" type="text/css" > Skip to main content

رێژوان تەها

یەڵماز گونەی Yılmaz Güney کە زۆرجار بە “Çirkin Kral” (پاشا ناشرینەکە)ی سینەمای تورکیا ناودەبرێت، زیاتر لە فیلمسازێک بوو؛ ئەو چیرۆکنووسێک بوو کە واقیعە کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و تورکیای لەگەڵ ڕەوتە نەریتە کولتوورییەکانیدا تێکەڵ دەکرد. یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی فیلمەکانی بریتییە لە بەکارهێنانی موزیک، کە نەک هەر هاوشانی گێڕانەوەکان دەکات، بەڵکو وەک پردێکە لە نێوان سینەما و فۆلکلۆر و پێکەوەیان گرێدەدات.

گونەی (١٩٣٧-١٩٨٤) سینەماکار، ئەکتەر، ڕۆماننووس و چالاکوانی سیاسی کورد بوو، کە بە بەرهەمی شۆڕشگێڕانە و کۆمەڵایەتی و یاخی لە دەسەڵات ناسراوە. لە گوندی یەنیجەی شاری ئەدەنە لەدایکبووە، لە بنەماڵەیەکی هەژاری کوردی زازادا گەورە بووە، هەربۆیە هەمیشە هاوسۆز و خەباتکاری کورد و پەراوێزخراو و چەوساوەکان بوو.

بەشداری سیاسی و ڕەخنەگرتنی گونەی لە دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیا، بووە هۆی بەردەوام زیندانیکردنی، کە کۆی گشتی زیاتر لە دە ساڵی ژیانی لە زیندان بەسەربردووە. لە زینداندا بەردەوام بوو لە نووسینی ڕۆمان و نامە و سیناریۆ و بەرهەمەکانی. نووسراوەکانی زیندانی ڕەنگدانەوەی خەباتی ئەون لە پێناو دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ، ژیانی خۆی پڕ لە ئەزموونی چەشتنی ناڕەحەتی و ئازارەکانی کوردبوون و یاخیبوون بوو، هەربۆیە باشتر ئازار و کوردبوونی دەناسی و لەبەرهەمەکانیدا دەیناساندن.

لە ساڵی ١٩٨١دا گونەی لە زیندان دەرباز دەبێت و دەچێتە ژیانی غوربەت لە فەرەنسا، لەوێ درێژە بە کارە هونەری و سیاسییەکانی دەدات، تا لە ساڵی ١٩٨٤ بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات، تا ئێستاش وەک سیمبولی بەرخۆدان و خەباتی هونەری و ناسنامەی کوردبوون لە سینەمای تورکی و جیهانیدا ناوی ماوەتەوە.

زۆربەی فیلمەکانی گونەی خەباتی پەراوێزخراوەکان و هەژارانی گوندنشین و چەوساوەکانی کۆمەڵگەی باکووری کوردستان و تورکیا نیشان دەدەن. گونەی بۆ گەیاندنی ئەم واقیعانە بەردەوام پشتی بە موزیک دەبەست، کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی لەگەڵ یادەوەری بەکۆمەڵی خەڵکدا هەبوو. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان و ئامێرە نەریتییەکان و ئاوازە فۆلکلۆرییەکانی باکووری کوردستان لە سینەمایی ئەودا پایەی سەرەکی بوون، کە کەشێکی ڕەسەن دروست دەکەن، هەم شوێن و هەم دیمەنی سۆزداری کارەکتەرەکان بەتەواوی نیشاندەدەن. بۆ نموونە: لە فیلمەکانی وەک Umut (هیوا، ١٩٧٠) و Sürü (مێگەل، ١٩٧٨)، موزیک دەبێتە ئامرازێکی گێڕانەوە، کە نائومێدی و بەرخۆدان و هیوا نیشاندەدات، زۆرجار بەبێ ئەوەی یەک وشە بگوترێ.

بەکارهێنانی موزیکی فۆلکلۆر لە فیلمەکانی گونەیدا زیاتر لەوەشبوو کە تەنها کەشێکی کوردەواری و ڕەسەن درووستبکات؛ بەڵکو وەک فۆرمێک و کەرەستەیەک لە شرۆڤەی کۆمەڵایەتی کاردەکات و دیمەنەکان لە خەیاڵی بینەردا درووستدەکات. گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان لای گونەی کەرەستەیەکن بۆ گێڕانەوەی چیرۆک، زۆرجار خەبات و خۆشی و خەمەکانی: مرۆڤی ئاسایی و چینی هەژاری کۆمەڵگە دەگێڕنەوە. گونەی بە بەکارهێنانی ئەم ئاوازانە لە فیلمەکانی، چیرۆکگێڕانەوەکانی خۆی بە وێژەی زارەکی و ئاوازە فۆلکلۆرییەکانی کوردستان و تورکیاوە دەبەستەوە. بۆیە لە فیلمەکانی ئەودا، موزیک وەک چاویلکەیەکی کولتووری کاردەکات، کە بینەران لە ڕێگەیەوە دەتوانن لە ئەزموونە تایبەتەکانی کارەکتەرەکان تێبگەن و شوێن و دۆخە تایبەتەکان، کە گونەی دەیخوازێت، لە خەیاڵی بینەردا دەربکەون و بکێشرێن.

ڕوانینی گونەی بۆ موزیک، ڕەنگدانەوەی تێگەیشتن و ڕوانینە سیاسییەکەیەتی. زۆرێک لە فیلمەکانی ڕەخنە لە نایەکسانی و گەندەڵی و ستەم دەگرن و ئازارەکانی کوردبوون لە تورکیادا دەردەخەن. بۆیە موزیکی فۆلکلۆر، لە ڕوانگە و  ڕێبازی گونەیدا، ئەم ڕەخنەیە گەورەتر و ئاشکراتر دەکات. زۆرجار موزیکەکە جەخت لە ساتەکانی خەبات و بەرخۆدان دەکاتەوە، بینەر لە ڕووی سۆزدارییەوە بە گێڕانەوەکە دەبەستێتەوە، بەم شێوەیە موزیک لە سینەمای گونەیدا تەنیا بەکارهێنانێکی سادە و بەڕێکردن نییە؛ بەڵکو دەبێتە زمانی خەڵک و ئەو شتانە دەخاتە ڕوو کە قسە و وشەکان بە تەنیا ناتوانن بیگەیەنن.

لەکۆتاییدا، یڵماز گونەی کەسایەتییەکی ئەفسانەیی سینەمای کورستان و تورکیایە. چەندین دەق و نوسراوی بەپێز و گرنگی هەیە و لە تەمەنیدا گەلێک خزمەتی کولتووری، ئەدەبی و هونەری کردووە و وەک: دەرهێنەر، سیناریست، ئەکتەر.. هەمیشە لە لوتکە بووە و جێگەدەستی لەهەموو ڕووەکانەوە دیارە.

بەشێک لە باشترین کارەکانی:

هیوا (Umut) – 1969

ئازار (Acı) – 1969

هەژاران (Zavallılar) – فیلم، 1970

پاشا ناشرینەکە (Çirkin Kral) – 1973

هاوڕێ (Arkadaş) – 1974

نیگەرانی (Endişe) – 1974

مێگەل (Sürü) – 1978

ڕێگا (Yol) – 1982

دیوار (Duvar) – 1983

مردنی سپی (Beyaz Ölüm) – 1966

ئەسپ (At) – 1971

یاسای سنوورەکان (Hudutların Kanunu) – 1966

بەشێک لە نووسراو و ڕۆمانە بەناوبانگەکانی:


ئەوانەی کە بەسەری کزەوە مردوون (Boynu Bükük Öldüler) — 1971
خانەکەم (Hücrem) — 1975
سالپا (Salpa) — 1975
تۆمەتبار (Sanık) — 1975
سۆپا، پەنجەرە و دوو نانمان دەوێت (Soba, Pencere Camı ve İki Ekmek İstiyoruz) — 1977
سێبەری سەلیمییە (Selimiye Üçlüsü) — 1979

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان