" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی: ڕێژوان تەها

لە شاری ”مەلاتیا”ی باکووری کوردستان لە ٢٨ی ١٠ی ١٩٥٧ چاوی بەدونیا هەڵهێنا، پێنجەم و دوا منداڵی خێزانەکەی بوو لەباوکێکی کورد و دایکێکی تورک. باوکی خەڵکی شاری سەمسوور ”ئادیامان” بوو، بەڵام بۆ کار ڕوویکردبووە مەلاتیا و لە کارگەیەکی چنینی سەربەدەوڵەتی تورکیا کاریدەکرد، خێزانەکەی هەرلەوێ و لەناو ژوورێک لە کارگەکەدا دەژیان.

ئەحمەد کایا سەرەتای ژیانی هونەری لەو کارگەیەدا دەستیپێکرد، لە شەوچەرە و دانیشتنەکان کایای بچووک گۆرانی دەگووت بۆ باوکی و کرێکارانی کارگەکە.

کایا لە شەش ساڵییەوە دەستی بە موزیککرد و خولیای فێربوون و شارەزابوون لە موزیکی بۆ دروستبوو. هەر لەسەرەتاوە توانا و لێهاتوویی بوون بە هونەرمەندی هەبوو، چونکە هەم دەنگێکی بەسۆز و خۆشی هەبوو، هەم هێدی هێدی توانا و شارەزایی خۆی لەموزیکدا دەبینییەوە.

ئەو لەخێزانێکی هەژاربوو، پێویستیدەکرد کاربکات و جیا لە موزیک سەرقاڵی پەیداکردنی بژێوی ژیانبێت.

لەپاڵ چوونی بۆ خوێندنگە، لە دوکانێکی فڕۆشتنی قەوان و کاسێت کاریدەکرد و موزیکەکەشی لە ڕۆحیدا هەڵگرتبوو، کە لە چەکەرەکردندابوو.

کارکردنی لەم دوکانە گەلێ سوودی بۆ ژیانی هونەری کایاش هەبوو، ڕۆژانە گوێی لە موزیک و گۆرانی جۆراوجۆر دەبوو و گوێیەکانی ئاشنای ستایل، فۆڕم و سکێڵە جیاوازەکان دەبوو.

بەهۆی بارودۆخی خێزانەکەی کایا ناچاردەبێت پاش تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی، واز لەخوێندن بهێنێت.

پاش چوونی بۆ ئیستانبوڵ، دەبێتە شۆفێری تاکسی و پاس، لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆی بەناوی “بەشار ئابی”.

ھەروەھا سەرەتای دەستپێکردنی ژەنینی کایا بۆ باوکی دەگەڕێتەوە کاتێک سازێکی بە دیاری بۆ دەکڕێت، دوای ئەوە چەندین کۆنسێرت و چالاکی بچووکی ئەنجامداوە بۆ کرێکارەکانی ھاوڕێی باوکی و خزم و هاوڕێکانی.

کایا سەردانی دۆست و خزمەکانی دەکرد لە گوندەکەی خۆیان، خاڵی (یوسف) گۆرانیبێژ و موزیکژەن بوو، کە کاریگەری لەسەر کایا ھەبوو تاوەکو خۆی فێری ژەنینی ساز بکات.

کایا هەر لەسەرەتای ژیانییەوە کەسێکی یاخی بوو، یاخی لە ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە. ئەو هەمیشە چاوەکانی نادادییەکانی دەبینی و گوێیەکانی زریکە و غەمی چەوسێنراوانی دەبیست؛ هەموو ئەمانە لەناخیدا قوڵپی دەدا و بە موزیک و گۆرانی دەریدەبڕین. کایا هەتا ئێستەش گۆرانییەکانی زیندوون و لەناو کورد، تورک، هەرگەلێکی دونیا گوێگرێکی زۆری هەن و ڕۆژانە سیدی و کاسێتەکانی دەفڕۆشرێن، لەناو سۆشیال میدیاشدا یەکێکە لەو هونەرمەندانەی زۆرترین گوێگری هەیە و بەردەوام گۆرانییەکانی نوێدەکرێنەوە. چونکە کایا هاواری خەڵکی چەوساوە و هەژاربوو، گۆرانی و موزیکەکانی گوزارشتن لە واقیعی ژیانی کۆمەڵگە و دیاردە و بابەتە دیارەکان، بۆیەش هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە لەیاد و هزری گوێگراندا.

یەکەم ئەلبوومی بڵاوکراوەی لە ١ی ٤ی ١٩٨٥بوو بەناوی “مەگری ڕۆڵەکەم”بوو، ئەلبوومەکەی پڕ لە ناڕەزایی و سکاڵایە لەدەستی نادادی و ستەم، بۆیەش حکومەتی ئەوکاتی تورکیا و دەستگاکان دەترسان لە بڵاوکردنەوەی ئەم ئەلبوومە ناوازەیەی کایای بلیمەت. بەڵام ئەو ساردنەبووەوە و بەهاوکاری هاوڕێکانی ئەلبوومەکەی بڵاوکردەوە.

ئەلبوومەکە لە شیعری شاعیرانی وەک: سەڵاحەددین عەلی، ئەحمەد عارف، سەباحەدین عەلی، قەرەجئۆغڵان، نازم حیکمەت، دەمار عارف، محەمەد عاکیف ئەرسۆی و کایا خۆشی بەشێک لە شیعرەکانی نووسیبوون؛ وە ئاوازی سەرجەم گۆرانییەکان لە دانان و ئامادەکردنی خۆی بوو.

ڕاستە گۆرانییەکان بە زمانی تورکی بوون، بەڵام بە ڕۆحێکی کوردانە و گوزارشتبوون لە کێشە و ئازارەکانی گەلی کورد بەتایبەت.

وە بەشێکی زۆر لەهونەرمەندان و نووسەرانی باکووری کوردستان لە تورکیادا بەم شێوەیە کاریان کردووە، بە زمانی تورکی بابەتەکانیان پێشکەشکردووە تاوەکو کوردانی زازاکیش بتوانن لێی تێبگەن، وە ئەو کوردانەش کە ئاسیمیلەبوون و کرمانجی نازانن، پەیامی کارەکانیان بەئاسانی پێبگات.

هەرچەند ئێستە بەهۆی خەبات و بەرخۆدانی گەلی کورد لەباکوور، کوردبوون شەرم نییە، ئاسان ناتوانن واتلێبکەن کورد نەبیت و ببیت بەوان؛ بەڵکو سەربەرزی و شانازییە، وە کوردانی شارە تورکییەکانیش بە کوردی قسەدەکەن و منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی دەکەن.

ئێستە بەشێوەیەکی بەرچاو ڕێچکەی نووسین و هونەر و کولتوورمان لە باکوور بە زمانی کوردییە و وە بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان و کەسایەتییەکان هەر بەکوردی خزمەت دەکەن و کارەکانیان پێشکەشدەکەن؛ هەرچەند ڕێگری زۆریان دێتەڕێیان و کۆسپ و بەربەست دەخەنە بەردەمیان، بەڵام کاروانەکە لەڕێیە و بەرد و داری سەرڕێگە ناتوانێت بیوەستێنێت.

کایا چەندین گۆرانی و ئەلبوومی لەسەر ئەم ڕێچکە و پەیامە کوردی مرۆڤانەیە بڵاوکردەوە و بەشێکیان دوای مەرگی هاوسەرەکەی “گوڵتەن” بڵاویکردنەوە، ڕاستە بەم هۆیە بەردەوام ئازاردەدرا و ناڕەحەت دەکرا؛ بەڵام هەوادار و گوێگرێکی زۆری هەبوو لە باکووری کوردستان و تورکیا، ئاسان نەبوو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەناویببەن و تیرۆری بکەن؛ بەڵام حکومەت و نەتەوەپەرستەکان هەمیشە لە هەوڵ و کارکردن بۆ ڕاگرتنی ئەم کەڵەهونەرمەندە بوون.

ئەلبووم و کارەکانی ئەحمەد کایا:-

مەگری ڕۆڵەکەم  Ağlama Bebeğim (١٩٨٥)

تێکئاڵان لە ئازار Acılara Tutunmak (١٩٨٥)

ئاوازی شەبەق Şafak Türküsü (١٩٨٦)

کاتێ دێ An Gelir (١٩٨٦)

دیموکراتی ماندوو Yorgun Demokrat (١٩٨٧)

سەرم بەرزدەکەمەوە Başkaldırıyorum  (١٩٨٨)

خوێندنەوە-١ Resitaller-1 (١٩٨٩)

گوڵێکی نییەت چاک – کۆد ناوی بەختیار İyimser Bir Gül – Kod Adı Bahtiyar (١٩٨٩)

خوێندنەوە-٢  Resitaller-2 (١٩٩٠)

دیواری ئەوین Sevgi Duvarı (١٩٩٠)

تووشی بەڵا بووم Başım Belada (١٩٩١)

بەرم مەکەوە ئەسوتێی Dokunma Yanarsın (١٩٩٢)

ناجێگیر Tedirgin (١٩٩٣)

گۆرانییەکانم بۆ شاخەکانە Şarkılarım Dağlara (١٩٩٤)

بمدۆزەوە Beni Bul (١٩٩٥)

ئەستێرە و مانگاشەو Yıldızlar ve Yakamoz  (١٩٩٦)

بەرامبەر دۆست و دوژمن Dosta Düşmana Karşı (١٩٩٨)

ئەلبووم و کارەکانی کەپاش مەرگی بڵاوکرانەوە:

خوات لەگەڵ چاوەکەم Hoşçakalın Gözüm (٢٠٠١)

تۆش بگری تۆزێک Biraz da Sen Ağla (٢٠٠٣)

با داواکەم بمێنێ Kalsın Benim Davam (٢٠٠٥)

فرمێسکەکانم بوونە ھەزارساڵە Gözlerim Bin Yaşında (٢٠٠٦)

بابا – تەنھام ئەحمەد کایا  Babaero Ahmet Kaya Yanlizim (٢٠١٢(

گەر تەماشای ناوی کارەکان بکەیت سەرجەمیان گوزارشتن لە بابەتێکی قووڵ، وە سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشن و دەزانیت کە پەیامێک لەپشتی کارەکەوەیە.

کاتێک گوێ لەکارەکانیش دەگریت، بەڕاستی هەست و هۆشی مرۆڤ کۆنتڕۆڵ دەکەن و وابەستەی دێڕەکانی ناو گۆرانییەکە دەبن.

کاری هونەری ئەو توانایەی هەیە کە شۆڕش بخولقێنێت، داینەمۆی خەبات و بەرخۆدانبێت و هەمیشە کارێکی زیندوو بێت و لەسەردەم و دۆخەجیاوازەکاندا بەدەرکەوێتەوە. بەمەرجێک هونەرمەند دوای حەز و خواستی کاتیی و کورت مەودای گوێگر و هەوادار نەکەوێت و خۆی ببێتە سەرقافڵەی کاروانی هونەری خۆی، وە مەعریفە و تێگەیشتن و توانایی خۆی بەکاربهێنێت بۆ خولقاندنی کاری نوێ و جیاواز.

ئەگەرچی خەڵکیش کارەکانی بەدڵ نەبێت لەسەرەتاوە، یاخود هونەرمەند لەسەر کارەکانی ئازاربدرێت و بەرژەوەندییەکانی بکەونە مەترسییەوە؛ بەڵام کارەکانی بەدڵنیاییەوە ئەخلاقی دەبن و پێیان دەگوترێت کاری هونەری ڕاستەقینە.

گوێگریش دەبێت بەردەوام پرسیار لەخۆی بکات دەربارەی ئەو کارەهونەرییانەی ڕۆژانە گوێبیستیان دەبێت..

ئایا ئەم کارە لە ڕۆح و ناوەڕۆکی نەتەوەوەیە؟

ئایا گوزارشت لە پەیامێکی قووڵ و ئەخلاقی دەکات یاخود بەپێچەوانەوە؟

پاشان پرسیار لەوەی کە چ تەکنیک و شێواز و داڕشتنێک لە درووستکردن و بەرهەمهێنانی کارەکە جێبەجێکراوە..

گوێگر دەبێت هونەردۆست بێت و هەمیشە بەچاوێکی پڕ پرسیار و گوێیەکی ڕەخنەئامێز گوێبیست و بینەری کارە هونەرییەکان بێت. نەک ڕاستەوخۆ و بێ هیچ لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوەیەکی جدی ببێتە هەوادار و سەرخەری کار و کەسانێکی ناشارەزا و ناهونەری.

ئەگەر گوێگر بەمشێوەیە بەئاگابوو و کارەهونەرییەکانی هونەرمەندی بەم شێوەیە خستە ژێرپرسیار و ڕەخنە، هونەرمەندانیش ناچاردەبن کاری ئاستبەرز و چاک پێشکەشبکەن و خۆیان بەدووربگرن لە کاری سەرپێیی و کاڵوکرچ و بێ پەیام.

گوێگری باش و هونەردۆست، هونەرمەندی گەورە کێشدەکات و درووستدەکات؛ هونەرمەندی گەورە و شارەزاش کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو و بەئاگا بەرهەمدەهێنێت.

کایا لە ساڵی ١٩٧٩ ھاوسەرگیری کردووە و جیابووەتەوە، پاشان ھاوسەرگیری لەگەڵ “گوڵتەن خەیاڵئۆغڵۆدا” کردووە و خاوەنی دوو کچە بەناوی “مێلیس و چیدەم”. پاش ئەم ھاوسەرگیرییە کایا زیاتر دەچێتە بواری موزیکەوە، بەهۆی پشگیری و پاڵپشتییە ماددی و مانەوییەکانی هاوسەرەکەی و هاوڕێیەتی برای هاوسەرەکەی بەناوی یوسف، کە زۆرێک لە گۆرانیەکانی کایا لە شیعری یوسف خەیاڵئۆغۆن و کاریگەری زۆر و بەرچاویان لەسەریەکدی هەبووە لەگەڵ کایادا.

کایا لە گرووپی هونەرمەند “فەردی تەیفوور” وەک موزیکژەن کاری کردووە، لەوێوە سەرکردەیەکی مافیای ناسیوە بەناوی “کورت ئیدریس”، وانەی ساز و موزیکی بە کوڕی ئەم مافیایە وتووەتەوە و نزیکبووە لێیانەوە، ئیدی بەھۆی چەکێکەوە کە لە نووسینگەی ئەو مافیایەدا دۆزراوەتەوە کایا تووشدەبێت و بۆ ماوەی ٣٠ مانگ دەستگیرکراوە و لەزینداندا بووە. پاش ھاتنەدەرەوەی لە زیندان لەگەڵ “حسێن دەمیڕاڵ” کۆنسێرتی ڕێکخستووە و پەیوەندی نێوانیان بەهێزبووە، پاشان بەھۆی “گوڵتەن”ی هاوسەرییەوە، کایا باری دارایی و کارەکەشی بەرەو باشتر ڕۆشتووە، هەل و فرسەتی باشی بۆدێتەپێشێ تا گەشە بەهونەرەکەی بدات و کارەکانی بەرەوپێش ببات و ببێتە جێی سەرنجی ھەموو ڕەخنەگران و گوێگران.

ساڵی ١٩٩٣ کایا لە شاری بەرلین کۆنسێرتێکی پێشکەش کرد کە لەلایەن کۆمەڵەی بازرگانانی کوردەوە رێکخرابوو، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەکانی کۆنسێرتەکە، لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتیی ئیستەنبوڵەوە دۆسیەیەکی لەسەر کرایەوە و هەندێک وێنە و بابەت و قسەی کایایان کردە بابەتی تۆمەتبارکردن و لۆمەکردنی؛ دەیانگووت: هانی یاخیبوون و دوژمنایەتی و رقی داوە، دەستی لەگەڵ پەکەکە تێکەڵ کردووە و هاوکارییان دەکات. لەسەر ئەم تۆمەتانە دوو دۆسییەی لەسەر کرایەوە و داوا کرا ١٠ ساڵ و نیو سزا بدرێت.

لە ١٠ی ٢ ساڵی ١٩٩٩، لە مەڕسیمی دابەشکردنی خەڵاتی باشترین هونەرمەندی ساڵ کایا یەکەم بوو و بەباشترین هەڵبژێردرا، لەکاتی وتارداندا گووتی: کە نوێترین بەرھەمم بە زمانی ڕاستی خۆم، زمانی کوردی بەناوی کاروان لەناو ئەلبوومە تازەکەیدا دەبێت. هاوکات گۆرانی کاروان لە دابەشکردنی هونەرمەند “کاوە شێخ”ە.

 دوای ئەم ڕاگەیاندنە کایا ڕووبەڕووی لۆمەکردن و تانە و تەشەر و ھەڕەشەی کوشتن بووەوە لەلایەن ڕەگەزپەرستەکانی تورک کە لەوێ ئامادەبوون، لەلایەن چەندین کەس و هونەرمەند لەوانەوە ھێرش کرایەسەری و ئازاردەدرا و جوێنی پێدەدرا، ئیدی ناچاربوون لەوێ بیبەنە دەرەوە، دوای سێ مانگ لەو ڕووداوە کایا بەرەو وڵاتی فەڕەنسا کۆچیکرد و ئاوارەبوو؛ بەھۆی ئەو ھەڕەشە و داوا و شکاتانەی لێیدەکرا لەلایەن ڕەگەزپەرست و سیاسەتمەدارەکانەوە، پاشان دادگای نیشتیمانی تورکیا لە مانگی چواردا تۆمەتی ناپاکییان خستەپاڵی و لە ھەموو تورکیاوە ھێرشی توندی دەکرایەسەر، کە ھەندێکیان داوایان دەکرد لە سێدارە بدرێت، ئەمانەش بووە ھۆی ئەوەی چەندین قسە و قسەڵۆکی تری بۆ ھەڵببەسترێت و تەنانەت ڕۆژنامەی حوڕییەت بڵاویکردەوە کە کایا بە کۆنسێرت و کارەکانی پارەی بۆ پەکەکە کۆکردووەتەوە و یارمەتیداون و سەر بەو حیزبەیە، لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی کایادا، خۆی ئامادەبوو و ھەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە کە درابوونە پاڵی لە ماوەی دانیشتنەکانی دادگا کایا لە وڵاتی فەڕەنسابوو و بەبێ ئامادەبوونی خۆی، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بەسەردا درا.

پاشان لە ١٦ی ١١ ساڵی ٢٠٠٠دا بە جەڵتەی دڵ کۆچی دوایی دەکات و لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا لەخاکی غەریبی گیاندەسپێرێت؛ لە گۆڕستانی ناودارانی پاریس “پیرلاشیز” هەمان ئەو گۆڕستانەی هونەرمەند “یەڵماز گۆنەی” تێدانێژرا لە وڵاتی فەڕەنسا دەنێژرێت.

 گوڵتەنی خێزانی گووتی: تاوەکو لە ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانی تورکیا بە کوردی گۆرانی نەوترێت ئەمەوێت گۆڕەکەی ھەر لە فەڕەنسا بێت.

عەبدوڵا گولی سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا خەڵاتی “گەورە”ی بەخشییە کایا پاش مەرگی لە ڕۆژی لە دایکبوونیدا لە ٢٠١٣دا. یەکێک لەو ھۆیانەی دەکرێت ئەم سەرۆکەی تورکیا ئەو کارەی کردبێت ئەوەیە کە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا ڕێزی تایبەتی لە کایا گرت دوای ھاتنە سەر حوکم و لە چەند بۆنە و وتارێکدا باسی کایای دەکرد.

هۆکاری خۆشەویستی ئەردۆغان بۆ کایا ئەوەبوو کە لەساڵی ١٩٩٩دا کاتێک لەسەر خوێندنەوەی شیعرێکی سیاسی زیندانی دەکرێت و بۆ زیندان دەبرێ، کایا گۆرانی “ئاوازی شەبەق” دەڵێت و دەڵێت: ئەمە بۆ ھەموو ئەوانەی لە زیندانن و دەچنە زیندان.

هەڵوێست و هونەرەکەی کایا خێزانەکەی و نەتەوەکەی فێری کوردبوون و خەبات و بەرخۆدانکرد، هونەری کایا لەو هونەرانەیە کە مرۆڤ بەخەبەردەهێنێتەوە و پرسیار و گومانی لەلادروستدەکات. هونەرێکی سادە و ئاسایی نییە کە مرۆڤ تەنها بۆ چێژێکی کاتی گوێی لێبگرێت، بەڵکو بەڕاستی لەناخەوە دەیوروژێنێت و بەرەو کۆمەڵێک بابەتی ئەخلاقی و مرۆڤانەی دەبات.

گەورەیی کایا لەوەدایە کە دوژمنانی دۆزی کوردیش بوونە گوێگری و پەشیمانی خۆیان دەربڕی لەوەی کە دژی ئەم هونەرمەندە وەستاونەتەوە لەبەر کوردبوونی. ئەوەتا کاریگەری کایا لەپاش مەرگی دەستیپێکرد لە تورکیا و دەرەوەی تورکیاشدا؛ کارەکانی دوای مەرگی ناسران و خەڵات و ڕێزلێنانەکان دوای خۆی پێیبەخشران. کایا بەجەستە مرد، بەڵام هونەرەکەی زیندوو مایەوە؛ ڕۆژ بەڕۆژ کاریگەری هونەر و ڕێبازەکەی زیاتردەبێت و دەبێتە هەوێنی تێکۆشان و خەباتی هونەرمەندان لەڕێگەی هونەرەوە.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.