" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: توانا حەمە

کەریم کابان یەکێک بوو لە ناوازەترین گۆرانیبێژانی سەدەی ڕابردوو، کە توانی بە چەند بەرھەمێک خۆی بکاتە پایەیەکی گرنگی موزیکی کوردی لە باشوری کوردستاندا، دواتر  ببێتە یەکێک لە دیاترین گۆرانیبێژانی کورد، کە خاوەن ناسنامە و مۆرکی و ڕەنگی دەنگی تایبەت بە خۆی بێت و لە کەسی دیکە نەچێت. 

 بە کورتی ئەگەر  لە دەنگی کابان بڕوانرێت، ئەوا لەڕووی تەکنیک و شێوازی گۆرانی گوتنەوە ئەوە دەبینرێت، کە کابان خاوەنی گەروویەکی کوردیی و ناسنامەیەکی کوردیانەی تایبەمەند بە خۆیەتی، ھەر ئەم تایبەتمەندیە وایکردووە، کە کاریگەری گەورەی لە سەر تاکی نەتەوەکەی بەجێبھێڵت و بەرھەمەکانی لە ناوازەترین بەرھەمەکانی سەردەمی خۆبن و تا ئێستاش لە نێو یادگە (میمۆری)ی تاکی میللەتەکەیدا  بمێنێتەوە و پایەیەکی تایبەتیان ھەبێت.  

گەرچی ئەو ھیچ ئامێرێکی موزیکی نەزانیووە و موزیکی نەخوێندووە، تەنیا بەھرەیەکی خۆڕسکی ھونەری لە نێو گەروو و ڕۆحیدا ھەبووە، کەچی زۆرینەی بەرھەمەکانی خۆی  ئاوازی بۆ داناون، کە دەتوانم بڵێم: بە ھەموو جۆرێک ناسنامە و مۆرکی شێوازی ئاوازدانانی ھاوچەرخی گۆرانی کوردیان لە خۆگرتووە، چونکە ئەو زۆر کارامانە توانیویەتی ڕستە موزیکیەکانی بەپێی تێکستی گۆرانییەکەی ڕێکبخات و کاری ئاواز یان (میلۆدی ساز)ی بۆ بکات.

بەڵگەش بۆ ئەمە زۆرینەی توێژەرانی موزیکی کوردی لە سەر ئەوە کۆکن، ئەو گۆرانیە کوردیانەی کە زیاتر لە لە چواریلەیەک یان ئۆکتاڤێک بواری دەنگیانە، ئەوانە دەچنە خانەی موزیکی دانراوی کوردییەوە و ئەو بەرھەمانە فۆلکلۆر نین. 

ئەگەر بڕوانرێتە گۆرانییە دانراوەکانی “کابان” ئەو تایبەتمەند و خەسڵەتە بە ئاسانی دەبینرێت، کە زۆرینەی گۆرانییەکانی پتر لە چواریلەیەکن و تەنانەت زۆر جار پتر یان تەواوی ئۆکتافێک بواری دەنگی کابانە، بۆیە زۆر بە باشی و ئاسانی ھەردوو چواریلەکە و دەستگا موزیکییەکەی تێیاندا ناسرێنەوە. بوونی دوو  چواریلە بەھێزترین خاڵە، کە دەتوانرێت موزیکی دانراوی کوردی، لە موزیکی فۆلکلۆری کوردی پێ جیابکرێتەوە. 

لەگەڵ ھەموو ئەوانەشدا ناتوانرێت بگوترێت، کە کارەکانی  ھیچ خەوش و ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکی موزیکی نەتەوەکانی وەک: (ھیند، عەرەبی، فارسی….) بە بەرھەمەکانیەوە دیار نییە و تەواو کوردین.

 بڕوای من ئەو ڕەنگدانەوەیەی موزیکی گەلانی دیکە گەر لە کارەکانیدا بوونی ھەبێت ئاساییە، چونکە موزیک بەھەر زمانێکی دی بدوێت، کاتێک ھونەرمەند گویڕادێری ببیت، کاریگەری ناڕاستەوخۆ لە سەرھەستە ناوەکیەکانی و ئەندێشەی موزیکی دروستدەکات، زۆر ئاستەمە و ناتوانرێت خۆتی لێ بپارێزی.

 دواجار بۆیە کابانیش وەک: ھونەرمەند و مرۆڤێکی کورد لە نێو ئەو ھەموو تەنگەژەی سیاسی و نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆدا، بەھۆی ئەوەی گەلەکەی ھەمیشە ژێردەستەی نەتەوەکانی دی بووە، ھەمیشە خۆشی وەک قوربانیەکی کوردبوون، بەھۆی بیر و ڕای سیاسییەوە، ھەر چەند ساڵێکی تەمەنی لە شوێنێکی عێراقدا بەسەر بردووە. بۆیە ئەو ژیانە پڕە ئاوارەبوونەی کاریگەری لەسەر لە پەروەردەی ھونەری و ئەندێشەی ھونەری ئەو ھەبووە، چونکە بە ناچاری لەو کلتورانەی کە لە دەرەوەی فەرھەنگی کوردی تێیاندا ژیاوە، بەر گۆیگرتن لە موزیکی نەتەوەکانی دی، بە (تایبەت کلتوری عەرەبی) کەوتووە. جگە لەوە دەتواتم بڵێم: موزیکی ھندی وەک: جۆرێک لە گۆرانی و موزیکی باوی سەردەمەکەی زیاتر لە گۆرانی عەرەبی کاریگەری لەسەر بەرھەمەکانی بەجێھێشتووە.  دواجار کابان نەیتوانیوە بەتەواوەتی خۆی لەو کاریگەریانە بپارێزێت، ھەر بۆیە ئەو کاریگەریانە بە ئاسای لە کارەکانیان دەبینرێن، بەڵام ئەم کاریگەریانە ھیچ لە ئاستی بەرھەمەکانی کەم ناکات، بەڵکو ڕەنگێکی تری بە بەرھەمەکانی بەخشیووە. سەرەڕای ئەوە، ھێشتا دەتوانرێت بە ئاسانی دەنگ و خامەی دەنگی کابان و تەواو ناسنامەی کوردبوونی ھەستی پێبکرێـت و لە نەتەوەکانی دی جیابکرێتەوە، کە ئەویش پەیوەندی بەو قۆناغەوە ھەیە کە لە منداڵی و لاوێتیدا لە نێو ڕادیۆی ئینگلیزەکان لە بەردەرکی سەرا گوێی لە سەدان میلۆدی کوردی بووە و گوێی و سۆزی ھونەری پێی گۆشبووە.

بە شێوەیەکی گشتی ئەگەر لە کۆی بەرھەمەکانی کابان بڕوانرێت، ئەوا کۆی بەرھەمەکانی پتر لە شازدە گۆرانیە: کە نۆیان ئاوازی خۆیەتی. ھەرەوەھا پێنج گۆرانی لە ڕادیوی بەغداد لە ساڵانی ١٩٤٥= ١٩٥٠ تۆمارکردووە، کە چەند بەرھەمێکی فۆلکۆری ناوچەی سلێمانی تیدایە. دواتر لەم ساڵانەی دوایشدا دوو مقامی بڵاو کراوەتەوە، کە جێی ھەڵوەستەکردنن، چونکە کابان زیاتر وەک (بەستە) چڕێک ناوبانگی ھەیە، پێشتر کەم کەس لە دەنگی کابان گوێبیستی مقام بووە، بەڵام لە ڕاستیدا توانای (مقامبێژی) جێگای سەر سوڕمانە و پرسیارێکی گەورەیە، کە بۆچی بەو توانایەوە، کەمترین تۆماری لە ڕووی (مقامبێژی) یەوە ھەیە و وەک مقامزانێک نە ناسراوە؟!!

لە ئێستادا پرسیار ئەوەیە بەرھەمەکانی کابان دەتوانن چی دیکەیان لێبەرھەم بێت؟ بە بڕوای من: ئەگەر کاری جدی لەسەر دەنگی و ڕەنگی دەنگی کابان بکرێت، دەتوانرێت بکرێتە میتۆدێکی زۆر باش، بۆ خوێندکارانی کورد لە بەشی موزیکی پەیمانگا و زانکۆکاندا. دواجار دەکرێت لە دەنگی کابانەوە، فێرخوازان ئاشنای شێوازی گۆرانی گوتنی کوردی بە شێوازە (کلاسیک)ییەکەی ببن. چونکە ئەو میتۆدە زادەی سروشت و کلتوری نەتەوەکەیەتی، کە لە گەروو و ڕۆحێکی خۆڕسکی کوردی کابانەوە سەرچاوەی گرتووە، دەکرێت بکرێتە بناغەکەیەک بۆ ئەوەی کە ھونەرمەندی کورد، لەم ڕێگەیەوە شێواز و تەکنیکی گۆرانی گوتن بە  (شێوە کلاسیکەک)ەی فێربێـت.  دوای کارکردن لەم میتۆدەدا دەتوانێت ھەنگاو بۆ قۆناغەکانی دیکەی گەشەسەندنی دەنگی بنێت و جۆرێکی دیکە لە شێوازی چڕین لە سەر ئەم بناغە بئافرێنێت. چونکە جۆری سادەی لە ووشەی تێکست، میلۆدی، بواری دەنگی لە بەرھەمەکانیدا ھێندە ڕۆحبەر و سەرنجڕاکێشن، دەکرێت ھونەرمەندی تازە پێگەیشتوو،  زۆر بە زووی پەیی بە تەکیکی و شێوازی چڕینی بەریت و فێری ئەو شێوازە لە گۆرانیچڕینە لە گۆرانی کوردی ببێت. بە بڕوای من دروستکردنی ئەم میتۆدە کارێکی ئەستەم نییە، گەر توێژەری بەسەلیقەکاری بۆ بکات، لە بەر ئەوەی  بەرھەمەکانی زۆرنین و بەنۆتەکردنیان و کارکردندن تێیاندا ھێندە گران نییە،  چونکە بەرھەمەکانی بەشێکی گەورەی لە نێو یادەوەری موزسیان و توێژەرانی کوردا داگیرکردووە، ئەمەش وا دەکات لە ماوەیەکی کورتدا ئەم میتۆدە دروستبکرێت و دواتر ببێتە میتۆدێکی گرنگ لە بواری موزیک و گۆرانی کوردیدا سوودی گەورە ھەبێت و کەلێنێکی گەورەی لە نێو موزیکی کوردیدا پڕبکاتەوە.

– بروانە کتێبی موزیک چییە، لە نوسینی توانا حەمە.

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان