" type="text/css" > Skip to main content

نەبەز ئەحمەد
:لای کانت موزیک چێژە نەک ڕۆشنبیریی، (بۆیە لای هەندێ) دەکەوێتە دوای هونەرەکانی تری شیعر و نیگارکێشانەوە. بڕوانە: ( فریدریک نیتشە، عوسمان یاسین ـ ل ۷۲ ) بەڵام کەدەڵێن دەکەوێتە دوای هونەرەکانی ترەوە! جێی قسەیە و من دەمەوێت کەمێک ئەم زانیارییە ڕاست بکەمەوە بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی سەرەکی کتێبەکەی کانت خۆی واتە- نقد قوە حکم، کە سەرچاوەی کوردی (ئیستاتیکا فەلسەفەی جوانی و هونەر- کەمال میراودەلی ١٩٧٩ ) کاک عوسمان یاسین ی خستۆتە ئەم هەڵەوە، ئیتر نازانم د. کەمال میراودەلی پشتی بە چ سەرچاوەیەک بەستووە. چونکە موزیک دەکەوێتە نێوان شیعر و هونەری نیگارکێشانەوە، نەک بکەوێتە دوای ئەوان، هەروەها کەمێک لەو بەڵگانەش دەخەینەڕوو کە کانت پشتیان پێدەبەستێ بۆ ئەم ڕیزبەندییە. هەروەها ( فلیپ نمو لە بابەتی فەلسەفە و موزیک کە علی وکیلی وەریگێڕاوە بۆ زمانی فارسی و- ئێمە لەم نووسینەدا چەند جارێک گەڕاوینەتەوە بۆی- کەوتۆتە هەمان هەڵەوە.
هەڵبەتە لای کانت شیعر پێگەی یەکەمی هەیە، چونکە شیعر زەین بەو ئاقارەدا پەرە پێدەدات کە هێزی خەیاڵ ئازاد دەکات، ئەو وێنانەی پێشکەشی دەکات هێندە بە ئەندێشەوە گرێیان دەدات کە بە هیچ لەبزێکی تر دەرنابڕرێن، بێگومان زەین لە ئاراستەیەکی جوانی ناسییەوە بەرەو ئایدیا بەرزەکان دەبات، شیعر زەین بەهیز دەکات لەڕێی ناچارکردن بە هەستکردن بە هێزێکی ئازاد، خۆ بزوێن و سەربەخۆ لە سروشت. بڕوانە؛ نقد قوە حکم ل ٢٧٠
کانت دەڵێت: ” لە دوای شیعر ئەگەر پێوەر ڕاکێشان و بە جوڵە خستنی زەین بێت، من هونەرێک کە لە هەموو هونەرەکانیتر لە هونەری گوتار نزیکترە و بە شێوەیەکی زۆر سروشتی دەتوانێت لەگەڵیان یەکبێتەوە، واتە هونەری ئاواز (موزیک) دادەنێم، چونکە ئەم هونەرە بە پێچەوانەی شیعرەوە شتێک بۆ تێڕامان ناهێڵێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زەین بە ڕێگای جۆراوجۆرتر و توندتر، ئەگەرچی تەنها بە ئاراستەیەکی تێپەڕ، دەیبزوێنێ و دەیخاتە گەڕ. لە هەمانکاتدا ئەم هونەرە زیاتر چێژە نەک ڕۆشنبیری ( گەمەی ئەندێشەش کە لە موزیکدا دروست دەبێت دەربڕێکی تەواو میکانیکییە) لە داوەری عەقڵیشدا بەهای لە هەر هونەرێک لە هونەرە جوانەکان کەمترە ” نقد قوە حکم ل ٢٧٢ ” ئەگەر بەهای هونەرە جوانەکان بە پێی ڕۆڵیان لە ڕۆشنبیرییدا لەبەرچاو بگیرێت. موزیک نزمترین شوێن دەگرێ. بە پێچەوانەوە ڕەنگە باڵاترین شوێنیش داگیر بکات لەنێوان هونەر گەلێکدا کە لە ڕوی چێژو خۆشییەوە بایەخیان بۆ دادەنرێت”نقد قوە حکم، ایمانوئل کانت، ترجمە عبدالکریم رشیدیان، ل٢٧٤
هەروەها کانت دەڵێت: ” ئەم دوو جۆرە هونەرە ( مەبەست لە موزیک و پەیکەرتاشییە) دوو ڕێی تەواو جیاوزیان هەیە، یەکەمیان (واتە موزیک) لە کاریگەریی هەستەکییەوە بەرە و ئایدیا نادیاریکراوەکان دەڕوات، دووەمیان لە ئایدیا دیاریکراوەکانەوە بەرە و کاریگەریی هەستەکی دەڕوات. دەستەی دووەمیان سەرنجگەلێک کە دەمێنێتەوە و دەستەی یەکەمیان سەرنجگەلی تێپەڕ دروست دەکات”. (هەمان سەرچاوە و لاپەڕە)
کەواتە لێرەدا دوو شتمان بۆ ڕوون دەبێتەوە یەکەم: پێگەی موزیک دەکەوێتە نێوان شیعر و هونەری نیگارکێشانەوە پلەی دووەمی هەیە لای کانت ئەگەر پێوەر ڕاکێشان و بە جوڵە خستنی زەین بێت.
دووەم: ئەگەر چێژ پێوەر بێت موزیک پێگەی یەکەم داگیر دەکات. بەم پێیە ئاشکرایە لای کانت بەهۆی جیاوازی پێوەرەوە موزیک پلەی دووەم وەردەگرێت، پێوەریش تەنها هزرە و ئایدیا بەرزەکانە. بەڵام ئەگەر عەقل پێوەربێت ئەوا موزیک نزمترین پلەی هەیە. تەنانەت کانت دەڵێت: موزیک بەهۆی تایبەتمەندیی ئامرازەکانیەوە، تا ڕادەیەک بێ ڕەوشتانەیە چونکە کاریگەریی خۆی زیاد لە پێویست دەخاتە سەر دەرودراوسێ و ئازادی کەسانێکیتر پیشێل دەکات کە سەر بە کۆڕ و کۆمەڵی موزیک نین و بێزاریان دەکات. بەڵام ئەو هونەرانەی کە بە چاوەوە پەیوەندییان هەیە وەها کارێک ناکەن، چونکە کاتێ نەمانەوێت بکەوینە ژێر کاریگەرییانەوە ئەوەندە بەسە کە چاویان لەسەر لابەین. بەڵام موزیک تەقریبەن وەکو چێژی بۆنێک وایە کە بە شێوەیەکی فراوان خۆی بڵاو دەکاتەوە. سەبارەت بە هونەرەکانی پەیکەرتاشیش من هونەری نیگارکێشان بە لەبەر تر دادەنێم. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل ٢٧٤-٢٧٥
بەڵام سەڕەڕای هەموو ئەمانە کاتێ کانت دەڵێت موزیک لە ڕێگەی کاریگەریی هەستەکییەوە بۆ ئایدیای دیارینەکراو دەڕوات، بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە بایەخی موزیک چەند هێندە بێتەوە. چونکە دواجار موزیک لە تێگەیشتنی کانت دا دەتوانێ زەین و بیری ئێمە هانبدات بۆ بیرکردنەوە و داهێنان بۆ تێپەڕین لە ئایدیا باو و دیاریکراوەکان، بۆ گومان خستنە سەر ڕاستییە چەق بەستووەکان، بۆ تێپەڕاندی ئەو هەقیقەتانەی ژەنگیان هەڵهێناوە بەڵام دەستبەرداربوونیان بە تاوان هەژمار دەکرێت. دنەدان و بەگەڕخستنی زەین و تێڕامان زەمینەی بیرکردنەوە و تێپەڕاندن و هزری نوێ دەڕەخسێنێ و ئەگەری بیری نوێ و داهێنان و فەلسەفە دەڕسکینێت. هەروەهای لای کانت موزیک لە ئایدیایەکی دیاریکراوەوە دانابەزێتە سەر هەستەکان وەکو لە هونەری نیگارکێشاندا ئەمە ڕوودەدات، واتە هونەری وێنەکێشان دەشێت لە خزمەتی ئایدیایەکی تایبەت و دیاریکراودا بێت و لەڕێی کاریگەریی و پەستان خستنەسەر هەستەکانەوە، بۆ ئایدیا و بیرێکی تایبەتمان راکێشێت و بیرمان داپۆشێت، بەڵام موزیک بەو پێیەی لە کارکردنەسەر هەستەکان بۆ ئایدیای دیارینەکراو و چاوەڕوان نەکراو دەمانبات دەشێت زەینمان ئازاد کات نەک داپۆشێت و ڕێڕەوی بیرکردنەوەمان دەگۆرێت نەک بیسەپێنێت. هەر لێرەیشەوەیە موزیک لای شۆپنهاوەر و نیچە بایەخی فەلسەفی قوڵ پەیدا دەکات. کەواتە ئەوەی موزیک لای شۆپنهاوەر دەیخەمڵێنێت، پێشتر لای کانت چەکەرەی کردووە.

بەشی بکە لە:
توانا حەمە

دامەزرێنەی دیجیتاڵ میدیای موزیکناس، ئێثنۆمیوزیکۆلۆجیست، نوسەر و موزسیان