" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: توانا حەمە

خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە

لە مێژە بیرمەندان و توێژەرانی بواری فەلسەفە و هونەر بەگشتی، گفتوگۆ و بڕواکانی خۆیان دەربارەی (ناوەرۆک و کۆتایی هونەر) لە سەردەمی مۆدێرنە، پۆست مۆدێرنە و تەکنەلۆجیادا دواون و، گفتوگۆکانیان، ریشەیین و هزرێکی قوڵتریان بۆ هونەرمەند و رەوتی هونەر بە گشتی هەیە.
بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە کلتوری هونەری کوردستاندا، تاڕادەیەک زۆرینەی هونەر پیشە و هونەرمەندە ئەکادیمییەکانیشی دەربارەی ئەو گفتوگۆ گرنگانە ئاگادارنین، کە دەربارەی هونەر و موزیک لە مێژوودا نوسراون. بە هۆکاری ئەوەی بابەتەکە پەیوەست نییە بە خستنەڕووی ئەو نوسراو و گفتوگۆیانەی، کە دەربارەی ئەم باسگەلە هەن، بەڵام خوێندنەوەی بەرهەمەکانی هیگڵ دەربارەی (ناوەرۆک و کۆتایی هونەر) و هادیگەر دەربارەی (تەکنەلۆجیا و کۆتایی هونەر)، باسگەلێکی گرنگن دەربارەی هونەر بەگشتی.
دواجار بە شێوەیەکی گشتی لەبەر نەبوونی گفتوگۆی ئەکادیمی و زانستی دەربارەی هونەر و موزیک بەتایبەتی، شیکاری و لێکدانەوەکان زۆر جار بە نائاگایی و نا زانستی دەخرێنەروو.
بە هۆکاری ئەوەی، هەر لە دیرۆکەوە هونەر و موزیک بە دیگایەکی زانستی لە کۆمەڵگای کوردیدا لێی ناڕوانرێت، دەرئەنجام موزیک تەنها وەک لایەنی سەرگەرمی و چێژ بەکاربراوە، یان تەنها خولانەوەیەک بووە بە دەوری بازنەیەکی ڕابردوو و پەیوەست بە نۆستالژیا، یان زۆرجار بە رەهەندگەلێكی ناسیۆنالستی و نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بۆیە زۆرینەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە بواری هونەر و موزیک روویان داوە و ڕوودەدەن، جێی بایەخ نین و گفتوگۆیان دەربارە ناکرێت.

دواجار ڕەخنە و گفتوگۆ دەربارەی هونەر و موزیک نەبۆتە کلتور و نەریتێک، کە لە راستیدا ئەم جۆرە گفتوگۆیانە بە بەردی بناغەی گۆڕانکاری ڕیشەی و بەرەو پێشچونی هونەر لە کۆمەڵگادا دادەنرێت. سەرئەنجام ئەوەی لە ئێستادا لە کوردستاندا دەگوزەرێ ئەوەیە، بوونی جۆرێک (هونەرێکی سادە و خاڵی لە هزر و هونەری باڵا)، بەجێماو لە گشت ئەو پێشکەوتنانەی، کە لە ڕۆژگاری ئەمرۆی هونەردا لە جیهاندا دەگوزەرێ و هونەری ئەمڕۆژی موزیک پێی گەشتووە.
لێرەدا بە رەچاوکردنی قەیرانەکانی ئەم ناوچەیە، نامەوێت بەراوردکارییەک بکەم، لە نێوان ئەوەی لە جیهانی ئەمرۆدا و ئەوەی لە باشووری کوردستان و تەواوی ناوچەکەدا هەیە، بەڵام مەبەستمە خوێندنەوە و راڤەیەکی تایبەت و بڕواکانم بە دیدێکی مرۆڤناسانە و موزیکناسانە بۆ کاریگەرییە نەرینییەکانی ھێزی تەکنەلۆجیا و سەردەمی تازەگەری، لەسەر سەرجەم لایەنەکانی هونەر و موزیک لە باشووری کوردستاندا بخەمەڕوو.
ئاشکرایە هێزی تەکنەلۆجیا بەتەواوەتی سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانی مرۆڤایەتی داگیرکردووە و هەژموونی تەواوی بەسەر کۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا کردووە. بە تایبەت ئەو کۆمەڵگایانەی، کە خۆیان بەرهەمهێنەر و داهێنەری تەکنەلۆجیا و سەردەمی تازەگەری نین، بەڵکو تەنها بەکار بەری بەرهەمەکانی سەردەمی تەکنەلۆجیان، ئەوان زیاتر لە بەرهەمهێنەرەکانی تەکنەلۆجیا دەکەونە بەر هەژموون و داگیرکاری بەرهەمە تەکنەلۆجییەکانی ئەم سەردەمەوە. لێرەدا باسەکە چڕدەکەمەوە بۆ هونەری موزیک، کە چۆن بەر ئەم داگیرکارییە کەوتووە. بەتایبەت لەو کۆمەڵگایانەی کە ڕۆشنبیری هونەرییان لاوازە،  بەر جۆرێک لە  هەژمونی ساختەی هونەری (فەیک) و کلتوری هونەری بازاڕی دەکەون، دواجار ناتوانن وەڵامیان بۆ ئەم کلتورە بازاڕییە هەبێت، بۆیە کلتوری هونەری موزیکی باڵایان ڕۆژ بە رٶژ بەرەو پاشەکشە دەچێت و تەنها کلتوری بازاڕی و سەرگەرمی جێگایان دەگرێتەوە.
بە هۆکاری ئەوەی هەمیشە تەکنەلۆجیا بۆ  سەقامگیرکردنی دەسەڵات و هێزی خۆی دەیەوێت کۆتایی بەو هونەرە بهێنێت، کە راستەقینە و هونەری باڵان و هێزی ئەوەیان هەیە تەکنەلۆجیا بخەنەژێر هەژموونی خۆیانەوە. بۆیە تەکنەلۆجیا لە رێگای کلتوری بازاڕییەوە و دەیەوێت راستی بون پەنهان بکات و بیانشارێتەوە.
بۆ  ئەم باسە ئەگەر شێوەیەکی خێرا باشووری   کوردستان بکرێتە نموونە و کاریگەری
تەکنەلۆجیا لەسەر بەرهەمە موزیکییەکان و پەخشکردنی لە ڕێگای سۆشیال میدیا ئەو (ئەپڵیکەیشن)انەی كە هەن بخرێتەڕوو، زۆر سانا تر دەچمە ناو کڕۆکی باسەکەمەوە.
چونکە سۆشیاڵ میدیا و ئەپەکانی مۆبایلی زیرەک و ئایپاد و جۆرەکانی کۆمپیوتەر، دیارترین بەرهەمی هەنوکەی تەکنەلۆجیان و بۆتە بەشێکی گرنگی تەواوی کایەکانی ژیان و ژیاری کۆمەڵایەتی خەڵکەوە، بە هۆکاری ئەوەی موزیکی بەشێکی دانەبڕاوی سەرجەم کایەکانەی کلتورە، خودی موزیک دەخەمە بەر دیدە تایبەتی و شیکارییە موزیکناسی و مرۆڤناسییەکانەوە.
ئاشکرایە کە زۆرینەی ئەو گۆرانی و موزیکانەی کە لە ئێستادا لە کوردستان، بە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و (سیستەمێکی ئاڵۆزی ئەندازەی دەنگ) بەرهەم دێن، خودی بەرهەمەکان دەکەونە نێو دەیان پرۆگرامی بەهێز و بەرهەمەکان، لە خەوشە ناسازە دەنگییەکان فلتەردەکەن و پاشان بە کوالێتێکی بەرز کاری تۆمارکردنیان بۆ دەکرێت و پاشان (میکس و ماسترینگ)یان بۆ دەکرێت. گەرچی تەکنەلۆجیا بەشێوەیەکی خزمەتی بەچاوی هونەری باڵای کردووە، بەڵام لێرەدا زیاتر مەبەستم لەو بەرهەمانەیەیە، کە کلتوری بازاڕییە و ساختەن.
بەشێوەیەکی گشتی دەمەوێت بڵێم: ئەو دەنگانەی لە نێو سی دی و ئەلبومی گۆرانیبیژەکاندا گوێ بیستی دەبین، دەنگە راستەقینەکە نین. چونکە لە ڕێگای پرۆگرامی کۆمپیوتەرییەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری لە دەنگە خامەکە و تەواوی پرۆسەی موزیک دروستکردنەکە دەکەن.
بۆ نموونە: هەموو ئەو بەرهەمە کلتور بازاریانەی کە هەن و لە کەناڵ و میدیاکاندا دەبینرێن، زۆرینەیان دەنگە رەسەنە سروشتیەکان نین، بەڵکو سەرجەم پرۆسەکە بە فیلتەر و پرۆسەی چاکسازی دەنگی ناساز و گۆرانکاری چینی دەنگی، (بەهۆی کەم توانایی  چڕینی دەنگی گۆرانیبیژ یان ژەنیارەکانەوە، یاخود بە دەستکاری کردنی چینە دەنگییەکانی ئەو گۆرانیبێژانەی، کە دەنگیان بە سروشتی ناساز و نەشیاوە بۆ گۆرانی چڕین، یاخود هیچ بنەمایەکی زانستیان بۆ هونەر و موزیک نییە، تەنها دەیانەوێت لە ڕێگەی گۆرانی ووتنەوە لە کۆمەڵگادا دەرکەون). ئەم جۆرە دەنگە ناسازانە لە ڕێگای ئەندازیاری دەنگەوە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی تەکنەلۆجیدا، کار بۆ ڕێکخستن و چاکسازی دەنگە ناسازەکان و تەواوی پرۆسەی موزیک دروستکردنەکە دەکرێت. چۆن؟!
بۆ نموونە: گەر گوێبیستی زۆرێک لەو گۆرانییانە لە ساتی پێش بە فیلتەر کردندا ببین، بڕواناکەم هیچ کەسێکی ئاسایی، هەست  بەو هەموو جیاوازییە نەکات، کە پاش پرۆسەی ئەندازەی دەنگی و فیلتەر کردندا روودەدەن. سەرەڕای ئەو لایەنەی، کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، لە ئێستادا تەواوی دنیادا هەمان گرفتە بوونی هەیە، بەڵام ئەو بەرهەمانەی، کە لە کوردستاندا بەرهەمدێت، تەنانەت سانا ترین میلۆدی، لە میلەتانی دیکەوە وەردەگیرێن، واتە: وەرگیراون و پرۆسەی کۆپی کردنن. لێرەدا بە تەواوەتی نەزۆکی و مەرگی هونەر لە نێو موزیکی ئەمڕۆژی کوردیدا دەبینین، چونکە ئەوانەی سەرقاڵی جۆرێک لە هونەرن بەتەواوەتی لە ئەفراندنی بەرهەمی (نا هونەری و ساختە)ش کەوتوون، چ جا بەرهەمهێنانی بەرهەمی هونەری باڵا!؟
مەبەست لە گۆرانی کۆپی چییە؟
بە شێوەیەکی گشتی ئەو بەرهەمانەی، کە کۆپی دەکرێن لە چەند بۆ کەناڵەوە ئاڕاستە دەکرێن:
• شەپۆلێکی پۆپی فارسی.
• شەپۆلێکی پۆپی تورکی.
• لەم دواییەدا شەپۆلی گۆرانی، عەرەبی،  یونانی و ھیندیشی بۆ زیاد بووە. زۆرینەی ئەو گۆرانیانەی، کە لە باشووری کوردستان بەرهەم دێن، (کۆپی و دەقا و دەق وەک خۆی) موزیکی ئەو میللەتانەن کە ناوم بردوون، تەنها بە گۆڕینی تێکستەکانی بە تێکستێکی کوردی، بە بڕوای خۆیان کارێکی هونەری سەردەمیانەیان ئەنجامداوە.  سەرەڕای  ئەم لایەن نێگەتیڤانە، ئەوەی دەبینرێت، بە هۆی نا ڕۆشنبیری موزیکی و هونەری، لە سەرەتادا لە لایەن چینێکی لە تەمەنی نێوان (١٢-٢٥) ساڵی کۆمەڵگەوە بەخێرای پێشوازییان لێدەکرێت و دەنگدانەوەیان لە سۆشیاڵ میدیا و ئەو تیڤییە بازرگانیانەکان دەبێت.
بە هۆکاری ئەوەی سۆشیاڵ میدیا خۆی پرۆسەیەکی بازرگانییە، کە مەبەست تێدا مارکێتین و قازانج و ڕاکێشانی بینەرە بۆ ڕیکڵامە بازرگانییەکان و بۆ ساغکردنەوەی ئەو کاڵایانەی، کە لە بازاڕدا هەن، لێرەدا ئامانجە بازرگانییەکان، ئامانجی سەرەکییە، نەک پرۆسەی پێشخستن و بەرهەمهێنانی موزیک بن.
بەڵام لەبەر لاوازی هونەری ئەم بەرهەمانە و ئەو هۆکارانەی لە سەرەوە خستمەڕوو، هەر بەهەمان خێرای پێشوازییەکە و زۆرجار بەخێراتریش لە لای گوێگران و هەوادارنی کۆن دەبن و بە خێرای بەسەر دەچن و بیردەچنەوە. چونکە پرۆسەکە ئامانجی موزیک نییە، بەلکو لایەنی دیکەیە، کە دیسانەوە بە هۆی قەیرانی نائاگایی و نا هۆشیاری ڕۆشنبیری گشتی، هۆکاری سەرەکی ئەم پرۆسەیەن. بەشێوەیەکی گشتی بەرهەمەکانی ئەم سەردەمە زۆر کەم خۆیان دەگرن و لە یادگەدا دەمیننەوە. لە راستیدا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی هونەری راستەقینە، مانەوە و نەمرییە بۆ چەندین سەدە، هەر وەک ئەو نموونە: باڵایانەی کە لە دنیاندا چەند سەدەیەکە لە نێو هزری خەڵکیدا ماونەتەوە.
لێرەدا دەگەینە هەمان بڕوای هیگڵ، کە دەربارەی هونەر لە سەردەمی مۆدیرنەدا دەیخاتەڕوو و دەڵێت: «لە سەردەمی مۆدیرنەدا، ئەوەی لە ناو دەچێت هونەر نییە، بەڵکو بەرهەمە هونەرییەکەیە». ئەم بڕوایە تەنها وابەستەی هونەرێک بەتایبەتی نییە بڕوای من تەواوی هونەرەجوانەکان لە هەمان ئەو قەیرانانەدان کە لە موزیکدا خرانەڕوو.
لێرەدا دیسانەوە دەپرسین بۆچی!؟
«لە دنیای مۆدێرنە سەختی ژیان و جیهانێكی ماتریاڵی و روکەشیدا، هەموو بوارەکان ڕووکەش دەکرێت، بۆ ئەوەی مۆرکی تازەگەرییان پێوە دیار بێت، پێویستە پۆشتە بکرێن، چونکە ناوەخنی و تۆکمەی لە مۆدێرنەدا کەمتر جێی دەبێتەوە.
بە نموونە:
دیسانەوە جەخت لەوە دەکەمەوە، کە لەو میلەتانەی کە خۆیان بەرهەم هێنەر و خولقێنەری مۆدێرنە نین، زیاتر بەکاربەر و لە ژێر کاریگەری هەژموونی مارکێتینی سەردەمی تەکنەلۆجیادان، «هەمیشە ئەو کاڵایانەی کە هەرزانن،  بازاڕیان زیاترە و لەو کاڵایانەی کوالێتی، براند و کاری دەستن (ھاندمەیدن)». ئاشکراییە هەر کاڵایەک باش بەرهەم نەهاتبێت بەزووی لە نێو دەچێت».
ئەم بابەتەش هەر هەمان پرۆسەیە. ئەتوانرێت  بوترێت ئەم بەرهەمانە لە بەر ئەوەی وەک ئەو کاڵا کۆپییانەن، کە لەسەریان نوسراوە (Mede in Chains). دڵنیام هەموو لەوە دەگەین ووڵاتی (چین) واتە (کۆپیکردن).
لە ڕاستیدا ھونەری موزیکی کوردی ئەمڕۆژی، لە نیو ئەم کارگە (چین)ییەدایە.
زیاتر ئەم بابەتە روونی دەکەمەوە: بە هۆکاری ئاسانی تێگەیشتن و هەرزانیان لە ڕووی زانستی و هونەری موزیکەوە، زۆرێک لەو گۆرانییەم کۆپیکراوانەی کە هەن، زیاتر لەلایەن گەنجانەوە پێشوازییان لێدەکرێت. بۆنموونە:
زۆرجار لە (سناپ چات) و (ئینستاگرام)دا زۆربەی گەنجان ڤیدیۆی خۆیان بەخستنە سەری فلتەری جۆراوجۆر، لەگەڵ وتنەوەی گۆرانیەکان بڵاو دەکەنەوە، زۆربەی کات لە یەکەم ڕۆژی بڵاو بونەوەی گۆرانییەکی نوێدا، لێشاوێک لەو ڤیدیۆ فلتەرانە تەواوی سنان چات دادەپۆشێ. ئەوەی جێی تێڕامانە: ئەم گۆرانیانە گەر بەراورد بکرێن لەگەڵ (سناپچات)دا زۆر نزیکن لە یەکدی، بۆ نموونە: مانەوەی ڤیدیۆ لە ستۆری سناپ چاتدا بیست و چوار کاتژمێرە، دواتر خۆکردەیی (ئۆتۆماتیکی) لە ستۆرییەکەیدا دەسڕێنەوە، لە هەمان کاتدا ئەگەر بڕوانینە تەمەنی ئەو بەرهەمانە، دەبینین هاوتای تەمەن و مانەوەی ڤیدیۆکانی (سناپ چات)ن و زۆر بە زووی لە یادگەدا نامێنن و لە بیر دەچنەوە. ئەگەر ورتر بروانرێتە ئەو فلتەرانەی، کە زۆر جار بۆ داپۆشینی کەم و کوڕییەکانی (شێوەی دەم و چاو، پەڵە) لەلایەن بەکاربەرانەوە بۆ ڤیدیۆکردنی ساتەکانی خۆیان بڵاو دەکرێنەوە، کە خودی کەسەکە دەزانێت ئەوە وێنەی راستەقینەی خۆی نییە، بەڵام خۆیەکی مەجازییە، ئەم جۆرە گۆرانییانەش شێوە مەجازین و بە هەمان شێوەن، چونکە خودی گۆرانیبێژەکانیش خاوەنی دەنگێکی مەجازیین و ئەو دەنگەی کە لە بەرهەمەکانیاندایە، دەنگی رەسەنی خۆیان نییە، بەڵام هێشتا دەیەوێت باوەڕ بەخۆی و خەڵکی بهێنێت، کە ئەوە دەنگی خۆیەتی. لێرەدا بابەتەکە و مەرگی هونەر و کۆتای هونەر لە سەردەمی تازەگەریدا تەواو ڕوونە.
ئەم شێوازە لە هونەری (ساختە) تەنها بواری موزیکی پۆپی کوردی نەگرتووە، بەڵکو ئێستا ئەکادیمی و خاوەن بروانامە باڵاکانیش، لە ڕێگایی ئەم تەکنەلۆجیاییەوە سەرقاڵی بەرهەمی ساختەن.
بە نموونە:
یەکێک لە پێش مەرج  و جوانی و سیماکانی موزیکی کلاسیکی ئەوروپی ئەوەیە، کە ئەو پارچە موزیکە جیهانیانەی دەژەندرێنەوە، پێویستە بە شێوەی زیندوو پێشکەش بکرێن.
دواتر ڤیدیۆی کارە بە زیندووی، وەک خۆی بێ دەسکاری و گۆڕانگاری پەخش دەکرێتەوە. کەچی لە کوردستان شاکارە موزیکییە کلاسیکییەکان، لە نێو ستۆدیۆکاندا بەو ڕێگە نەخوازراوەی، کە موزیکی پۆپ پێیدا دەگوزەرێ، لە ڕێگای فیلتەر و ئیفێکتەوە، هەموو کەم و کوڕی و کەم توانای ئاستی ژەنینی ژەنیارەکە چارەسەر دەکرێت.
بە نموونە:
ئەگەر هەندێک تەکنیکی پارچە موزیکەکە گەر دژوار بێت، لە ڕێگەی خاوکردنەوەی بەجێهێنانی موزیکەکەوە، پاش تۆمارکردن،   لە ڕێگای پرۆگرامەکانی وەک:
ئەدۆبئەدەیشن، پروتوڵس،لۆجیک… هتد بەجێهنانەکە خێرا دەکرێت و وەک پارچە موزیکە کلاسیکەکە، ئەمەش وەک ژەندنێکی ساختە و دروستکراوە لە هونەری کلاسیکی راستەقینەدا ڕێگەپێدراو نییە و جێگەی نابێتەوە.
ئەوەی لێرەدا وەک ڕێگەچارەیەک بۆ ئەم دەرەنجامە، ئەم بڕوایانە دەخەمەڕوو.
بەبڕوای من ئیدی ئەرکی هونەرمەند و موزسیانی ڕاستەقینەیە ئەوەیە، بە بەرهەم و داهێنانی نوێ و خولقاندنی هونەری راستەقینە، ڕۆشنبیری موزیکی تاکی کورد بەرز بکاتەوە. دواجار خۆی نەبێتە بەشێک لە هونەری ساختە و ئەو کلتوری بازاڕییەی کە ئێستا لە باشووری کوردستاندا دەگوزەرێت. بە بروای من تەنها ئەم لایەنە دەتوانێت کاریگەربێت و  ئیدی زۆرینەی کۆمەڵگای کوردی گوێ لە هونەری کرچ و کاڵ  نەگرن، ئیدی وا بکەن، کە خەڵکی بە دوای ھونەری ئاڤانگارد (پێشڕەو) و دانسقەدا وێڵبن، گوێگری ئەو بەرهەمانە بن، کە توانای مانەوەو خۆراگرتنیان هەیە و دوای نەمانی خودی هونەرمەندەکەش، بەرهەمەکانیان هەر بەزیندوی دەمێننەوە.
بۆ ئەمە نمونەی زۆر لە موزیکی کوردیدا هەن، گەرچی ئاستی تۆمارکردن و ژەندن و زۆر لایەنی زۆر لاوازە، کەچی سەرەرای ئەوە توانای مانەوەیان هەبووە و لە یادگەی تاکی کورددا ماوەتەوە.
گەرچی لە دنیادا هونەرمەند پێشڕەوی ڕۆشنبیرین و خەڵک دوای بڕواکانیان دەکەوێت، بەڵام بە بڕوای من لە کوردستاندا، بۆ سەرەتای ئەم وەرچەخانە پێویستە سەرەتا کار لە سەر بەرزکرنەوەی ڕۆشنبیری خودی موزسیانان بکرێت، کە خۆشیان گوێ لە ھونەری (هەرزە_ کیچ) نەگرن و، تواناکانیان لە دروستکردنی کاری  ھونەری کاڵ و کرچ بەفیڕۆ نەدەن. لە پاش ئەوە زۆر گرنگە موزسیانی کورد، ڕێز لە کەسایەتی ھونەری و ماندوو بونی ھونەرییان خۆیان بگرن و لە پشتی هەموو کەسێکەوە نەوەستن و نەژەنن، نە بنە کەڤەر و باکگراوندی ناسازترین گۆرانیبێژی کۆمەڵگاکەیان.
پێویستە باش لەوە بگەن،  لە دنیای مۆدێرنەدا (ھونەری هەرزان) وەک کاڵای هەرزان، بازاڕی زۆر گەرمە، بەڵام تەمەنیان زۆرکورتە، بۆیە پێویستە  تواناکان و ووزەکانیان لە ھونەری پێشرەو (ئاڤانگارد) و جاویدانیدا بەکاربەرن. هونەر و تواناکانیان هەرزان فرۆش نەکەن و نەبنە بەشێک لە داتەپینی ھونەری موزیکی میلەتەکەیان، تەنها بەمە کۆتایی بەم کۆتایی هونەرە دێت و سەردەمێکی نوێی موزیکی کوردی دەست پێدەکاتەوە.

بروانە کتێبی موزیک چییە؟
نوسینی توانا حەمە

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان