" type="text/css" > Skip to main content

نوسینی: توانا حەمە

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران (ئایەتوڵا خومەینی) لە ساڵی ١٩٧٩دا، ھەندێک بنەماڵەی موزیکی، موزیکژەن و گۆرانیبێژی سونەتی ئەستێرەی بەختیان لە ئاسمانی موزیکی ئێرانیدا دەرکەوت. باشترە بلێم: گۆڕەپانی موزیکیان بۆ چۆڵکراو خۆیان بوونە سوارچاکی موزیکی سونەتی و کلاسیکی ئێرانی.

لەوانە: پورنازری، کامکاران، عندلیبی،.. ھتد. لە ناو ئەمانەدا یەکێک لە دیارترین گۆرانیبێژانی ئەو سەردەمە (محمد رضا شجریان) بوو، دواتر بە ھۆکاری تواناکانی و (فارس زمان) بوونی، بووە سەرتۆپ و پێشەنگی موزیکی ئێرانی، وەک خۆیان پێی دەڵێین: (خوسرەوی ئاوازی ئێرانی).

گەرچی ئێران خاوەنی شارستانیەتیەکی دێرینی نێو مێژووە، لە نێو ئەو مێژووەدا موزیک پانتاییەکی فراوانی نێو ئەم شارستانییەتەی داگیرکردووە. تەنانەت لە ئەدەبیات، ئەفسانە و چیرۆکەکاندا کارەکتەری موزیک پێگەیەکی بڵندی ھەیە، موزیکژەنانی وەک: (نەکیسا و بەربود) نموونەی ئەفسانەیی و باڵای ئەو فەرھەنگەن. بەڵام بە ھۆی فرە کلتوری تەنھا (فارسی زمانەکان) خاوەنی موزیکی ئەم نەتەوەیە نیین، کورد، تورک، عەرەب، بلوچ… ھتد. لە نێو ئەم نەتەوانەدا کورد بەشێکی ھەر زۆری ئەم فەرھەنگە پێک دەھێنێت. شەجەریان گەرچی لە ١٩ ساڵییەوە لە نێو کایەی موزیکی ئێران دەرکەوت، بەڵام بە بروای من ئەگەر شۆڕشی ئیسلامی نەبوایە، نەیدەتوانی ئەم پێگەیە و دەرکەوتینی ھەبوایە، کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامی بە دەستی ھێنا. چونکە لە مێژووی موزیکی سەد ساڵ لەمەوبەر موزیکی ئێرانی لە ژێر ھەژموونی موزیکی رۆژئاواییدا بوو، بە تەواوەتی ناسنامەی (ڕۆژھەڵاتی و سونەتی) لە دەستدا بوو، جۆرێک لە پۆپ موزیکی ئێرانی و پۆپ سونەتی ھاتبووە گۆرێ کە: (بنان، ڤگین، عاریف، ستار، مازیار، گوگوش، داریوش، فریدون، مھستی، ھایدە… ھتد)، پێشەنگی ئەو رەوتە بوون.

 بەڵام بە نەمانی دەسەڵاتی (شا) و شۆڕشی ئیسلامی زۆرێک لەمانە تەختی شانۆیی ئێرانیان جێھێشت، بەمە جگە لەوەی بۆشاییەکی گەورەی نێو کایەیی موزیکی دروست بوو، لەگەڵیدا شۆڕشەکە موزیکی یاساغکرد، دەیان ئامێر سوتێنران و شکێندران، چەندین هونەرمەند و گۆرانیبێژی ئەو سەردەمە پارچە پارچە کران. ئەگەر یەکێک لە ھونەرمەندانی قوربانی گۆڕانکاری سیاسییەکانی، کە لە دوای کودەتای ئیسلامی ١٩٧٩ی ئێران، سەید زەبیحی نمونەیەکی پڕتراژیدییە و وێنای ئەو سەردەمەمان بە ئاسانی نیشان دەدات، چونکە زەبیحی نەک ھەر سیاسی نەبوو، بەڵکو کەسێکی ئاینی شیعە مەزھەب بوو، ئەو تەنھا قورئان دەخوێند و، ستایشی ئاینی بەسەر ئیمامی عەلی و ئاینی ئیسلامدا دەچڕی.

لە دوای کودەتا ئیسلامییەکە یەکێک لەو کەسانەی کە لە کونجی زیندانەکانی شۆڕش و نەیارانی شۆڕشی ئیسلامی خزێنرا زەبیحی بوو، تاکە ھۆکاریش ئەوە بوو، کە #زەبیحی لە رادیۆی تاران و لەسەردەمی شادا، ستایش و قورئانی خوێندووە. 

زەبیحی

ئەوەی کە بووە پاساو و دۆخەکەی لەسەر زەبیحی توند کرد، ئەوە بوو کە زەبیحی، زۆرجار ئامێری میوزیکی لە ساتی چڕینی موناجاتی ئاینییەکانی ھاوشانی کردووە. (ئاشکرایە ئەمە لە ئاینی ئیسلامدا رێگە پێدراو و نیە و حەرامە).

ئەمە دەبێتە پاساوێک، نەک تەنھا شۆڕشی ئیسلامی رێی بە خۆیدا زیندانی بکات، بەڵکو دوای ئازاکردنی بە ماوەیەکی کورت، لە پاشنیوەڕۆیەکی ١٥ی تەموزی ١٩٨١ لەلایەن گروپێکی راسپێردراوی (کودەتا چییەکانەوە، دەکوژرێت و بەوەشەوە ناوەستن بەڵکو (لاشەکەیان پارچە پارچە)کرد، پاشان وێنەی پارچە پارچەکراوی لە رۆژنامەی کەیھاندا بڵاو کرایەوە. 

بە بڕوای من زەبیحی یەکێکە لە باشترین دەنگبێژانی ئێرانی و کارامەی لە چڕینی مقامدا ھاوئاستی (شەجەریان) و زۆرێکی دی لە گۆرانیبێژە دیارەکانی موزیکی سونەتی ئێرانە. قوربانییەکە لە نێو مێژووی موزیک و یادەوەری ئێرانییەکاندا بیرناچێتەوە. جگە لە زەبیحی  بە نموونە: موزیکدانەر و موزسیانی گەورەی کورد ھوشەنگ کامکار دەربارەی ئەم سەردەمە و باوکی دەڵێت:

«پاش شۆڕشی گەلانی ئێران، فێرگەکەی باوکم لە سنە، توونا بوو و لە ناو چوو. هەمووی ئامێرەکانی، کە هەمووی گیان و دنیای بوون، لە بەرچاویا سووتێنران و شکێندران. باوکم لەو ڕۆژانەیا لە گەڵ ئامێرەکانی، لە دڵی شارەکەیا، سنە، قاقنەس‌ئاسا، سووتا بەڵام خۆڵەمێشەکەی، نەک قاقنەسێک، بگرە هەزاران قاقنەسی تری لێبووەوە. کاتێک خۆم ئەخەمە جێی باوکم، هەستم وایە کە هیچ شتێک لەو ڕووداوە، پڕ ئێشتر و زامناکتر نەبوو بۆ کەسێکی وەک ئەو. شکێندرانی ئامێرەکانی، جەستە و گیانی، پێکەوە شکاند و بردییە ناو شۆکێکی …

…شۆڕش بێ موزیک و ھونەر نابێت، بۆیە بە ناچاری دەستی کرد بە گەڕان بە دوای ئەو دەنگ و ستایلانەی کە ناسنامەی موزیکی ئێرانیان ھەیە و تاڕادەیەک (تەسەوفین) و (جۆرێک لە سۆفیستانە) لە موزیک دەڕوانن، لە ھەمان کاتدا زیندوو کردنەوەی فەرھەنگی موزیکی سونەتی: (میرزا عبدوڵا، علی نقی وزیری، ئەبولحسن سەبا… ھتد)، ئەم جۆرە لە موزیک و تێکستی گۆرانییەکانیان تێکستی: (حافز، سعدی، مولوی ..ھتد)ن، تارادەیەکی زۆر باش لە ڕوی رەوشتی ئیسلامی و کۆمەڵایەتییەوە لە ھەمان کاتدا لەگەڵ سیستەمی ئیسلامیدا زۆر بەباشی دەگونجێت.

بۆیە ئیدی لەو رۆژەوە گرێی بەختی ئەو بنەماڵانە و چەند گۆرانیبێژێکی ئێرانی فارسی زمان کرایەوە، گەرچی بەشێکی زۆر لە موزیسیان و بنەماڵە موزیکیە باشەکان، کورد یان تورک (ئازەر) بوون، بەڵام ئەمانە لە چاو (فارس) زمانەکاندا بەخت یاوەریان نەبوو، بە خوسرەی ئاوازی ئێرانی ناودێرنەکران . ئەم گۆڕەپانە چۆڵە و ھەم توانای دەنگی شەجەریان، ھەم زمانە فارسییەکەی و ناسنامەی نەتەوەییەکەی بووە ھۆی ئەوەی کە ئیدی ببێت بە (خوسرەوی ئاوازی ئێران).

گەرچی بە بروای من موزیکی ئێران (خەسرەو گەلێکی ئاوازی ھەیە)، بەڵام ئیدی سیستەمەکە شەجەریانی کردە پێشەنگی ھەموان [لەگەڵ ئەمانەشدا توانای دەنگی هونەری بەرزی شەجەریان نکۆڵی لێناکرێت]. بەڵام پرسیارەکەی ئێمە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەگەر شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی نەبوایە، شەجەریان ئەم پێگەیەی دەبوو؟ ئایا موزیکی پۆپ سونەتی فارسی و کوچەبازاڕی، سەردەمی (شاە) لێ دەگەڕا ئەو جۆرە موزیک ببێتە پێشەنگ!؟ 

بە بڕوای من نەخێر، چونکە زۆرینەی جار ئەوە سیستەمی سیاسییە کە بڕیار دەدات کێ پێشەنگ بێت! کێ ببێتە نموونەی باڵا. زۆر جار تواناکان و رۆشنبیری موزیک و جۆرەکانی ئەو بڕیارە نادەن. بۆیە ئەگەر بەشێکی تواناکانی شەجەریان ھۆکاربن، بەشەکەی دیکە شۆڕشی ئیسلامی بوو، ئەو کردە (خوسرەوی ئاواز)ی ئێرانی، بنەماڵەکانی دی بوونە پاش ناو و پاشکۆی (شەجەریان)، کە دەشێت ھەندێکیان زیاتر لە شەجەریان شایستەی ئەو نازناوەبن. پرسیارێکی دی ئایا نەتەوەکانی دیکە بۆ نەبوونە (خوسرەوی ئاواز)!؟ بە نموونە: کامکارەکان؟ ئایا گەر (کورد) نەبوونایە!؟ بە فارسی گۆرانیان بگوتایە!؟ چۆن دەبوو!؟ گریمان ئەوان خوسرەوێک بن، ئەی بێ شۆڕشی ئێرانی (خوسرەو) دەبوون!؟

بەمە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی گۆڕانکاری سیاسی کاریگەری لە سەر ھەموو کایەکان جێ دەھێڵێت و موزیکیش وەک بەشێکی ئەم کایەیە دەکەوێتە ژێر ھەژموونی دەسەڵاتی سیاسی و (سیاسەتی کلتوری) ئەو دەسەڵاتەی کە حوکمڕانی دەکات، دواجار سیستەمەکە ئەو بڕیارە دەدات کێ پێشەنگ بێت.

تێبینی: * ئەو پەرەگرافەی دەربارەی (ئوستاز حسن کامکار) کە ئاماژەم پێداوە. ھونەرمەندی گەورە ھوشەنگ کامکار: لە والی خۆی لە یادی باوکیدا داینا بوو.

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان