" type="text/css" > Skip to main content

نووسینى: میر ئه‌كبه‌ر كه‌ریم

 

هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ناوهێنانى ته‌نبوور خۆنه‌ویستانه‌ ئه‌م ناوه‌ دێته‌ بیرو هۆشمان, زۆرێك له‌ ته‌نبوور ژه‌نانیش به‌ تایبه‌ت له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان و باشوورى كوردستان له‌ خۆشه‌ویستییان بۆ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ هه‌ڵكه‌وته‌یه‌ واى لێ كردوون فێری ته‌نبوور ببن.
ناوى ته‌واوى سه‌ید خه‌لیل شاموراد عالى نه‌ژاده‌، له‌ ساڵی 1957ز له‌ شارى سه‌حنه‌ى سه‌ر به‌ پارێزگاى كرماشان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كى هونه‌ردۆستى یارسانى له‌دایك بووه‌، نه‌وه‌ى یه‌كێك له‌ پیره‌ دیاره‌كانى یارسانه‌ به‌ناوى (ئالى قه‌له‌نده‌ر)، به‌هۆی باوكیه‌وه‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ ئاشنایه‌تى له‌گه‌ڵ ئامێرى ته‌نبووردا په‌یدا كردووه‌ و فێری ژه‌نینى بووه‌، له‌ ته‌مه‌نی مێردمنداڵیدا له‌ لاى مامۆستایان ده‌روێش ئه‌میری حه‌یاتى، سه‌ید امرالله شائیبراهیمی, عابه‌دین خادمى، سه‌ید نادر تاهیری وانه‌ى فێربوونى ته‌نبووری خوێندووه‌، هه‌روه‌ها ده‌ف له‌ لاى نادر نادرى فێر ده‌بێت و ئامێری تاریش له‌ لاى كه‌یخه‌سره‌و پورنازرى، له‌ بوارى ده‌نگبێژیشدا ده‌نگێكى گه‌لێك خۆش و پڕ سۆزى هه‌بووه‌, ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى شاره‌زاى ئامێره‌كانى سێتار و نه‌ى و ساز و چه‌ندین ئامێری دیكه‌ش بووه‌، پاشان لاى میرزا حسێن خادمى فێری ره‌دیف و ده‌ستگا ئێرانییه‌كان بووه‌, خۆیشی چه‌ندین فێرخوازى بۆ فێربوونى موزیك و ده‌نگبێژی پێگه‌یاندووه‌.
له‌ كۆتایی ساڵانى حه‌فتاكان زانكۆى هونه‌رى تاران ته‌واو ده‌كات و ده‌بێته‌ سه‌رپه‌رشتیارى زۆرێك له‌ گروپه‌كانى ته‌نبوور له‌ كرماشان و ده‌وروبه‌رى، به‌ تایبه‌ت (گروپی شه‌مس) كه‌ له‌ ته‌مه‌نى لاوێتی سه‌ید خه‌لیلدا له‌سه‌ر ده‌ستى كه‌یخه‌سره‌و پورنازرى دامه‌زراوه‌، پاشان له‌ ساڵانى دواتردا سه‌ید خه‌لیل خۆى گروپێك داده‌مه‌زرێنێت به‌ناوى (گروپی بابا تاهیر)، كه‌ چه‌ندین چالاكى و كۆنسێرت به‌ ئامێری ته‌نبوور ساز ده‌ده‌ن, هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندانى ئێراندا كارى كردووه‌، له‌وانه‌ محمد ڕه‌زا شه‌جه‌ریان، ئیره‌ج، شه‌هرامى نازڕی ….تاد.

سه‌ید خه‌لیل به‌ سیمبولى ئامێرى ته‌نبوور ناسراوه‌ له‌نێو هه‌موو ته‌نبوور ژه‌ناندا، گه‌ر هه‌وڵ و تێكۆشان و ناساندنى نه‌بووایه‌ له‌ڕێگه‌ى سه‌ید خه‌لیله‌وه‌ ئه‌وا زیاتر له‌ ئێستا ته‌نبوور شاراوه‌تر و بزرتر بوو, ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ جگه‌ له‌ ژه‌نینی ئامێره‌كان دروستكه‌رێكى باشی ئامێره‌كانى ته‌نبوور و سێتار و تار بوو، كه‌ جگه‌ له‌مانه‌ ئامێرێكى قه‌شه‌نگى تایبه‌ت به‌ خۆیی داهێنا و ناوى نا (ته‌نتار), كه‌ به‌ دیوێكی ئامێری سێتار بوو و دیوه‌كه‌ى تریشی ئامێری ته‌نبوور. له‌ سه‌ره‌تاى بنیادنانى كارگه‌ى دروستكردنى ئامێره‌كاندا به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ عه‌بدوالڕه‌زا ڕه‌هنمادا بوو هه‌روه‌ها مۆری كارگه‌كه‌یان مۆری (شه‌یدا) بووه‌، به‌ڵام پاش ساڵانى حه‌فتاكان كارگه‌ی خۆیی بنیاد ناوه‌ و ئامێره‌كانى خۆیی بۆ مۆری (قه‌له‌نده‌ر) دروست كردووه‌.

سه‌ید خه‌لیل كه‌سێكى زۆر كارامه‌ و لێهاتوو و زیره‌ك بووه‌، كه‌ وه‌ك ده‌گێڕنه‌وه‌ خاوه‌ن به‌هره‌ى زۆر و جیاواز بووه‌ وه‌ك شێوه‌كارى، خۆشنووسی, بیناسازى و شاره‌زایه‌كى زۆرباشى هه‌بووه‌ بوارى گه‌ردونناسی و زۆری تریش, ته‌نانه‌ت نامیلكه‌یه‌كى بچووكى هه‌یه‌ ده‌رباره‌ى مانگ، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌ده‌بیات و شانامه‌كاندا مامۆستایه‌كى كه‌م وێنه‌ بووه‌ و زۆرینه‌ى شیعره‌كانى له‌به‌ر بووه‌ و له‌ قسه‌كانیدا وه‌ك نمونه‌ به‌كاری هێناون، ئاوازیشی بۆ زۆر له‌ شیعره‌كان داناوه‌ و له‌ كۆڕه‌ زیكر و عیرفانییه‌ پڕ سۆزه‌كانیدا چڕیوونى.
حه‌زى بڵاوبوونه‌وه‌ى ته‌نبوور لاى سه‌ید خه‌لیل سنوورى نه‌بووه‌، هه‌موو هه‌وڵێكى گه‌شه‌كردن و ناساندنى ئه‌م ئامێره‌ بووه‌, هه‌موو چین و توێژه‌كانى هانداوه‌ فێرى ئه‌م ئامێره‌ ببن و بیژه‌نن, دواتر سه‌ید خه‌لیل له‌ناو ئێراندا ده‌نگى خۆى و ئامێره‌كه‌ى سنووره‌كانى ئایدۆلۆژیا و جوگرافیا تێده‌په‌ڕێنێت، تا دێت دیارتر و ناسراوتر ده‌بێت به‌ تایبه‌ت له‌ شارۆچكه‌ى سه‌حنه‌ و ده‌وروبه‌رى, كاریگه‌رییه‌كى زۆرى له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش دروست كرد كه‌ یارسانى نه‌بوون، پۆل پۆل ده‌هاتن و گوێیان بۆ ده‌نگى سه‌ید و ته‌نبووره‌كه‌ى ڕاده‌دێرا, ته‌نانه‌ت به‌شێكى زۆریان سیما و ئاكاری سه‌ید خه‌لیلیان له‌ خۆیاندا دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌. ئه‌مانه‌ش هه‌موو هۆكار بوون تا نه‌یارانى سه‌ید خه‌لیل له‌م بارودۆخه‌ توڕه‌ ببن و چاویان جگه‌ ڕق و قین سه‌ركه‌وتنه‌كانى سه‌ید خه‌لیل نه‌بینێت.
له‌ كۆتایی ساڵانه‌ هه‌شتاكاندا واى لێهات ڕۆژانه‌ زیاتر و زیاتر تووشی ته‌نگ و چه‌ڵه‌مه‌ى جۆر به‌جۆر ده‌بووه‌وه‌، ناچاركرا زێدى خۆی به‌جێ بهێڵێت و له‌ تاران نیشته‌جێ بوو، پاش ماوه‌یه‌ك له‌وێش ڕێگه‌یان نه‌دا ئاسووده‌ و ئه‌رخه‌یان بێت و هه‌میشه‌ له‌ژێر چاودێریدا بوو، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌یانى دڵی خۆی ده‌كات و خه‌ڵكیش گوێی بۆ شل ده‌كه‌ن و خه‌م و په‌ژاره‌یان ده‌ڕه‌وێته‌وه‌!
هه‌تا بڕیارى دا و به‌ ناچارى و خۆنه‌ویستانه‌ به‌یه‌كجارى ڕووی كرده‌ وڵاتى سوید و له‌ شارى یه‌تۆبۆری نیشته‌جێ بوو، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ سوید له‌ كاره‌ هونه‌رییه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و كۆنسێرت و چالاكى هونه‌ری پێشكه‌ش ده‌كات و وانه‌ى فێربوونى ئامێره‌ ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان ده‌ڵێته‌وه‌, به‌ڵام ده‌ستى زوڵم و سته‌م لێنه‌گه‌ڕان سه‌ید خه‌لیل به‌ ئاسوده‌یی له‌ سوید بمێنێته‌وه‌ و له‌ به‌روارى 18\11\2001 له‌ شارى یه‌تۆبۆری له‌ ته‌مه‌نى 44 ساڵیدا له‌ لایه‌ن تیمێكى تیرۆرستى نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌نێو ماڵه‌كه‌ى خۆیدا تیرۆر ده‌كرێت, پاشان به‌ ئاگر لاشه‌كه‌ى ده‌سوتێنن تاوه‌كو هیچ شوێن په‌نجه‌یه‌ك به‌ شوێنى تاوانه‌كه‌وه‌ به‌جێ نه‌مێنێت, ئیدى دواى هه‌فته‌یه‌ك ته‌رمه‌كه‌ى له‌نێو ماڵه‌كه‌یدا ده‌دۆزرێته‌وه‌ و پاش شه‌ش ڕۆژ ته‌رمه‌كه‌ى ده‌گاته‌وه‌ شارى سه‌حنه‌، به‌ ئاماده‌بوونى هه‌زاران كه‌س و ڕژانى خه‌ڵك بۆ سه‌ر شه‌قامه‌كان و به‌ ده‌نگى پڕ سۆزى ته‌نبووره‌كه‌ى له‌ ته‌نیشت براكه‌ى به‌ خاك ده‌سپێردرێت.
تا ئێستاش ساڵانه‌ په‌یڕه‌وانى یارسان له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ له‌ به‌روارى 18\11ى هه‌موو ساڵێك ڕوو له‌ مه‌زارى سه‌ید خه‌لیل ده‌كه‌ن، به‌ چه‌ندین لاوانه‌وه‌ و دووباره‌ ژه‌نینه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كانى خۆی له‌لایه‌ن گروپه‌ جیاوازه‌كانى ته‌نبوور له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان یادی ده‌كه‌نه‌وه‌.
سه‌ید خه‌لیل له‌ پاش مه‌رگى چه‌ند به‌رهه‌مێكى نووسراوى لێ به‌جێ ماوه‌:
1ـ ته‌نبوور له‌ كۆنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ: بریتییه‌ له‌ نامه‌ى ته‌واوكردنى به‌كالۆریۆسی كۆلێژی مۆسیقای زانكۆی تاران.
2 ـ نامیلكه‌ى یاری: كه‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌كه‌ له‌ نووسراوه‌كانى سه‌رئه‌نجام.
3 ـ وه‌رگێڕان و ته‌فسیری دیوانى شێخ ئه‌میر و ته‌یمور بانیاران و حه‌زره‌تى خان ئه‌ڵماس.
جگه‌ له‌مانه‌ خاوه‌نى كۆمه‌ڵێكى زۆر و بێشومار به‌رهه‌مى تۆماركراوه‌، كه‌ زۆربه‌ى له‌ ماڵان و جه‌مخانه‌كان و كۆڕی زیكری یارسانه‌كاندا تۆمار كراون, كه‌ پێكهاتوون له‌ مه‌قامه‌كان و سروده‌كانى یارسان و هه‌روه‌ها شرۆڤه‌كردنى ڕێوره‌سمه‌ ئاینییه‌كانى یارسان و قسه‌وباس ده‌رباره‌ى زۆر شتی دیكه‌، له‌گه‌ڵ تۆماركردنى چه‌ند ئه‌لبومێك له‌گه‌ڵ گروپه‌كه‌ى كه‌ بریتین له‌:
ـ ئاین مه‌ستان
ـ سه‌ناى علی
ـ شوكرانه‌
ـ زه‌مزه‌مه‌ى قه‌له‌نده‌رى
كه‌ هه‌موو ئه‌م كارانه‌ به‌ شێوه‌ى ئه‌لبووم تۆمار كراون و هه‌ر یه‌كێكیان له‌ چه‌ند تراكێك پێكهاتوون و به‌رهه‌مى ده‌نگى و كۆژه‌نى و تاك ژه‌نییان له‌خۆ گرتووه‌.

 

بەشی بکە لە:
موزیکناس

دیجیتاڵ میدیایەکی موزیکی سەربەخۆیە. بەرهەمەکانی بەشێوەی نووسراو، بینراو و بیستراو لە پێناو گەشەپێدانی ڕۆشنبیری موزیکی پەخش دەکات.