" type="text/css" > Skip to main content

ئامادەکردنی: حەسەن فلاح

فرانز پیتەر شوبێرت، ئاوازدانەری بەناوبانگی نەمسا و جیهان، لە 31ی کانونی دووەمی 1797، لە وڵاتی نەمسا لەدایکبووە.

فرانز شوبێرت، لە خێزانێکی موزیکییدا هاتووەتە دونیاوە، دوازدەمین منداڵی خێزانەکەیەتی، لە تەمەنی حەوت ساڵییدا، توانا هونەرییەکەی لەسەر دەستی ئاوازدانەری ئیتاڵی، ئانتۆنیۆ سالیەری، دەدۆزرێتەوە و پەروەردەی موزیک فێردەبێت، شوبێرت، بە ئامێری کەمان، دەست بە گەشتە موزیکییەکەی دەکات.

لەژێر رابەرایەتیی سالیەرییدا، شوبێرت چەندین موزیک و گۆرانی و چوارینە بەرهەمدەهێنێت، لە تەمەنی 17 ساڵییدا، بە وەرگرتنی ئیلهام لە تێکستی شاعیری بەناوبانگی ئەڵمانی، گۆتە، شاکاری موزیکیی خۆی بەرهەمدەهێنێت.

ساڵی 1815، لە تەمەنی 18 ساڵییدا، شوبێرت زیاتر لە 20 هەزار نۆتەی موزیکیی دەنووسێتەوە، کە نۆ لەوانە، بەرهەمی کڵێسان، سیمفۆنیایەک و 150 گۆرانی لەخۆدەگرن.

لە تەمەنی 19 ساڵییدا، شوبێرت لەبەردەم دوو شاڕێی موزیک و یاسادا خۆی دەبینێتەوە، دەبێت بە خوێندکاری بەشی یاسا و سیمفۆنیای ژمارە پێنجیش دادەنێت، ئەمەش وا دەکات، دەستبەرداری خوێندنەکەی ببێت و بەتەواوەتی، خۆی بۆ جیهانی موزیک تەرخان بکات.

شوبێرت لە ئاستی کۆمەڵایەتییدا، ناوبانگێکی گەورەی هەبووە، هاوڕێی زۆر بووە، زۆرینەی کاتەکان، هاودەمییان کردووە و لەگەڵیدا گەشتیانکردووە و سەرنجیان لەسەر موزیکەکانی دەربڕیوە.

شوبێرت ئاشقی توانای موزیکیی مۆزارت بووە، هەمیشە ستایشی ئەم ئاوازدانەرەی کردووە، هاوکات، هەریەک لە موزیکەکانی براهمس و ریچارد شتراوس، کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە و سەرهەڵدانی قۆناغی رۆمانتیکی موزیک، شوبێرت بەرەو موزیکی دڵتەنگ دەبات.

بەگوێرەی لێکدانەوەی رەخنەگرانی موزیک و گوێگران، سیمفۆنیای ژمارە نۆ، مەزنترین سیمفۆنیا و کاری موزیکیی شوبێرتە، کە ساڵی 1824، بە گوتەی خۆی، ئامادەکاریی کردووە بۆ نووسینەوەی مەزنترین سیمفۆنیا.

لە ئاستی دروستکردنی کاریگەریی لەسەر هەستە جیاوازەکانی مرۆڤ، شوبێرت خاوەنی هەگبەیەکی زەنگین و دەوڵەمەندە، کاری لەسەر نەرمی، دراما، سروشت، دڵتەنگی و رقی مرۆڤ کردووە.

لە دواین ساتەکانی ژیانیدا و لەگەڵ دوچاربوونی بە نەخۆشی، شوبێرت بەردەوام دەبێت لە دانانی موزیک و 24 بەرهەم لە دوایین ساتەکانی ژیانیدا دەنووسێت.

رێکەوتی 19ی تشرینی دووەمی ساڵی 1828، لە تەمەنی 31 ساڵییدا و لە ترۆپکی گەنجێتییدا، شوبێرت کۆچی دوایی دەکات و لە تەنیشت گۆڕی ئاوازدانەران، بیتهۆڤن، یۆهان شتراوسی دووەم و یۆهانێس براهمس دەنێژرێت.

فرانز شوبێرت، لە تێکڕای ژیانی موزیکیی خۆیدا، زیاتر لە هەزار و 500 کاری موزیکیی ئەنجامداوە، زۆرترین کارەکانی بۆ گۆرانیی تاک هاوشانی پیانۆ نووسیوە، کە بەنزیکەی 630 بەرهەمن.

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.