" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: ئامانج غازی

تەمەنێکی خەزان ئامێزو ئەفراندنێکی ناخهەژێن، کاتێ بە وردی گوێ بۆ موزیک و ژەنینی کلارنێت و باڵەبانە ئەفسوناوییەکەی کاکە ڕێهات شلدەکەیت، دەستوپەنجەیەکی ئەکادیمی و موزیک ئامێز دەبینی ، لەناخی ڕێهاتی جوانەمەرگدا کڵپەی حەزێکی گەورە بۆ ژیانێکی هونەری دەبینین.

ئەو لە موزیکەکانیدا گەشبینی دەبەخشێتە ئایندەی هاوپۆل و هاوڕێکانی ،بەهرەمەندی گەورە هەندێ جار لەگەڵ خودی خۆی دەکەوێتە ململانێی دۆزینەوەی خود لە نێو ئەو جەنجاڵییە هونەرییەی کە موزیکی کوردی تێیکەوتووە، ڕێهات لەنێوان بەرداشی داهێنانی بەردەوامی خۆیی و سستی و داڕمانی بەها پیرۆزەکانی هونەری موزیک و گۆرانی لەکوردستانەوە کەوتە نێو بەربەرەکانێی بەردەوامەوە.

بەلای ئەوەوە هیچ شتێ ناگاتە مانا گەورەکانی نەمری ، بۆیە لەلای ئەو پەیامی گەورەی هونەرەکەی گەیشتووە کاتێ هەموو ئەو موزیکانەی ژەنیوە کە تامەزرۆی بووە یاخود ئاواتی بووە خەڵک لە کلارنێتەکەی ئەوەوە بیبیستێ.

تەمەنی هونەری ڕێهات پێش تەمەنی ئاسایی خۆی کەوتووە ، ئەمە گرفتی ئەو بەهرمەندە ناوازانەیە کە بە دەگمەن لە سەردەمێکدا هەڵدەکەون، شاکاری هونەری هەردەم بە پاڵپشتێکی گەورەی هزری کراوە دەچێتە باوەشی مێژوویەکی نەکردەوە.

ئەو نەمرییە بۆ ڕێهاتی جوانەمەرگ خەڵاتێکی ئەبەدی بوو کە زۆر کەس ئاواتەخوازە بەدەستی بهێنێ، دڵنەوایی و ئۆقرەیی بۆ ئەو بنەماڵە هونەرییە ،گیانی شادو گۆڕی ڕۆشن .

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.