" type="text/css" > Skip to main content

نوسینى: زۆزک قەرەداخى

* کاتێک باس لە موزیکدانان دەکەین، ئەمە بابەتێکى فرە ڕەهەندە و بە تەنها چەند دێڕێک لایانە جیاوازەکانى تاووتوێ ناکرێت، چون چەندین جۆر و ستایڵ لە موزیکدانان هەر لە چاخەکانی ناوەڕاست، ڕێنیسانس، بارۆک، کلاسیک، ڕۆمانتیکەوە سەریان هەڵداوە و تا ئێستا بە چەندین گۆڕانکارى و داهێنانەوە کاری لەسەر دەکرێت، کە هەریەکەیان بۆ خۆى دنیایەکى بەرفراوانە و هەر چاخە توێژینەوە و شیکاریى بەرفراوانی پێویستە.

* ئەوەى من لەسەرى ئەدوێم و دەکۆڵمەوە پەیوەندیدارە بە کوردستانى باشوور یان با بڵێین کوردستانى عێراق- هەرێمی کوردستان، هەرچی بەشەکانی دیکەی کوردستانە گرفت گەلی هاوشێوە و دیکەیان هەیە، ڕەنگە ئێمە لە کوردستانى باشوور  گرفتەکانى موزیکدانەرێکى کوردستانى ڕۆژئاوا نەزانین لەچیەوە سەرچاوەى گرتووە، بۆیە من بە باشى دەزانم لێکۆڵینەوەکەم تایبەتمەندتر بکەم بەم ناوچەیەى کە خودى خۆم تیایدا ژیان دەکەم، ڕەنگە ئەوەى لەسەرەتا و کۆتایى لەسەرى دەدوێین زۆرێک گرفتى هاوبەش بن لە نێوان کورد و نەتەوەکانى دیکەى دراوسێمان لە (فارس، عەرەب، تورک و … )بەڵام هەر نەتەوەیە لە خەمی هونەر و کولتووری خۆیدا دەکۆشێت و هه‌وڵی گەشەپێدانی دەدات.

* شایەنى باسە ئەم هزر و لێکۆڵینەوەیەى خستومەتەڕوو تیۆرێکى ستاندار و بابەتێکى چەق بەستوو نیە و دەکرێت هەر موزیکارێکی دیکەى کوردستان هزر و زادەى تایبەتى خۆیانى لەسەر بنووسن، چونکە من باسم لە تیۆر و بنەماکانى موزیکدانان نەکردووە و زیاتر بابەتەکە ئاراستەى (هزر، لێکۆڵینەوە، دراماتیکى و فەلسەفى ) لەخۆدەگرێت، پەیوەندیدارە بە ئەزموونى تایبەتى و بەجۆرێک خستومەتەڕوو کە خوێنەر و ئارەزوومەندیش بەڕوونی لە بابەتەکە تێبگەن.

* لە بوارى موزیکدانان گەر بە شێوازە جیهانیەکەى سەیر بکەین کاتێک باس لە قوتابخانەیەکى ئەوروپى دەکەین، کە بۆ نموونە لە چاخی کلاسیکدا و لەسەر دەستى کەسانى وەک مۆزارت، هایدن و بێتهۆڤن دروست بوون چەندین قۆناغى لەپێشینەیان بڕیووە، ئێمە لەو لایەنەدا دەکەوینە قۆناغى پێش لە پێشینەکانى کلاسیکیشەوە، چونکە تا ئێستا ئێمە لە ماناى گرنگى موزیک و جۆرەکانى تێناگەین، کاتێک مۆزارت داهێنانی کردووە باخ و هاندڵ لە بارۆکدا هەبوون و زانیوێتی چی بکات، کاتێک هاندڵ و باخ داهێنانیان کردووە لە ڕێنیسانسدا پۆرسێڵ و تۆماس تالیس کاریان كردووه‌ ، دوای بێتهۆڤن شۆبێرت، فرانس لیست، چایکۆڤسکی، دیبۆسی و ئەوانیدی پیشینەیان هەبووە، بەڵام ئێمە لە موزیکداناندا جگە لەم سەردەمەی تێیدا ئەژین هیچ ڕێبازێکی پیشینەمان نەبووە، تا دڵنیابین لە پۆلێنی داهێنان و کاریگەرییەکانمان.

* بۆیە ئەم بابەتە خۆى لە چەندین پرسیاردا دەبینێتەوە، بەندە چوار لەوانەم خستووه‌تەڕوو:

1. موزیکدانان و فۆرمى موزیکى کوردى بوونى هەیە؟

ئەوەى کە وەک موزیکارێکی کورد و هەر نەتەوەیەکى دیکە موزیک بنووسێت بەردەوامى هەبێت بێگومان دەگاتە ئاستێک و خاوەنی ڕێچکەیەکی دیار و کاریگەر، بە مەرجێک خاوەن ڕوشنبیریی و سەلیقە و پڕ بەهرەبێت، نەک وەک ئەوەی دەیان کەس تەنها دەڵێن پەیمانگە یان کۆلێجمان تەواو كردووه‌ و بووین بە هونەرمەند، ئەوەی موزیکدانەرێکی داهێنەرە یان لایەنیکەم بەرهەمی جوان و دڵنشین دەسازێنێت مەرج نیە بە فۆرمێکی دیاریی کراو و بەکارهاتوو و دەستنیشانکراو موزیک بنوسێتەوە، وەک فۆرمەکانی موزیکدانان (کۆنسێرتۆ، سۆناتە، سیمفۆنى، سویت و …)چون گەر موزیکدانەرەکە بێ سەلیقە بوو لە بەکارهێنانى فۆرمى وێنا کراویشدا، دەیان بیرۆکەشی لەبەردەستدا بێت و لە بواری موزیکیشدا خوێندنی تەواو کردبێت نازانێت چی ئەنجام بدات و یاخود ئەوەی ئەنجامی دەدات گشتییە و ئەوە دەکات کە هەموو کەسێک کاری لەسەر دەکاتەوە.

2. ئایا موزیکى زانستى بە چ جۆر و شێوازێک دەوترێت؟

گەر ڕێساکانى موزیکدانان لەخۆ بگرێت بە شێوەیەکى گشتى (فۆرم، هارمۆنى، ئۆرکیسترایشن، ئامێرەکان، کاونتەرپۆینت و …. ) یاخود موزیکێک ئۆنیسیسۆنێکى بێ گۆڕانکارى بێت خۆرهەڵاتى بێت یان بە ئامێرى فۆلکلۆریش بژەنرێت ڕیزبەندى نێوان ئاواز و بەشەکان، لە هەمانکاتدا شێوەى ژەنین و تواناى ژەنیارەکە دانراوەکە دەکاتە بەرهەمێکى زانستى، ڕۆحى ژەنین و سەلیقە و بەهرەى موزیکدانانیش لە پێش ئەو ڕێسا و بنەمایانەوە ڕۆڵى خۆى دەگێڕێت، لە نێو نەتەوە بچووک و تازە پێگەییشتووەکانی خوێندنى هونەردا ئەم لایەنە ڕۆحى و چێژە پشتگوێ دەخرێت، جارێ بیر لە خۆسەپاندن و ئیرەیی دەکەینەوە، بیرمان نەچێت موزیک هەمیشە بریتى نیە لە پێشاندانى تواناى تیۆرى و هارمۆنى، خودى ئەو موزیکدانەرە پێویستە چێژ و داهێنان بۆ جەماوەر دەستە بەر بکات، چۆن؟ هەنگاوەکانی داهێنان فرە نزیک نەبێت و فرە دوور نەبێت، بە مەبەستی گەشەپێدانی ئاستی بیستنی جەماوەر کار بکات، جەماوەر بە گوزارشتێکی هونەریی بەرز و داهێنانەوە بخاتە بیرکردنەوە، یاخود ئەوەندە بە کاریگەر بێت داهێنان و هونەری جوان و تازە ببێتە باو و جێگەی خراپەکانی بووه‌تە تەمێکی فرە خراپ پڕبکاتەوە، یەکێک لە داهێنەرەکانی ئۆپێرای ئیتالی”جۆزپێ ڤێردی( 1813 – 1901 )”توانی لەرێگەی ئاوازی ئاریای نێو ئۆپێراکانیدا پیشەوەرێکی ناو بازاڕ و کۆچە و شەقامەکان کە شارەزای موزیک نین و ڕۆشنبیر نین ئاوازەکانی لەبەر خۆیانەوە و بەدەم کاری ڕۆژانەوە بڵێنەوە و بیر لەوە بکەنەوە بچنە نێو هۆڵی ئۆپێراوە، داهێنان و ڕۆشنبیرکردنی گوێچکەی بیسەر و نەتەوە بەو چەشنە دەبێت، دواتر هێدی هێدی دەتوانرێت هەنگاوی هاوچەرختر بنرێت، هەڵەیە تەنها بڵێین بۆ خۆمان کاردەکەین، یان بۆ ئەوانەی ئەکادیمیین و شارەزای بوارەکەن، ئەگەر جەماوەر بە ھەند وەرناگرن کەواتە فەرموون با کۆنسێرت و ئاهەنگەکانمان ھەر لە ناو ژوورێکی داخراوی پەیمانگا یان زانکۆ بکرێت بۆ فێرخوازان و مامۆستایانی پسپۆڕی موزیک، گوێگر کەیفی خۆیەتی، یان دەڵێین با هۆڵەکە بیست گوێگری تیابێت من کۆنسێرتی خۆم دەکەم ئەو بیستە گوێگری ڕاستەقینەن، بەڵام ئەوە وتە گەلێکن، کە بەزۆر دروستی دەکەین بۆ زیادکردنی هەستی ئەرینی و هاندانی بەشداربووەکان، ئەی گەر بڕیار وابێت گوێگرەکانی دیکە ڕۆشنبیر بکەین فرە گرنگە هۆڵەکە پڕبێت لە جەماوەر و هەنگاوە تازەکان ببینن، بیانکەینە باو لە جێی موزیک و سترانە بێ پێزەکان، هێندێکیش دەبێژن من بۆ سەد ساڵ دوای خۆم کاری هونەریی دەکەم، لە ئێستادا پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکان فرە لەوە خیراترن کە ئێمە بیریان لێدەکەینەوە، لەبەر ئەوە سەد ساڵ دواتر پێشینەکی نەماوە، گرنگ ئەمڕۆیە، بیر لە هەنگاوی ئێستامان بکەینەوە سەد ساڵی دیکە هەنگاوەکانی ئێستامان دەستنیشانی دەکات، لەبیریشمان نەچێت کات و شوێن بۆ موزیک و ستران گرنگترین پێوەرە بۆ دەستنیشان کردنی ڕادەی داهێنان و ئەفراندن.

3. ئەوەى لە ئەکادیمیا موزیکدانانى خوێندووە ئەوە دەبێتە موزیکدانەر، یاخود ئەوەى سیمفۆنى دەنووسێت دەبێت کۆلێج و پەیمانگە و خوێندنى باڵاى لەو بوارەدا تەواو کردبێت ؟

مەرج نیە چون بنەما تیۆرییەکان و زانستى موزیکدانان پەڕاوى نوسراو و شیکاریى موزیکدانەرانى لە پێشینەن و پەسەند کراون و بوونەتە باو، یاخود تاقیکردنەوەى نوێى لەسەر دەکرێت، مەرج نیە ئەو تاقیکردنەوانە تەنها فێرخوازى کۆلێج و پەیمانگە بە ئەنجامى بگەیەنن و فێرببن، دواجار چۆنێتى سوود لێوەرگرتن دەبێتە پێوەرى سەرەکى، دەبێت موزیکدانەر پاش ماوەیەک لە ئەزمونکردنى بەهرە و تواناکانی بزانێت چى لەسەر ئەو پێویستیە کارى بۆ بکات؟ کام بەشەى کولتورى نەتەوەکەى بۆ دەوڵەمەند دەکرێت؟ یاخود ئەوەى ئەنجامى دەدات بە گشتى سوود و گرنگى و چێژ بە چ بەشێکى کۆمەڵگا دەگەیەنێت؟ لەسەر ئاستى جیهانى چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو بەرهەمەى دەکرێت، ئەگەر بڕەخسێت؟ چى گرنگە  لە تواناى ئەودا پیشانى بدات؟

مۆرکى ناوچەکەى تیا بناسرێتەوە، گەر وانەبێت هیچ بایەخێکى نیە وەک داهێنان و پێشخستنى کولتوورى ناوچەکەى، چونکە نەتەوەکانى دیکە هەڵقوڵاون لە نێو مۆرک و ڕیتم و ئاوازی ناوچەکەیان، پێویستیان بە نەتەوەى دیکە نیە کار لەسەر کلتوریان بکات، ئەگەر کارێکیش بەو جۆرە ئەنجام بدەین هیچ ئایدیا و گرنگیەک لەخۆ ناگرێت، بە هاوتای موزیکارێکی ئەو ناوچەیە، تەنانەت لە کوردستانیشدا لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دی بەو جۆرەیە، بۆنموونە موزیکدانەرێکی بەتوانای هەورامان بە پێزتر کار لەسەر ئاواز و مۆرکی هەورامی دەکات وەک لە ناوچەی لوڕستان، کوردێکی دهۆک یان ئامەد سترانێک بە وشەی کرمانجی باشتر ئەچڕێت وەک لە سترانبێژێکی سلێمانی و هەولێر …

4. ئەگەر موزیکدانەر خۆى چێژى لە کارەکەى وەرنەگرت ئەوا بە دڵنیاییەوە جەماوەریش چێژى لێ وەرناگرن و هەموو کات لەم سەردەمە خێرایەدا ناکرێت بیر لەوەبکەینەوە کە بەرهەم بۆ دواى خۆمان بێت و پاش چەندین ساڵ درک بکرێت بە گرنگى و سەنگى دانراوەکان.

5. من کوردم چ گرنکیەکى هەیە لە موزیکداناندا خزمەت بکەم بە ئەمه‌ریکاى لاتین و مۆرکى بۆلیڤى؟ خۆیان دەیان و سەدان موزیکدانەر و موزیکژەنیان هەیە خزمەت دەکەن ئەگەر وەک خەم و پێویستى کار بکەین بۆ هونەرى نەتەوەکەمان دەبێت گرنگى بە بەرهەمى خۆمان بدەین و کەرەستەى خۆمان بخەینە گەڕ و هەمیشە و هەردەمیش خۆمان بە بچوکتر و کەمتر لە چواردەور نەبینینەوە، گرفتێکیش لە ئارادا نیە کاتێک مۆرک و ئاوازی وڵاتێکی دراوسێ یان ئەوروپی بەکاردهێنینەوە، بەڵام بزانین بۆچ مەبەستێک، نەک بە ناڕاستەوخۆ بێت، یاخود موزیکدانەرەکە هەر ئەوە بزانێت بۆیە ئەو ئاوازە و ئەو مۆرکە بەکارده‌هێنێتەوە.

6. موزیک فرە ڕەنگە، هۆنراوە، ڕۆمان، میوە فرە جۆرە، دروونی مرۆڤەکان و جیاوازیی ژیانی ڕۆژانەیان فرەن، زیندەوەرەکان، ڕووەکەکان هەزاران پۆلێنیان هەیە و..، هەر یەکەی گرنگی خۆی هەیە، پێویستیەک پڕدەکاتەوە، بەڵام کاتێک دەڵێن فرە ڕەنگ لە موزیکداناندا دەبێت هەمووی جوانترینەکان بێت، کاتێک دەڵێین میوە پێگەیشتووەکان بێت و گەنیوەکانی نەبێت، کاتێک دەڵێین موزیکە فرە ڕەنگە جوانەکان هەر مرۆڤەی جۆرێکیانی پەسەندە، کار لە دڵ و دەروونی دەکات، هەڵەی ئێمە ئەوەیە دەستدەبەین بۆ هەڵبژاردەی جوانی مرۆڤێکی دیکە و ئەوەی ئەو قبوڵ ناکەین، بەس خۆم، پاشان بەس خۆم لەسەر بنەمای ئەوەی من سەرۆکی تیپێکم یان ناوەندێکی خوێندن و ئەکادیمیا دەبێت هەموان لە فێرخواز و ئەوانی دی پەیڕەوی ئەو شێوازە بن کە ئیلهام و گوزارشتی منە، ئێمە لەگەڵ هونەرکردندا پێویست و گرنگە کار بۆ ئەوە بکەین هەڵەکانی ڕابردوو بۆ نەوەی نوێ دووبارە و بەکار نەهێنینەوە، میزاج و بەرژەوەندیی تایبەت داهێنان لەبین دەبات، فرە ڕەنگی ناهێڵێت کە خەسڵەتێکی گرنگە بۆ داهێنان و پێشکەوتنی هونەری نەتەوە.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.