abdal کە سیمبولی بەرگری و شیعرە.

پیر سوڵتان عەبداڵ

پیرەکان لە ئایینی عەلەویدا وەک ڕێبەرە ڕۆحی و ئایینییە باڵاکان دادەنرێن کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ڕێوڕەسمەکان و پاراستنی فەلسەفەی عەلەویەتیان لەسەر شانە. ئەم کەسایەتییانە دەبێت لە نەوەی «ئەهلی بەیت» بن و لە ڕێگەی زنجیرەیەکەوە کە بە «ئۆجاخ Ocak» ناسراوە، پەیوەندییان بە ئیمامەکانەوە هەبێت. پیر تەنیا مامۆستایەکی ئایینی نییە، بەڵکو وەک دادوەرێکی کۆمەڵایەتیش ڕۆڵ دەبینێت و کێشەکانی نێوان خەڵکی لە نێو جەمخانەکاندا چارەسەر دەکات. لە ڕێوڕەسمی «جەم»دا، پیر لەسەر کورسییەک دادەنیشێت و ڕێنمایی باوەڕداران دەکات و چاودێری سەمای ڕۆحی و نزا و پاڕانەوەکان دەکات. پێگەی پیر پێویستی بە زانیارییەکی قووڵی عیرفانی و ڕەوشت و ئەخلاقی بەرز هەیە، چونکە ئەو وەک نموونەیەک بۆ پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە سەیر دەکرێت. لەم سیستەمەدا، پیرەکان پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان لەگەڵ «موریدەکان» هەیە و بەردەوام هەوڵ دەدەن بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتی و لێبوردەیی و یەکسانی. هەروەها پیرەکان ئەرکی پاراستنی سروودە ئایینییەکان (نەفەس Nefes) و گواستنەوەی میراتی کولتوورییان بۆ نەوەکانی داهاتوو لە ئەستۆیە. بەهۆی ئەم پێگەیەوە، عەلەوییەکان ڕێزێکی بێ پایانیان بۆ پیرەکان هەیە و بە کلیلی گەیشتن بە حەقیقەت و مەعریفەی خودایییان دادەنێن. بۆ نموونە: سەید ڕەزای دەرسیم، یەکێک لەو پیرە گرنگ و دیارانەی ئایینەکەبوو لە کوردستاندا، کە هەمیشە ناوی لەسەر زار و دڵی هەموو کوردێکدایە و جیا لە پاکی و ڕەوشتی بەرزی، نموونەی خەبات و تێکۆشانە بۆ نەوەکانی کورد.

سەید ڕەزای دێرسیم (١٨٦٣ – ١٩٣٧)

باغڵەمە لە نەریتی ئایینی عەلەوی جیا ناکرێتەوە. کەسایەتییەکانی وەک پیر سوڵتان عەبداڵ Pir Sultan Abdal، قەرەجائۆغلان Karacaoğlan و عەشیک ڤەیسەڵ Âşık Veysel، باغڵەمەیان وەک ئامێرێکی نەریتی و ڕۆحانی قووڵ تەماشاکردووە و بەکارهێناوە. لەم چوارچێوەیەدا باغڵەمە وەک هاوەڵێک بۆ دەنگی مرۆڤ بەکاردێت و هێزی زمان و شیعر و چیرۆکگێڕان کاریگەرتر دەکات.

دەنگی ئەم ئامێرە وەک پەیوەندییەک لەنێوان خوا و مرۆڤدا تەماشادەکرێت و بەشێکە لە چاند و سەمای سۆفییانە، کە عەلەوییەکان ئەنجامی دەدەن. گوێگرتن لە دەنگی باغڵەمە لەم بارودۆخانەدا وەک ڕێگەیەک دادەنرێت بۆ نزیکبوونەوە لە خودا و گەیشتن بە دۆخێکی ڕۆحانی باڵا.

لە ڕووی هێماوە، باغڵەمە هەڵگری هێما و واتا قووڵەکانە. خودی سازەکە هێمایە بۆجەستەی مرۆڤ، کاسەی ئامێرەکە نیشانەی دڵی مرۆڤە، کە دەبێ پڕ بێت لە خۆشەویستی خودا؛ دەسکەکەی (ملی ئامێرەکە) ئاماژەیە بۆ ڕێگەی ڕاست و ژێیەکانی ئاماژەن بۆ ڕۆحی مرۆڤ. ڕیشە (ژێژەن) ئاماژەیە بۆ ئیرادە و نییەت؛ پەنجەکانی ژەنیارەکە لەسەر سازەکە، ئاماژەن بۆ دیسپلین و خۆڕێکخستن. ئەو دەنگەش کە لە باغڵەمەکە دەردێت، دەنگی حەقە و خوداییە.

جەمخانە

 لە بۆنەکاندا، باغڵەمە ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. دەنگەکەی یارمەتیدەرە کە خەڵک بگەنە دۆخی مەستی ڕۆحانی، دۆخێک کە تێیدا مرۆڤ هەست بە نزیکی خوداوەند دەکات.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە تەنها کەسانی خەڵوەتکێش و پلەبەرز لەڕووی ڕۆحانییەوە، مافی لێدانی باغڵەمەیان هەیە لە مەراسیمە ئایینییەکاندا و دەتوانن جەم و کۆبوونەوە ڕۆحانییەکان بەڕێوەبەرن. ئەمەش دەریدەخات کە باغڵەمە هەر ئامێرێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئامێرێکی پیرۆزە، کە پێویستی بە ڕێز و پاکی و خوداناسی هەیە.

بەم شێوەیە باغڵەمە لای عەلەوییەکان لەنێوان هونەر و ئایین و کولتوور پەیوەندی دروست دەکات، و دەبێتە ڕێگەیەک بۆ دەربڕینی باوەڕ و هەستە قووڵەکانیان.​​​​​​​​​​​​​ڕستەیەکی باو هەیە لەناویان کە دەڵێن: باغڵەمە زمانمە.

باغڵەمە لەڕێگەی عەلەوییەکانەوە پەرەیسەند و لە باکووری کوردستان و ئەنادۆڵدا بڵاوبووەوە. بەشێکی زۆریش لە کولتووری ئەنادۆڵ لە ڕێگەی گواستنەوەی زارەکییەوە پەرەی سەند، باغڵەمە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە پاراستنی یادەوەری مێژووییدا، کە گۆرانییەکانی پەیوەست بەم ئامێرە، چیرۆک و زانیارییان لەسەر: کۆچ، ڕاپەڕین، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و جەنگەکان هەڵگرتبوو و دەیانگواستەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

ئەنادۆڵ

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان