رێژوان تەها
بیتهۆڤن، ئەو بلیمەتەی کە موزیکەکانی هەمیشە لە هزر و بیری خەڵکیدان. لۆدڤیک ڤان بیتهۆڤن Ludwig van Beethoven یەکێک لە ئەفسانەییترین کۆمپۆسەرکانی مێژووە. لە ساڵی ١٧٧٠ لە ئەڵمانیا لەدایکبووە، هەر لە تەمەنی گەنجیەوە بەهرەیەکی نائاسایی موزیکی نیشانداوە و دواتر بۆ خوێندن و کۆمپۆزیشن ڕووی لە ڤیەننا، دڵی موزیکی ئەوروپا کردووە.
بیتهۆڤن تەنها نەریتی کلاسیکی هایدن و مۆزارت پەیڕەو نەکرد، بەڵکو فراوانتری کرد؛ موزیکێکی پڕ لە هەست و دراما و داهێنان دروستکرد. لە سەمفۆنیای ژمارە ٣ی “ئیرۆیکا Eroica” بەربەست و سنوورەکانی دانانی موزیکی شکاند، سەمفۆنیای پێنجەم مۆتیڤی چوار نۆتی ئایکۆنی پێبەخشین و سەمفۆنیای نۆیەم دەنگەکانی مرۆڤی لە سەمفۆنیایەکدا ناساند. لە هەموو کارەکانیدا یاخییانە موزیکی دەنووسی و ڕەچاوی هیچیەک لەو سنوورە زیهنی و دەستکردانەی پێش خۆی نەدەکرد، بۆیەش هەمیشە داهێنەربوو و بووبە پردی نێوان هەردوو قۆناغی کلاسیک – ڕۆمانتیک.
سەرەڕای ئەوەی لە کۆتایی بیستەکانی تەمەنیدا توانای بیستنی لەدەستدا، بەڵام بیتهۆڤن بەردەوام بوو لە ئامادەکردنی هەندێک لە بەهێزترین و سەرنجڕاکێشترین موزیکەکان کە تا ئێستا نووسراون. سۆناتاکانی پیانۆی وەک “ڕووناکی مانگ Moonlight” و “پاتیتیک Pathétique”، هەمیشە وەک شاکارێکی دەربڕین و تەکنیکی دەمێننەوە.
ژیانی بیتهۆڤن بەڵگەی خۆڕاگری و ئیلهام و خەباتە. ئەو دەیسەلمێنێت کە بلیمەتی ڕاستەقینە پەیوەست نییە بە بارودۆخەوە، پەیوەست نییە بەوەی کە لەکوێیت و چۆنیت، بەڵکو پەیوەستە بەو ئاگرەی کە لەناختدا تامەزرۆی داهێنان و نوێگەریت دەکات. کارەکانت دەکاتە شاکار و سنوورەکانی کات و سەردەم و جوگرافیا دەبڕێت.
بیتهۆڤن لە ١٨٢٧ لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا لە شاری ڤییەنا, لە نەمسا, کۆچی دوایی کرد.



