" type="text/css" > Skip to main content

ڕێژوان تەها

وۆڵڤگانگ ئامادێوس مۆزارت Wolfgang Amadeus Mozart (١٧٥٦-١٧٩١) یەکێک بوو لە گەورەترین کۆمپۆسەرانی مێژووی موزیکی ڕۆژئاوایی و کەسایەتییەکی سەرەکی سەردەمی کلاسیک بوو. مۆزارت لە شاری سالزبۆرگ Salzburg لەدایکبووە، هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بەهرەی موزیکی نائاسایی نیشانداوە و لەتەمەنی سەرەتاییەوە وەک موزیسیانێکی بلیمەت دەرکەوت و ناسرا. لە تەمەنی پێنج ساڵیدا خەریکی دانانی موزیک بوو، هەر زوو دوای ئەوە دەستی کرد بە ژەنین و پێشکەشکردن لە سەرانسەری ئەوروپا لەگەڵ باوکی لیۆپۆڵد مۆزارت Leopold Mozart کە ئەویش موزیسیان و مامۆستایەکی بەتوانابوو. ئەم گەشتە سەرەتاییانە کەسایەتی مۆزارتیان بەرەوڕووی زۆرێک لە شێواز و کولتوورە موزیکییەکان کردەوە و ئاشنای جیاوازییە کولتووری و موزیکییەکانبوو لە ئەوروپادا و تێگەیشتن و دونیابینییەکانی، گەشەیانکرد و چوارچێوەکانیان تێپەڕاند.

مۆزارت لە هەموو فۆڕم و ژانەرێکی موزیکی سەردەمی خۆیدا موزیکی داناوە، لەوانە سەمفۆنیا، ئۆپێرا، چەمبەر موزیک، بەرهەمەکانی بۆ پیانۆ و موزیکی پیرۆز و ئایینی. ئۆپێراکانی وەک: هاوسەرگیری فیگارۆ The Marriage of Figaro، دۆن جیۆڤانی Don Giovanni و فلوتی جادوویی The Magic Flute کاریگەر و گرنگن لە هەموو سەردەمەکاندا؛ چونکە کارەکتەرەکان بە واقیعی دەروونی و هەڵچوونەکان و ئاڵۆزی فیکری و ئەخلاقیەوە نیشان دەدەن. موزیکەکانی مۆزارت سادەن، بەڵام قووڵن. ئەمەش وایکردووە لە کولتوور و گەلەجیاوازەکانەوە هەوادار و گوێگری تایبەتیان هەبێت و سەرجەم چین و توێژەکان چێژ لەبەرهەمەکانی وەرگرن. وێڕای سوود و کەڵکە دەروونییەکانی کە بەمرۆڤی دەبەخشێت، بۆیەش بەشی زۆری لێکۆڵینەوە زانستی و دەروونییەکان، موزیکی مۆزارت بە موزیکە پێشەنگ و باشەکان دادەنێن، بۆ حاڵەت و نەخۆشییە دەروونییە جیاوازەکان و بۆ زۆر لایەنی ئەو زانستانە کەڵکی لێوەردەگیرێت.

سەرەڕای بلیمەتییەکەی، ژیانی مۆزارت پڕبوو لە کێشەی دارایی و ململانێی کەسیی. ڕوبەڕووی چەندین گرفت و ناڕەحەتی کۆمەڵایەتی و دەروونی بووەوە لەو تەمەنە کەمەیدا.

مۆزارت لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە و زیاتر لە ٦٠٠ بەرهەمی بەجێهێشتووە کە بەردەوامن لە کاریگەریدانان لەسەر موزیک و کولتوور و پەروەردە لە سەرانسەری جیهاندا. ئەوە لە مۆزارت بەجێماوە تەنها لە شارەزایی تەکنیکیدا نییە، بەڵکو لە توانای دەربڕینی خۆشی و خەم و خۆشەویستی و ململانێدایە بە ڕاستگۆیییەکی سەرنجڕاکێش و موزیکێکی قووڵ و بەمانا. موزیکی ئەو ئەوەمان پێدەڵێت: کە هونەری گەورە دەتوانرێت لە ڕووی فیکرییەوە بەهێزبێت و لە هەمان کاتدا سادەش بێت.

بەشی بکە لە:
رێژوان تەها

نووسەر و موزیسیان