" type="text/css" > Skip to main content

     کوردۆ سەردار

موزیک، زمانێکی گشتگیرە کە هەمووان دەتوانن  لێی تێبگەن و چێژی لێوەربگرن، بە درێژایی مێژوو بەشێکی دانەبڕاو بووە لە کولتووری مرۆڤایەتی، توانای وروژاندنی هەستەکانمان و کاریگەریان لەسەر ڕەفتارەکانمان بەڵگەیە لەسەر کاریگەرییە قووڵەکانی موزیک لەسەر بیر و هزری مرۆڤ، پەیوەندی نێوان موزیک و هزری مرۆڤ لەگەڵ مێژووی مرۆڤایەتی هاوتەریبە هەربۆیە بەدرێژایی مێژوو لە  شارستانییەتە کۆنەکان بە بایەخەوە لە هێز و توانای موزیکیان ڕوانیووە لە کاریگەری و ئیلهام بەخشین لەسەر مڕۆڤەکان و وروژاندنی هەستەکانیان هەر لە سروودە ڕیتمییەکانی کۆبوونەوە خێڵەکییەکان  تا دەگات بە  میلۆدییە ئاڵۆزەکانی موزیکدانەرانی کلاسیک و تا دەگات بە ئەمڕۆش، موزیک وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی هەستەکان و  تێکەڵ بوون و بەستنەوەی پەیوەندی نێوان ناسنامەی کولتوورە جیاوازەکان کاری کردووە.

توێژینەوە زانستییە دەمارییەکان تیشکیان خستۆتە سەر کارلێک کردنە ئاڵۆزەکانی نێوان موزیک و مێشک، پێکهاتەی مێشکی مرۆڤ بە جۆرێکە کە  ئامادەیە بۆ وەڵامدانەوەی موزیک، بەهۆی گوێگرتن لە موزیک چەندین بەشی پێکهاتەی مێشک  چالاک دەبێت کە بەشدارن لە چالاک بوونی  هەستی هەڵچون  و هێوربوونەوە  و چێژوەرگرتن هەروەها  چالاک بوونی یادەوەری، موزیک دەتوانێت یادەوەرییەکانمان بوروژێنێت، بمانگەڕێنێتەوە بۆ سات و کاتە تایبەتەکان کە هەستەکان پەیوەستن پێیەوە، گوێگرتن لە موزیک دەتوانێت ببێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی سیرۆتۆنین(Serotonin) و دۆپامین (Dopamine)کە هۆرمۆنی هەستکردن بە باشیە و پەیوەندی بە چێژ بەخشینەوە هەیە، ئەمەش ئەو هەستە خۆشحاڵیانە دەبەخشێت کە زۆر کەس پەیوەستدەکات بە گوێگرتن لە موزیک.

جگە لەوەش موزیک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گەشەکردنی مێشکدا بەتایبەتی لە منداڵاندا، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە پەروەردەی سەرەتایی موزیک دەتوانێت گەشەبدات بە توانا مەعریفیەکان، تواناکانی زمان و شێوەی بیرکردنەوە، هەروەها موزیک چارەسەرێکی گرینگە وەک ئامرازێکی بەهێز بۆ ئەو کەسانەی کە حاڵەتی دەماریان هەیە وەک نەخۆشی پارکینسۆن(Parkinson’s) و ئەلزەهایمەر (Alzheimer’s) ، کە توانای باشترکردنی باری دەروونی و بیرەوەری و کۆنتڕۆڵی جوڵەی هەیە.

بێگومان پەیوەندیەکی بەهێز لە نێوان موزیک  و هەستەکانی مرۆڤ بوونی هەیە، موزیک خاوەنی توانایەکی بێهاوتایە بۆ ورووژاندنی هەست و سۆزێکی بەرفراوان، ڕیتم و تێمپۆی خێرایی موزیک دەتوانێت کاریگەری لەسەر لێدانی دڵ و هەناسەدانمان هەبێت، بەمەش کاریگەری لەسەر باری فیسێۆلۆجی گشتیمان دەبێت، ئاوازێکی خەمناک دەتوانێت خەمۆکی لێبکەوێتەوە، لە کاتێکدا ئاواز و ڕیتمێکی خێرا و گەشبینانە دەتوانێت هەستێکی چالاک و پڕ وزە ببەخشێت بۆیە دەکرێت ئاوازە گەشبین و وزەبەخشەکان بەهێزمان بکەن، ئەمەش بەهۆی کارلێکردنی ئاڵۆزی نێوان مێشک و هەست و توخمە موزیکیەکانی ڕیتم و مێلۆدی و هارمۆنیەوەیە, ئەم هێزە سۆزدارییە ڕەگ و ڕیشەی لە پەیوەندی بە  نەخشە موزیکیەکانی مێشک لەگەڵ ئەزموون و یادەوەرییەکانی ڕابردوودا هەیە، هەربۆیە موزیک دەتوانێت وەک ئامرازێکی بەهێزبێت بۆ ڕێکخستنی باری  سۆزداری و  یارمەتی تاکەکان بدات بۆ کۆنترۆڵ کردن و رێکخستنی  فشار و دڵەڕاوکێ و خەمۆکی.

بەدەر لە کاریگەرییە سۆزدارییەکان، موزیک دەتوانێت کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانی مرۆڤیش هەبێت بە شێوەیەکی ورد و لە هەمان کاتدا گرنگ، ئەو توێژینەوانەی کە لە پەیوەندی نێوان موزیک و هەستی شەڕانگێزییان کۆڵیوەتەوە، دەریدەخەن کە ڕەنگە هەندێک جۆری موزیک بەشداربێت لە ڕەفتاری شەڕانگێزیدا، هەروەک چۆن موزیک دەتوانێت پەیوەندی و هاوکاری کۆمەڵایەتیش بەرەوپێش ببات و هەستی کۆمەڵایەتی پەروەردە بکات.

بۆ موزیکژەنان، نمایشکردن ژەنینێکی ئاڵۆز و ئاست بەرز لە نێوان بەکارهێنانی دەست و پەنجەو  و دەڕبڕینی هەستێ ژەنیار فشارە دەرونیەکەن زیاد دەکەن کاتێک ژەنیار دەیەوێت نمایشێکی بێ کەموکوڕی پێشکەش بکات، بەمەش  دڵەڕاوکێ و فشارێکی زۆری دەرونی لەسەر دروست دەبێت، ئەمە لەکاتێکدا خۆشحاڵی کاردانەوەی  ئامادەبوان و  بینەرانی نمایشەکان دەتوانێت بە شێوەیەکی نایاب کاریگەری لەسەر دۆخی دەروونی ژەنیار هەبێت، هەر بۆیە و بەئامانجی تێگەیشتن لە دەروونناسی نمایشی موزیکی، ژەنیار دەتوانێت زاڵ بێت لە کۆنتڕۆڵکردنی باری دەروونی و دڵەڕاوکێی خۆی و   بە ئامانجی نمایشکردنی بەرهەمێکی پڕ لە چێژ و پێشاندانی تواناکانی لە ژەنیندا بەبی بوونی هیچ سترێسێک.  ئەگەرچی موزیک زیاتر وەک تەنیا کات بەسەربردن لایەنێکی بنەڕەتی ژیانی مرۆڤە، بەڵام  بەهۆی  توانای بەهێزی لەسەر هەستەکان و کاریگەری لەسەر ڕەفتارەکانی مرۆڤ، وادەکات ببێتە هێزێکی کاریگەر لەسەر کۆی پڕۆسەی ژیانی تاکەکان، بۆیە  لەگەڵ زیاتر قوڵ بوونەوە و تێگەیشتنی زیاترمان لە پەیوەندی موزیک و مێشک، دەتوانین بگەین بە تێڕوانینگەلێکی سەرنجڕاکێشتر لەم پەیوەندییە ئاڵۆز و بەردەوامەدا.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.