" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: سۆران حەمە
لەم ڕۆژانەدا وتووێژی نێوان بانگخوازێك و گۆرانیبێژێکی کوردم بینی. بانگخوازەکە دەیگووت کە گۆرانیبێژ دەچێتە دۆزەخەوە و گۆرانیبێژەکەش دژی ئەو بۆچوونە بوو. هەروەها لەسەر پەیجێکی مێژوویی پرسیار لەسەر خوداوەندی کوردی دێرین شاماران دانرابوو، هەندێک لە کۆمێنتەکان جێی سەرنج بوون. ژمارەیەکی باش نووسیبوویان، شوکور ئێمە ١٤٠٠ ساڵە وازمان لەو شتانە هێناوە و پێویستمان بەو زانیاریانە نیە. مەبەستیان ئەوەبووە ئێمە چیتر پێویتسمان بە تێگەیشتن لە دیاردە و شتەکان نیە و ئەوانە هیچ سوودێکیان نیە، مادەم موسوڵمانین دەرگا لەسەر هەموو تێگەیشتنێکی جیاواز لەسەر ڕابردوو دادەخەین. بەڵام ئایا کۆمەڵەگەی ئیسلامی لەسەردەمی برەوی ئیسلام و خەلیفەکاندا بەو جۆرە بووە کە ئەمان بۆ خەڵکی وێنا دەکەن؟

ئامانجی ئەم نووسینە پێداچوونەوەی شەرع نیە، کە ئەوە نە کاری منە و نە بواری منە، بەڵکو پێداچوونەوەیەکە بە مێژووی کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بۆ ئەوەی بزانرێت کە لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامی و تەنانەت لە ناو خەلیفەکانیشدا مۆسیقا و زۆر لایەنی تر چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و هەروەها کە ئایا جیاوازی ئاینی و بۆچوونی جیاواز لەسەر ئاین و خودا قبوڵکراو بووە؟

کۆمەڵگەی عەرەبی پێش ئیسلام کە ئەمڕۆ بە جاهیلی ناودەبرێت، کۆمەڵگەیەکی بیابان نشین بووە، لەبەر ئەوە کلتورەکەی ڕەنگدانەوەی ئەو ژینگە دژوارە بووە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە لە پێش ئیسلامدا، هەموو ئەو شتانەی کە نەرمونیانیان تێدابووبێت نەوسیتراو بوون و بەچاوێکی نزم سەیر کراون. مۆسیقا و سەما و عەشق لەناو کۆمەڵگەی عەرەبی پێش ئیسلامدا بە چاوێکی نزم سەیرکراوە. لەبەر ئەوە بە کەمی لە پێش ئیسلامدا مۆسیقا هەبووە. هەروەها لە پێش ئیسلامدا ئافرەتی ئازاد دەبوو سەرداپشۆڕاو بێت و کۆیلە و لەشفرۆش بۆیان نەبووە سەریان دابپۆشن.

لە پێش ئیسلامدا گۆرانی بێژیی لەناو عەرەبدا دەگمەن بووە. جۆرێک لە گۆرانی قبوڵکراو بووە کە لەسەر پشتی حوشتر گووتراوە و هەندێک لێکۆڵینەوە دەڵێن ئەو گۆرانیانە بۆ دەرکردنی جنۆکەی بایابان بووە. زۆربەی بابەتەکانی ئەو گۆرانیانە شانازی و پێدا‌هەڵدان و ئازایەتی بووە. هەروەها ئاماژە بە جۆری تری گۆرانی دەکرێت کە لە ناو عەرەبدا هەبووە. تەنانەت سەرچاوە ئیسلامیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێغەمبەر لە کاتی هەڵکەندنی خەندەقدا لە مەدینە، لەگەڵ خەڵکەکە گۆرانی هەرەوەزی گوتووەتەوە. واتە چەند جۆرێک لە گۆرانی تایبەت لە سەردەمی پێش ئیسلامدا قبوڵکراو بووە کە زیاتر بۆ پیاهەڵدان و بەرزکردنەوەی ورە و ئەو جۆرە مەبەستانە گووتراون. بەڵام بە گشتی لە سەردەمی جاهیلیدا بە چاوێکی نزم سەیری مۆسیقا و گۆرانی گوتن بۆ مەبەستی خۆشگوزەرانی کراوە.

لە سەرەتای ئیسلامدا بەردەوامی بەو نەریتەی عەرەب دراوە و مۆسیقا و گۆرانی قبوڵکراو نەبوون. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، عەرەب بەهۆی زیاتر تێکەڵبوونی لەگەڵ نەتەوەکانی تردا، ئاشنای ئامێر و مۆسیقای نوێ بووە و مۆسیقا ووردە ووردە زیاتر لە جاران شوێنی خۆی کردۆتەوە. یەکەم کەس کە عودی برۆتە مەدینە، توێس (طویس) بووە. لە کاتێکدا کە مسجاح لە مەککە وەک گۆرانیبێژ ناوی دەکردبوو. بەڵام بەناوبانگترین گۆرانیبێژ لە مەککە ناوی ئیبن سورەیج (ابن سریج) بووە. ئیبن سورەیج لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا لەدایکبووە و لەو سەردەمەشدا ناوبانگی دەرکردبوو.

لە سەردەمی ئەمەوی و یەزیدی کوڕی معاویەدا، عود ووردە ووردە هاتە ناو کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامیەوە. بەڵام لە سەدەی سێهەمی هیجریدا، واتە سەردەمی عەباسی، عود و مۆسیقا کەوتە برەوەوە و بە تەواوی لە ناو کۆمەڵگەدا بڵاوبۆتەوە. لە سەردەمی خەلیفە ئەلمەهدیدا، لە دیوەخانەکەیدا مۆسیقا لێ دەدرا و کۆڕی خۆشگوزەرانی لە ڕێگای مۆسیقاوە گێڕڕاوە. بەڵام ئەلمەهدی ڕێی بە خوادرنەوە نەدەدا. لە کۆڕی دانیشتنی خەلیفە مەئمون و هارونە ڕەشید دا، کەنیزەکی سەر ڕووت مۆسیقایان لێداوە، منداڵی جوان (غولام) خزمەتی کردووە و خواردنەوە پێشکەس کراوە. لە کۆرەکاندا ژنی ئازاد نەیدەتوانی ئامادەبێت، بەڵام کەنیزەک هەر وەک سەردەمی پێش ئیسلام، بە سەر ڕووتی و جلی جوانەوە گۆرانیان دەگووت و ئامێری مۆسیقایان ژەندووە. مۆسیقا بەشێوەیەک لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا ئاسایی بوو، کە ئیبراهیمی کوڕی مەئمون، کە زڕ برای هارونە ڕەشید بوو، عود لێدەر و ئاواز دانەر و گۆرانیبێژیش بووە.

وەک ئاماژەی پێکرا، سەرداپۆشین لە پێش ئیسلامدا تەنها بەسەر ئافرەتی ئازاد دا سەپێنراوە و کەنیزەک و لەشفرۆش بۆیان نەبووە کە سەر دابپۆشن. تەنانەت لە گێڕانەوەیەکدا هاتووە ئاماژە بەوە دەکات کە عومەری کوڕی خەتاب لە کەنیزەکێکی داوە کە سەری داپۆشیوە. ئەو دابوونەریتەی سەردەمی جاهیلی، بە درێژایی سەردەمی ئیسلام وەک دابوونەریتێكی عەرەبی بەردەوام بووە و ئەمڕۆش کۆمەڵگەی عەرەبی بەشێوەیەک لەو دابوونەریتە دانەبڕاوە. ساڵی ٢٠٠٤ کاری ڕاهێنانی ستافی هەڵبژاردنەکانی عێراقم وەرگرت، دەزگای IOM کە سەرپەرشتی کارەکەی دەکرد، بۆ چەند ڕۆژێک کۆمەڵێک لە ستافە سەرەکیەکانی، کە من یەکێکیان بووم، بردە وڵاتی ئوردن بۆ ڕاهێنان. لەوێ لە باخچەی هۆتێلەکە شتێکم بینی کە بۆ من تەواو نامۆ بوو. بینیم هەندێک لە خێزانە عەرەبە ئوردونیەکان کە دایک و کچەکانیان هەموو سەرداپۆشراوبوون، دانیشتبوون سەیری کچێکی سەماکەری عەرەبیان دەکرد، کە لەشی وەک هەموو سەماکەرێک نیمچە ڕووت بوو. بۆ خێزانەکە زۆر ئاسایی بوو کە دابنیشن لەو شوێنەدا. ئەوە ڕێک هەمان کلتورەکەی سەردەمی جاهیلی بوو، کە ئافرەتی ئازاد سەرداپۆشرا و کەنیزەک (سەماکەر) ەکە ئاسایی بوو لەشی ڕووت بێت. بەو جۆرە لە ڕاستیدا هەتاوەکو لە سەردەمی جاهیلی عەرەب دووربکەویتەوە، زیاتر مۆسیقا و خواردنەوە و کۆڕی سەما و خۆشگوزەرانی دەبینیت لە ناو کۆمەڵگەی ئیسلامیدا، بەڵام هەموو دابوونەریتەکانی پێش ئیسلام بزر نەبوون، هەنێکیان وەک خۆیان بە گۆڕانێکی کەمەوە ماونەتەوە. ئەو ڕووداوەی کە ئاماژەی پێکرا، نموونەی ئەو دیاردەیە بوو.

ئەوەی کە ڕوونە زۆر لەو دابوونەریتانەی کە ئەمڕۆ بە ئیسلامی لە قەڵەم دەدرێن، وەک بە سووک سەیکردنی مۆسیقا و مۆسیقاژەنین و ڕەتکردنەوەی خۆشەویستی. هەموویان دابوونەریتی سەردەمی جاهیلی بوون. هەر لەبەر ئەوەش کاتێک کە عەباسیەکان لە دابوونەریتە عەرەبیەکە زیاتر دوورکەوتنەوە، مۆسیقایان زیاتر قبوڵکرد بەڵام هێشتا پابەند بوون بە لایەنی سەرداپۆشینی ئافرەتی ئازادی سەردەمی پێش ئیسلامەوە.

ئەمڕۆ کۆمەڵگەیەک بۆ خەڵک وێنادەکرێت کە لەڕاستیدا لەوپەڕی دەسەڵاتی ئیسلامیدا نەبووە وهەندێک لە بانگخوازەکان بە ئارەزووی خۆیان هەوڵ دەدەن ئەو جیهانە خەیاڵیە وێنا بکەن. لە سەردەمی ئەوپەڕی دەسەڵاتی ئیسلامدا، دەیان ئایین و ئاینزای جیاواز هەبووە و زانا ئیسلامیەکان کتێبی زانستی و تیابەتیان لەسەر نووسیون. بەشێوەیەک کە بنەماڵەی ئەبوموسلمی خوراسانی کە کەسایەتی گەورەی دەوڵەتی عەباسی بوو، لەسەر بیروباوەڕی دونادون (تناسخ الارواح) بووە، سەرەڕای ئەوەی کە تێکەڵی خێزانی خەلیفە بوون. تەنانەت هەندێک جار وەزیری خەزێنەی عەباسیەکان جوو بووە. لە ڕاستیدا مرۆڤ گەر چاوێک بە کتێبی (الفصل فی الملل و الاهواء و النحل) ی ابن حەزمدا بخشێنێت بۆی دەردەکەوێت کە دەیان ئاین و ئاینزا لە جیهانی ئیسلامیدا هەبووە و کتێبی گەورەیان لەلایەن زانای ئیسلامیەوە لەسەر نووسراوە و لە ئاستی خەلیفەشدا قبوڵکراو بوون. زانین و ئاشنابوون بە جیاوازی ئاینی هێندە ئاسایی بووە، هارونە ڕەشید داوای لە ئەحمەدی کوڕی عەبدوڵای کوڕی سەلام کردووە کە تەورات و ئنجیلی بۆ بکاتە عەرەبی. جگە لەوە کەسێکی وەک ئەلبیرونی کتێبێکی لەسەر ئاینەکانی هندستان نووسیوە. هەروەها کتێبی (الملل والنحل) ی شەهرستانی دیسان چەندین ئاین و ئاینزای ناو کۆمەڵگەی ئیسلامی ئاماژە پێ دەکات. جگە لە دەیان مەزهەب و جۆری موسوڵمان، کتێبەکە ئاینی زەردەشتی، مەزداکی، مانی و چەندین ئاینی تری ناوچەکە و بیروبڕوایان دەخاتە ڕوو. لە ڕاستیدا لە سەردەمی ئیسلامدا چەندین کتێب لەسەر ئەو بوارە دەرکراوە و زانینی ئاینە جیاوازەکان، بابەتێکی زانستی ئەو سەردەمە بووە.

ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەو کاتەی کە کۆمەڵگەی ئیسلامی لەوپەڕی توانادا بووە، ئەو کاتە بووە کە ئاینی جیاواز و بۆچوونی جیاواز قبوڵکراو بووە و کتێبی تایبەتیان لەسەر نووسراوە و مۆسیقا وەک زانست مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. هەر کاتێکیش ئەوە نەماوە پێچەوانەکەی ڕوویداوە. بەهەمان شێوە، ئەو کاتەی کە جیاوازی ئاینی لە ئەوروپا قبوڵکراو نەبووە، ئەوروپا لە سەردەمی تاریکیدا بووە و ئەو کاتەی کە قبوڵی جیاوازی ئاینی کردووە، ئەوروپا ڕووی لەپیشکەوتن کردووە.

بە کورتی ئەو جیهانە خەیاڵیەی کە هەندێک بانگخوازی کورد بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەوە بەرهەمی خەیاڵی خۆیانە و کۆمەڵگەی ئیسلامی هیچ کات بەو جۆرە نەبووە کە ئەوان وێنای دەکەن. گەر گۆرانی گووتن و ڕێکخستنی کۆڕی مۆسیقا، دژی ئاینی ئیسلام بێت و خاوەنەکانی جێیان دۆزەخ بێت، ئەوا هەندێک لە خەلیفەکانی سەردەمی گەشەسەندنی کۆمەڵگەی ئیسلامی، ئەوانیش بەپێی بۆچوونی هەندێک لە بانگخوازەکانی ئەمڕۆ، چارەنووسیان دۆزەخ دەبێت. هەروەها ڕەتکردنەوەی ئاینی و فکری جیاواز، زیاتر بەرهەمی ڕوانگەی ئەمڕۆیە نەک سەردەمی برەوی ئیسلام. ئیسلام لەوپەڕی دەسەڵاتیدا، لەژێر باڵیدا دەیان ئاین و ئاینزا و ڕوانگەی جیاوازی ناو ئیسلام هەبووە و ئاماژەیان پێکراوە.

تێبینی:
-ئەم وتارە هەوڵی تێگەیشتنە لە کۆمەڵگەی ئیسلامی وەک خۆی، نەک وەک ئەوەی کە هەندێک جار بەشێوەیەکی خەیاڵی نادروست و بێ سەرچاوە بۆ موسوڵمانی کورد وێنادەکرێت. گەر پێت وایە زانیاریەکانی ناو ئەم وتارە دروست نین، بە سوپاسەوە بۆ خوێنەری ڕوونبکەرەوە بۆ ئەوەی کە هەمووان لە ڕاستیەکان بێبەش نەبن. لە کۆتاییدا هیوام وایە ئەوە ئامانجی هەموومان بێت، تێگەیشتن لە ڕووداوەکان وەک خۆیان.
– وێنەکان هی چیرۆکێکی خۆشەویستی سەردەمی ئیسلامە کە لە ئەندەلوس دەرکراوە بە ناوی چیرۆکی بەیاز و ڕیاز (حديث بياض ورياض) ەوە. چیرۆک و وێنەکان کۆمەڵگەیەکی ئیسلامی دەخاتە ڕوو کە کراوە بووە بەرامبەر خۆشەویستی و هەندێک لەو ڕوانگەیەی ئەمڕۆ بەرامبەر کۆمەڵگەی ئیسلامی هەڵدەوەشێنێتەوە.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.