" type="text/css" > Skip to main content

 

ئامادەکردنی: دەحام لوقمان

یەك لەبەناوبانگترین ژنە هونەرمەندی گۆرانیبێژی كوردە. سەرباری كێشەو ئاستەنگ و رێگرییەكانی دابونەریتی كۆمەڵگە، بەو پەڕی بوێرییەوە توانیویەتی لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا بچێتە ناو هونەرو توانا دەنگی و بەهرە هونەرییەكانی خۆی لەو بوارەدا بسەلمێنێت. خزمەت و كارە هونەرییەكانی ئەو نموونەی خەبات و بەرخودانێكە. هەست و تێڕوانینێكی زۆر بێخەوش و جوانی بۆ گۆرانی و مۆسیقا هەبوو. وەكو ژنێكی پێشەنگی ئەو بوارە خزمەتێكی زۆری بەهونەری گۆرانی و مۆسیقای كوردی كردووە.

ژیان و پێگەیشتنی:
عایشە محەمەد عوسمان عەلی شان، ناسراو بە «عایشەشان»، ساڵی 1938 لەشاری ئامەدی باكووری كوردستان لەدایك بووە. باوكی و دایكیشی ئەلیف خان لەبنەماڵەیەكی مەزن و ناسراو بوون. هەروەكو خۆی لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ بەشی كوردی رادیۆی بەغدا باسی دەكات؛ بنەچەی خێزانەكەی دەگەڕێتەوە بۆ شاری (بینگۆل)ی باكووری كوردستان، لەعەشیرەتی (جبریل)ن، ماڵی مامیشی كە (حاجی موسا)ی پێدەلێن چوونەتە شاری ئەرزڕۆم. ئەمەش لەبەرئەوەی پێشتر لەئەنجامی شەڕەكانی نێوان عوسمانیەكان و روسیا، باپیرانی و خانەوادەكەی پەرتەوازەببوون.
عەیشەشان هێشتا منداڵ دەبێت كە باوكی كۆچی دوایی دەكات. بۆیە تەنها قۆناغی سەرەتایی خوێندنی بۆ تەواو دەكرێت. وەكو منداڵێكی سەرگەردان لەماڵی خوشكە گەورەكەی، كە سێ كچ و كوڕێكی هەبوو دەمێنێتەوە. ئەوانیش خێزانێكی هەژاربوونەو لە گەڕەكی (عربداشە) لەئامەد نیشتەجێ دەبن.
هەرلەمنداڵیەوە خولیای هونەری گۆرانی دەبێت، خێزانەكەشی لەسەرتاوە هەست بە حەزینی دەنگی ئەو دەكەن و پێی سەرسام دەبن، بەهرەی (هونەرمەندی دەنگبێژی) گۆرانی گوتنی تێدا دەبینن. بناغەی هونەری دەنگبێژی ئەو لەژێر كاریگەری باوكی و لەڕێی خوێندنی قورئان و هەڵبەستی دینییەوە دەبێت. چونكە باوكی هەم سۆفی و كەسایەتیەكی ئاینی بوو، هەمیش دەنگبێژەكی ناسراوبوو. بەڵام لەبەرئەوەی باوكی گۆرانی تۆماركراوی نابێت، بۆیە حەسرەتی ئەوەدەكات رێچكەی باوكی بگرێتەبەرو نوێنەرایەتی ئەو بكاتن لە تۆماركردن و بڵاوكردنەوەی گۆرانی.
ناوبانگییەكەی:
عەیشەشان وەكو هونەرمەندێك لەشاری عینتاب ناوبانگی دەركرد. بەشێوازێكی راستەوخۆ بە ئامێری مۆسیقی گۆرانی دەگوتن. بەشداری شایی و ئاهەنگەكانی دەكرد، بەهۆیەوە لەڕادیۆ ناوبانگی زۆری دەركرد. سەرەتا بەزمانی توركی گۆرانی دەڵێت، دوای ئەوەی بەزمانی كوردیش گۆرانی گۆت، لەڕادیۆ دەریانكردو پێیانگوت قەدەغەیە بەزمانی كوردی گۆرانی بڵێیت.
دوای نزیكەی دوو ساڵ كاركردن لە رادیۆ، ساڵی 1961 شاری عینتاب جێدەهێلێت و دەچێتە ئەستەنبۆل. لەوێ چالاكی هونەری زیاتر دەبێت و زۆرتر دەناسرێت. بەتایبەت كە لەساڵی 1963 یەكەم بەرهەمی بەناوی (ئەز خەزالم- Ez Xazalim) كە نیوەی بەتوركی نیوەشی بەزمانی كوردی(كرمانجی) تۆماردەكات. ئەمەش جورئەت و بوێرییەكی گەورەبوو لەوكاتەدا گۆرانییەك بەمانی كوردی تۆماربكەیت، لەبەرئەوەی لەلایەن حكومەتەوە زمانی كوردی رێگەپێنەدراو و قەدەغەبوو.
لەتۆماركردنی یەكەمین بەرهەمی، تواناو بەهرەی دەنگی ئەو لەتوركیا دەنگی دایەوەو گەورە هونەرمەندانی تورك وەك (عارف ساغ، زكی مورن، نوری سیسی كوزل، ئورهان كنجە بای….هتد) كەوتنە دژایەتی كردن و هەڕەشەكردنی و كەمكردنەوەی كارەكانی، بەوەی كە بەزمانی كوردی گۆرانی دەلێت. دژایەتی كردنی ئەوان بەوازهێنانی لەگوتنی گۆرانی بەزمانی كوردی لەكاتێكدابوو، كە دەرفەتی گۆرانی گوتنی لەڕادیۆو تەلەفیزیۆنی رەسمی توركیا (TRT) بۆ رەخسا.
عەیشەشان لەڕادیۆی كوردی لەبەغدا:
عەیشەشان لەوڵاتەكەی خۆیەوە گوێداری زۆری رادیۆی كوردی بەغدای دەكرد، بەتایبەت بۆ ئەو گۆرانیە كرمانجییانەی لەڕادیۆكەدا پەخشدەكرا. عەشق و خۆشەویستییەكی زۆریشی بۆ عێراق و خەڵكی عێراق هەبوو، تەمەننای ئەوەی دەكرد رۆژێك بێتن بتوانێت سەردانی عێراق بكات و لەڕادیۆی كوردی گۆرانی بڵێت.
ناوبراو ئەو ئاواتەشی هاتەدی كاتێك لەسەر داوای محەمەد عارف جەزیری و عیسا بەرواری، لەپایزی 1978 دێتە عێراق و سەردانی بەغدا دەكات، ئەو كاتەی لەعێراق مایەوە، (12) گۆرانی لەڕادیۆو (5) گۆرانیشی لەتەلەفیزیۆن لەبەغدا تۆماركرد.
– گەڕانەوەی بۆ توكیاو دەستپێكی قۆناغێكی تازەی هونەری
ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە توركیا، بەڵام لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی ئەو كاتەوە سزاو ئەشكەنجەی زۆر دەدرێت. لەسەر داواكاری هەندێك لەسیاسیانی كورد بۆماوەیەكی زۆر خۆی لەچاوان ون دەكات، لەو ماوەیەشدا لەبارودۆخێكی دەروونی ناخۆشدا دەبێت. تائەوەی دواتر لەسەردەمی تورغوت ئۆزاڵ (1989- 1993)دا لەساڵی 1990 سێ گۆرانی كوردی تۆماردەكات و بڵاویدەكاتەوە ئەوانیش: (Werin Werin Pesmerge، Newroz، Diyarbekir).
كۆچی دوایی:
دوایین دەركەوتنی هونەرمەند بەرلەوەفاتكردنی ساڵی 1992 بوو لەئاهەنگێكی (مركز الپقافە والفنون الكردیە) لەئیزمیر. دوای ئەوە بەهۆی نەخۆشییەوە لەچالاكی هونەری دەكەوێت و لەچاوان ون دەبێت.

 

 

سەرچاوەی زانیاریەكان

– Zeyneb yaş، Şakarên Muzika Kuedi، çildê 2، (1931- 2013)، Bajarê Mezin ya Amedê، 2015.

– Rojnameya «Agiri» Duheftinameyek Siayasi-Gisti Ye، PDK Irane diwesine،Hejmar(244)، 21/12/2014.

– سەگڤان عەبدولحەكیم، عەیشاشان دەنگێ كەڤنە ساڵان، گۆڤاری «ڕەنگین»، ژمارە(2)، كانونی یەكەمی 1987. 

– ئەرشیفی رادیۆی كوردی – بەغدا، چاوچێكەوتنی هونەرمەند عەیشەشان بۆ بەرنامەیەكی رادیۆكە.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.