" type="text/css" > Skip to main content

سەنگەر حسەین

لیۆن بەهار یەکەم خەڵاتی بەدەستهێنا – خەڵاتی باشترین کۆمپۆزەری موزیک بۆ کورتە فیلم ئەنیمەیشن (زە سینس ئۆف زە ئپسینس)، لە دەرهێنانی دووخانمی بەڕیتانی؛ سۆفی دایگ و تالیا سێلەرس، لە ئیندی هاوس فیلم فێستیڤاڵ بەرشەلۆنە، ئیسپانیا. جگە لەم فیلمە لیۆن بەهار موزیکی داڕشتوە بۆ شەش فیلمی تر، لەوانە دوانیان لە دەرهێنانی باوکیەتی، کەی بەهار، بۆ فیلمی (من لە کوی بووم؟) و فیلمی (سکاڵا).
لیۆن بەهار، تەمەنی بیست و سێ ساڵە، موزیکژەنی ئامێری گیتار و پیانۆیە و پسپۆڕە لە داڕشتن موزیک بۆ فیلم و کاردەکات وەکو موزیک کۆمپۆزەر. لیۆن لەدایکبووی لەندەنە و هەر لەوێش دەژێت. باوکی کوردە – کەی بەهار، و دایکی ئینگلیزە، جۆزی بەهار. هەر لە تەمەنێکی ناسکەوە، بە دوو ساڵی لیۆن هەستی موزیکی تێدا بەدیت دەکرا و باوک و دایکی پاڵپشتی بوون لە خواستی زیاتر بەدواداچوون و پێگەیشتن وەکو موزیک ژەنێکی پڕۆفێشناڵ. بۆ ئەم مەبەستە، لە منداڵیەوە لێۆن وانەی تایبەتی وەرگرت لە فێربوونی گیتار ژەنین، ئەمە جگە لەوانەکانی ناو قوتابخانە، و لە دواییشدا خوێندنی بەکالۆریۆسی تەواوکرد بە پلەی یەکەم لە زانکۆی لیدز کۆنسیرڤێتوا بۆ موزیک، لە بەڕیتانیا، لە بەشی موزیک داڕشتن بۆ فیلم – کۆمپۆزەر.


لەپاڵ ئەمەشدا، لیۆن گۆرانی و ئاوازی تایبەت دەنوسێتەوە، بۆ ئێستا بە زمانی ئینگلیزی چونکە خواستی پێناسەی جیهانی هەیە و دەیەوێت هەواداری زۆری هەبێت، پێش بەوەی بە کوردیش گۆرانی بڵیت. هەر بۆ ئەم مەبەستە تاکو ئیستا شەش گۆرانی بڵاوکردۆتەوە لە پلاتفۆرمی سپۆتیفای، لەژێر ناونیشان (ڤاڤو و مەیک چەنیج)، هەموو لە ئاواز و دارشتن خۆی، و دەیان نموونەی کارەکانی داناوە لە سەر سایتەکەی:
www.leonbahar.com
دوای تەواو خۆ-ڕاهێنان لە گیتار ژەنین لیۆن خووی دا بە پیانو و بە ماوەی چەند مانگێک ئاستی ژەنینی پیانۆی بەرز بووەوە. وەکو موزیکارێک، لیۆن شارەزایی لە پیانۆ ژەنین بە گرنگ دەزانێت بۆ کاری داڕشتن موزیک، بەتایبەت بۆ فیلم، و دەڵیت زۆربەی کۆمپۆزەرە ناودارەکانی جیهان وەکو هانس زیمەر و جۆن ولیامس، بەهەمان شێوە کاردەکەن، پیشەکی لەسەر ئامێری پیانۆ موزیکەکە دادەڕژن و دوای بەوە دەکرێن بە ئۆرکێسترا. جگە لە پیانۆ ئێستا لیۆن خەریکی فێربوونی ژەنین ڤایۆلینە، و هیوای وایە لە ساڵانی داهاتوودا خۆی فێری چەند ئامیرێکی تریش بکات و هەروەها وەکو بەڕێوەبەری سیمفۆنیا و ئۆرکێسترا کاربکات وەکو کۆندەکتەر. ئەمە جگە لەوەی لیۆن خەونەکانی بەرزن بۆ موزیک دارشتن بۆ فیلم بە ئاستیکی بەناوبانگ و هیوای وایە لەناو کوردا کۆمپۆزەریکی ئاست جیهانیمان هەبیت.


شانبەشان موزیک، بۆ چەندان ساڵ لیۆن وەکو ئەکتەر خوێندنی دڕامای کرد لە خوێندنگای تایبەت، ستەیج کەوچ، و بوو بە ئەندام لە تیپی شانۆ-موزیکالی لاوانی زەنیس لە شاری باس بۆ ماوەی پێنج ساڵ چەندان شانۆگەریان پیشکەش کرد. ئەو کارانەی زیاتر خۆشەویستن لای لیۆن کە ڕۆڵی تێدابینیوە، (داماوەکان – لێمیزرابل)-ی ڤیکتۆر هوگۆ، و (ئۆلیڤەر)-ی چاڕلس دیکنس، کە ڕۆلی فەیگەنی تێدا بینی بەئاستیکی زۆر سەرکەوتوو. ئێستاش هیوای ڵیۆن ئەوەیە کەوا بتوانێت گەلێک زیاتر موزیک داڕشتن بکات هەروەها بۆ دڕاما و فیلمی کوردی و کاربکات لە هەرێمی کوردستان لە گەڵ بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانی کورد.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.