" type="text/css" > Skip to main content

نووسینی توانا حەمە

ئاشکرایە وڵفگانگ ئامادێوس مۆزارت، موزیکدانەری بەناوبانگی نەمسایی، یەکێکە لە گەورەترین موزیکدانەرانی مێژووی موزیکی کلاسیکی رۆژئاوا و جیهان. هەربۆیە چیرۆکی ژیانی پڕە لە دەنگۆ و گێڕانەوەی جۆراوجۆر، کە هەندێکیان وەکو جۆرێک لە دەنگۆی دروستکراوی نێو خەڵکین و راست نین. لەم بابەتەدا پێنج دەنگۆی پروپاگەندە ئاسای پڕمشتومڕی گرنگ دەربارەی ژیانی مۆزارت دەخەینەڕوو.

یەکەم:  مۆزارت لە هەژارییەکی رەهادا مردووە

لە نێو زۆرینەی موزسیاناندا قسەیەکی باو هەیە، کە مۆزارت بەو هەموو بلیمەتییەوە لە هەژارییەکی ڕەهادا مردووە، تەنانەت لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژراوە. بەڵام راستی ئەم لایەنە ئەوەیە، مۆزارت لە کاتی مردنیدا کێشەی دارایی هەبوو، بەڵام لە هەژارییەکی ڕەهادا نەبوو. راستە لە گۆڕێکی بە کۆمەڵی هاوبەشدا بە خاک سپێردرا، بەڵام ئەم جۆرە ناشتنە لەو کاتەدا لە ڤیەننا باو بووە و بە مانای هەژاریی ڕەها نەبووە. هەرچەندە لە پرسەکەیدا خەڵکێکی زۆر ئامادە نەبوون، بەڵام ڕێوڕەسمی یادکردنەوە و کۆنسێرتەکانی لە ڤیەننا و پراگ پێشوازییەکی ناوازەی لێکراوە.

دوای مردنی، کۆنستانز هاوسەری زۆرێک لە دەستنووسە چاپنەکراوەکانی مۆزارتی فرۆشت بۆ ئەوەی قەرزە گەورەکانی بنەماڵەکەی بداتەوە. پاشان توانی مافی خانەنشینی لە پاشا وەربگرێت و چەندین کۆنسێرتی یادەوەری پڕداهاتی بۆ ڕێزلێنان لە مۆزارت ڕێکخست. لەم هەوڵانەی کۆنستانزی هاوسەریدا توانیان هەندێک بەرادەیەک باری داراییان باش بێت تەنانەت منداڵەکانی بنێرێتە قوتابخانەی منداڵە دەوڵەمەندەکانی ڤیەنا.

دووەم: مۆزارت لەلایەن موزیکدانەر ئەنتۆنیۆ سالیێریەوە ژەهراوی کراوە

یەکێکی دیکە لە قسە باوە بەناوبانگەکانی دیکە ئەوەیە کە ئەنتۆنیۆ سالیێری موزیکدانەری ئیتاڵی مۆزارتی ژەهرخوارد کردووە. راستی ئەم چیرۆکە، زیاتر بۆ شانۆنامە و فیلمی لە خەیاڵ چنراوی “ئامادێوس” دەگەڕێتەوە. هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی باوەڕپێکراو بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە نییە و زۆربەی لێکۆڵەران و مێژوونوسان پێیان وایە مۆزارت بە هۆکاری سروشتی مردووە.

سێیەم: مۆزارت منداڵێکی بەهرەمەند بوو کە بەبێ ڕاهێنان و فێربوونی پێشوەختە موزیکی دەنووسی

هەرچەندە مۆزارت منداڵێکی سەرسوڕهێنەر بوو، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە ئەو لە ژێر چاودێری توند و وردی لیۆپۆڵدی باوکیدا بوو. لیۆپۆڵد خۆی موزیکژەن و مامۆستایەکی نایاب بووە و ڕۆڵێکی گرنگی لە پەروەردەی موزیکی مۆزارتدا هەبووە. بەڵگەش بۆ ئەوە هێشتا هەندێک لە پارچە دانراوەکانی لیۆپۆڵد مۆزارت لە کۆنسێرتە موزیکییە کلاسیکییەکاندا پێشکەش دەکرێن.

چوارەم: مۆزارت هەمیشە ژیانی بە هەژاری بەسەربردووە

ئەم دەنگۆیە بە تەواوەتی نادروستە، چونکە مۆزارت بە درێژایی ژیانی چەندین قۆناغی جۆراوجۆری سەرکەوتنی دارایی بەخۆیەوە بینیوە. لە هەندێک قۆناغدا داهاتێکی باشی بەدەستهێناوە و تەنانەت توانیویەتی ژیانێکی شاهانە بژی. بەڵام خراپی بەڕێوەبردنی دارایی و خەرجییە زۆرەکان هۆکاری ئەوە بووە لە هەندێک قۆناغدا ڕووبەڕووی تەنگەژە و کێشەی دارایی ببێتەوە.

پێنجەم: بۆ نووسینی( ریکیوم) لەلایەن سالیێریەوە فەرمانی پێکرا و هۆکاری مردنی مۆزارت بوو

بۆ ئەم لایەنە، لە سەرەتا گومانی زۆر دەربارەی ئەو کەسە نەناسراوە هەبوو، کە پارەی بەرهەمهێنانی موزیکەکانی بە مۆزرات دەدا، کە بێڕەچاوکردنی دۆخی تەندروستی مۆزارت کاری پێکردووە. بەڵام ئەوە روونە کە لە کاتی نوسینی ریکیومدا مۆزارت نەخۆش بوو، بەرادەیەک لە دۆخێکی دەرونی زۆر خراپدابووە، بۆیە زۆر جار پێی وابووە، نەفرەتی لێکراوە بۆیە ناتوانی کارەکانی خۆی تەواو بکات و وەکو پێشتر موزیکەکانی بنوسێت.

لە هەمانکاتدا ئەم دەنگۆیەی کە گوایە سالیێری مۆزارتی راسپاردووە ڕیکوێمێک بنوسێت و زۆرپێوەی ماندوو بووە و نەیتوانیوە لە ئاستی ویستی سالیێریدا بێت، بە تەواوی ئەم باسە ناردروستە و بەتەواوەتی لەلایەن مێژوونوسانی موزیکەوە رەتدەکرێتەوە، چونکە ئەمڕۆ بە تەواوی ئەوە ڕوونە کە ئەنتۆن لیتگێب، کوڕی سەرۆکی شارەوانی ڤیەنا و خزمەتکاری کونت فرانز ڤۆن والزێگ-ستوپاچ، مۆزارتی بۆ ئەم نوسینی کارەی ڕاسپاردووە، وەک رێزلێنانێک بۆ مردنی ئانای هاوسەری، کە بەدەستی مۆزارت شاکارێکی موزیکی بۆ بنوسرێت. مۆزارت بەشێک لەم بەرهەمەی بە ناتەواوی ئامادە کردووە، لە ناوەڕاستی نوسینی ئەم بەرهەمەیدا کۆچی دواییکردووە. هاوسەرەکەی داوای لە خوێندکاری مۆزارت (سۆسمایەر) کرد کە ئەم کارە تەواو بکات، بەڵام دواتر دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە کە تەواوی بەرهەمەکە لەلایەن خوێندکارەکانیەوە دانراوە. لە وەڵامی ئەم دەنگۆیەدا بیتهۆڤن وتوویەتی: ئەگەر مۆزارت ئەم موزیکەی نەنووسیبێت، ئەوا ئەو پیاوەی نووسیویەتی مۆزارت بووە.

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان